شیعری باش کامەیە؟

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  1467 بینین

سەلام لە گوێگری بەهەستی بەرنامەی تاپۆ. زۆر جار ئەم پرسیارەمان لێ کراوە کە شیعری باش بە کامە شیعر ئەڵێن. هەڵبەت ئێمە وەڵامی ئەم پرسیارەمان زۆر جار داوەتەوە و بەچەشنێکی گشتی ڕوونمان کردۆتەوە کە هونەری باش بە چ هونەرێک ئەکوترێ. ئەوەی وا ئێمە لەم بارەوە دەرمانبڕیوە بڕوای خۆمان بووە؛ بەڵام کۆتاییشمان نەکردووە لە بڵاوکردنەوە و نووسینی بڕوای جۆربەجۆر سەبارەت بەهونەر. هەندێک هەن کە ئەڵێن شیعر و وێژە کە بەشێکە لە هونەر، کەڵکی نییە و قازانجێک بەکۆمەڵ ناگەیەنێ و تەنانەت بەرگری لە پێشکەوتنیشی ئەکا. ئێمە لە بەرنامە پێشەکانا کوتوومانە کە ئەم بڕوایە چۆن پەیدا بووە. تەنانەت تاقمێکی زۆریش لە زانایان هەن کە دژی شیعر و وێژەن، بەڵام ئەگونجێ هەموو ئەم دژایەتییانە لەمەوە پەیدا بووبن کە زۆر بەوردی سەیری پێشینە و ئەرکی هونەر نەکراوە. میسداق و مەفهوومی هونەر زۆر جار یەکتر ناگرنەوە. واتە سەرنج نەدراوەتە ئەم مەبەستە کە هونەر خوڵقاوی ویست و نیازی کۆمەڵی سەرەتایی ئادەمیزاد بووە و گەورەترین یارمەتی داوە بەبەرەی ئادەمیزاد و هەروەهاش کاتێ هەڵبەست و نووسراوێکی بێ کەڵک کە بەداخەوە لە وێژەدا نموونەیان زۆرە و ڕەنگە زۆربەش بن، بەرچاو کەوتووە بەم ئاکامە گەیشتوون کە شیعر و وێژە بێ کەڵکە. بەلێکدانەوەیەکی تر هەر کات میسداقی شیعر خراپ بووە، حوکم بەخراپ بوون و بێ کەڵکی مەفهوومی شیعر دراوە. کوتمان کە بەداخەوە شیعری بێ کەڵک زۆربەی شیعرە. ئەمەش هۆی تایبەتی هەیە. چونکە چینی هەڵبژاردە، واتە ئیلیت elite (هەڵبەت هەڵبژاردە لە باری زیادەبەشی ئابووری و دەسەڵاتەوە) سوودیان لەمەدا نەبووە کە شیعر ئەرکی کۆمەڵایەتی لەسەر شان بێ و بۆ ئەوان باشتر بوو کە شیعر لەجیاتی هاندان و بزواندن، سستی و وەستان بگەیەنێ. تاقمێکی تریش هەبوون کە لایان وابووە شیعر زیل و بەمە و ئاهەنگ و وشەی جوان جگە لە لاواندنەوەی پەردەی دڵ و گوێ بەکاری شتی تر نایە. ئەمانە چ سوورێئالیست بن، چ لایەنگری ڕۆمانی نوێ، چ دادائیست و چ تاقمی «هونەر بۆ هونەر»، هەموویان ئەکرێ لە ژێر ئەم ناوەدا کۆ بکەینەوە؛ لایەنگرانی قالب و دیوی دەرەوە. ئێمە لەگەڵ ئەوەشا ئەزانین ئاهەنگ و وشەی جوان و ڕازاندنەوەی ڕواڵەتی وتار، بەشێکی گرنگ و هێژایە لە شیعرا؛ بەڵام وەسیلەیە نەک ئامانج. مەبەستی ئەسڵی لە شیعرا ناوەڕۆک و کاکڵە نە ڕواڵەت و توێکڵ. شیعری فەننی و مامۆستایانە ئەمەیە کە ناوەڕۆکێکی بەکەڵکی هەبێ لە ناو قالبێکی جوان و ڕازاوەدا و ئاهەنگی تایبەتی خۆیشی دۆزیبێتەوە. ئاهەنگی تایبەت شتێکی شیاوی لێ وردبوونەوەیە، چونکە هەر شیعرێک بەپێی موحتەوا و واتەی خۆی ئاهەنگێکی تایبەت ئەخوازێ و بۆ ئاهەنگی تایبەتیش وشەی تایبەتی گەرەکە. بۆ نموونە شیعرێکی نەتەوایەتی و هاندەر کە ئەیەوێ دەماری گەل پەرستی بەهێز کا، ئەبێ ئاهەنگێکی حەماسی هەبێ و وشەی تایبەتی بۆ هەڵبژێری. وەک ئەم نیوە شیعرە کە ئەڵێ: «پێ و چەک زرمەیانە و خرمە.» ئاهەنگی ئەم نیوە شیعرە نەرمونیان و ئەویندارانە نییە و زۆرتر لە ماڕشێکی سپایی ئەچێ و وشەکانیش لاوێنەرەوە و نەرم نین. بەڵکو ڕاپەڕێنەر و هاندەرن. باسەکە باسی پێیە و چەک کە زرمە و خرمەیان دێ. هەروەهاش ناوەڕۆک و مەفهوومی غەڕامی و ئەویندارانە یا واتەیەک کە لە بارەی تەبیعەت و جوانییەوە ئەدوێ پێتەویستی بۆ ئاهەنگێکی لاوێنەرەوە و نەرمونیان هەیە و وشەکانیشی ئەبێ لەگەڵ ئاهەنگەکەدا یەک بگرێتەوە. وەک ئەم شیعرە:

:بەڵێ وای ئەتۆ،

:وەک زرێباری بن خێوەتی مانگەشەو

:بە مەندی شکۆدار و گەورە و گرانی

:بەڵام پێکەنە، تۆ پەریزادی گوڵخەندەرانی.

