خوا شوکرانەت قەد تەواو نابێ

لە کتێبی:
دیوانی شێخ محەممەدی حیلمی
بەرهەمی:
شێخ محەممەدی حیلمی (1909-1985)
 1 خولەک  516 بینین
خوا شوکرانەت قەد تەواو نابێ
لوتف و کەرەمت هەر ئەبێ وا بێ
ئاواتە خواز بووم بە ڕۆژ و بە شەو
لێم هەڵگیرابوو خۆراک و هەم خەو
بەڵکو بیبەخشێ ڕۆڵەیە بە من
دۆست پێی دڵشاد بێ و شەوق بەرێ دوژمن
کە چی لە ناکا بەرقێکی ڕۆشن
شەوقی دایەوە بۆ ژیانی من
ڕۆشنایی خستە دڵ و دەروونم
ڕەحمی کرد بە حاڵ دڵەی زەبوونم
لە ناکا کوڕی خنجیلە و جوان
پێی بەخشی پێمان خوای لامەکان
دوعام ئەمەیە هەر بەرخوردار بێ
لە نیشتمانا داری بەر دار بێ
بحەسێنەوە هەموو لە بەری
بۆ کەسوکاری بێ بە سێبەری
نۆسەد و شەست ونۆ هاتە دنیاوە
هەر بەرخوردار بێ هوشمەندی ناوە