 

لەم شیعرەدا وشەی زرێبار و خێوەتی مانگەشەو و پەریزادی گوڵخەندەران هاتوون کە هەموو وشەی نەرم و ئەوین بزوێنن. بەڵام کاکڵ لە شیعرا - کە بەلای ئێمەوە مەبەستی ئەسڵییە - ئەتوانێ دوو جۆر بێ: یەکەم کاکڵێکی ئەوتۆ کە کەڵکی کۆمەڵایەتی لێ وەرناگیرێ. واتە باسێک لە شیعرا دێتە گۆڕ کە یا زیانی زۆربەی کۆمەڵی تێدایە یا مەبەستێکی شەخسی و تاکی تێدا هاتووە کە ناتەنێتەوە بۆ مەبەستێکی گشتی. وەک باسی ئەوینێکی ئەشڕافی و هەڵدانی شەوێکی خۆش ڕابواردن، بێ ئەوە ئاوڕێک بۆ خەڵکی ئاسایی درابێتەوە. دووهەم کاکڵێک کە کەڵکی کۆمەڵایەتی تێدا هەیە. ئەم مەفهوومە شیعرییانە دوو چەشنن، یا چەشنێکن کە قالب و وشەیەکی ساکار و نزیک لە دووانی ڕۆژانەی خەڵکیان هەیە، یا قالب و دیوی دەرەوەیان کەمێک ڕەق و دژوارە و وشە و تەعبیری ڕازاوە و فەننی و دوور لە وتووێژی خەڵکیان تێدا بەکار براوە. سەبارەت بەم دوو چەشنە، دوو بڕوای جیاواز هەیە: یەکەمیان ئەڵێ شیعر پێش هەموو شت و پێش ئەوە کە وتارێکی وێژەوانانە و جوان بێ، پێویستە کەرەسەیەک بێ بۆ بزواندن و تێگەیاندن. جا ئەگەر قاڵبی وتارەکە ئەوەندە ڕەق بێ و وشەی ئەوەندە تەریک و تەعبیر و لێکدانەوەی پڕ پێچ و قەمچی تێدا هاتبێ کە زۆربەی کۆمەڵ نەتوانێ کەڵکی لێ وەرگرێ، جیاوازی چییە لەگەڵ شیعرێکا کە ناوەڕۆکێکی دژی کۆمەڵی هەیە. هەندێکی تریش ئەڵێن شیعر ئەگەر ئەوەندە ساکار بێ کە تا ڕادەی وتاری ئاسایی نێوان خەڵکی گەڕەک و کۆڵان نزم بێتەوە، نابێتە شیعر؛ چونکە شیعر ئەبێ ڕەنگی عاتیفەی لێ بدرێ و لەگەڵ زانستا جیاوازی هەبێ. بۆ نموونە باسی پیاوێکی برسی، یا مناڵێکی بێ دایک، یا دیمەنی ڕێگاوبانێکی کاتی پاییز نابێ لە شیعرا وەها بکرێ کە لە زانستا ئەکرێ.

لێکدانەوەی خەڵکی ئاسایی و دووانی ڕۆژانەیان چەشنێکی ساکارە لە زانست و شیعر. شاعیر ئەم چەشنە ساکارە زانستییە لە کارگای عاتیفەی شاعیرانەیدا بەڕەنگ و ڕواڵەتێکی تارا بەسەرا کشاو ئەڕازێنێتەوە و ناچار کەم و زۆر لە وزەی دەسکورتی خەڵک دوور ئەکەوێتەوە. ئەو تاقمە ئەڵێن شاعیر نابێ ناچار بکرێ کە وەک خەڵک ببینێ و لە ڕوانگەی خەڵکەوە بڕوانێتە سەر مەبەست. شاعیر ناچارییەکەی هەر ئەبێ لەمەدا بێ کە بەسوودی ئەو خەڵکە بیر بکاتەوە و مەبەستەکانی وەها نەبن کە زیانی گەلیان تێدا بێ. لایەنگرانی ئەم بڕوایە کە ئەڵێن شیعر ئەگەر ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی هەبوو، با دیوی دەرەوە و فۆڕمی شیعرەکەش دوور بێ لە دووانی ڕۆژانەی خەڵک، هەر هونەرە و هونەرێکی کۆلێکتیڤیشە. ئەڵێن شاعیر هونەرێکی عاتیفی ئەخوڵقێنێ و عاتیفە، یانی ڕووبەڕووبوونی موحەڕیکاتی خاریجی و لێکدانەوەی دەروونی، یانی ئاوێتەبوونی زانست کە شتێکی نەگۆڕاوە و بەلای هەموو کەسەوە هەر یەک چەشنە لەگەڵ ڕیئەکسیۆن و عەکسولعەمەلی عاتیفی کە لە هەر نیهاد و دەروونێکا جیاوازی هەیە لەگەڵ نیهاد و دەروونێکی تر؛ لەبەرئەمەیە کە لە هەرکەس بپرسێ دوو دوو ئەکا چەند ئەڵێ ئەکا چوار. بەڵام بڕوای دوو کەس سەبارەت بەجوانی، کە باسێکە لە هەرێمی هونەرا وەک یەک نییە. یەکێک چاوێکی گەش و ڕەشی پێ جوانە، ئەوی تر چاوێکی نیوەخەوی شینی خۆش ئەوێ.

تا بەرنامەیەکی تر بەخواتان ئەسپێرین. شەوتان باش.