ئەسکەندەر شاخی هەیە

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  1021 بینین

پیاوێکی نزیک بە سی ساڵەی نە کورت و نە درێژ بوو. سمێڵێکی خورمایی و دەم و لێوێکی جوانی بوو. ڕانک و چۆغەیەکی کۆن بەڵام خاوێن، ئەندامی ڕێکی دائەپۆشی. سێ چوار گەز پشتێنی پەشمینەی گوڵ ورد نێوقەدی باریکی ئەبردە ڕێکی کەلەکەی. جامانەیەکی ڕەش و سپی لە سەر ئەبەست و لکێکی بەرئەداوە سەر کەوای مرادخانی. هەتا دیبووم هەر بەم بەرگانەوە دیبووم، بەڵام هەمیشە لام وابوو هەر ئێستە گۆڕیویەتی. خەڵک ئەیانکوت نەدوێنە، بەڵام ئەو ڕۆژە کە من چاوم پێی کەوت زۆر گەرموگوڕ چاک و خۆشی لەگەڵ کردم. زۆر ئادەمیزادی وا هەیە کە بەڕواڵەت خۆ بەزل زان و خۆ لە لا زۆر دێتە بەرچاو، بەڵام کاتێ لەگەڵ دووای پەشیمان ئەبیتەوە کە بۆچ لە هەوەڵەوە وات گومان بردووە. ناوی، کەم کەس ئەیزانی. ڕاستییەکەی ئەمەیە کە خەڵکی ئاوایییەکە لەو پەردەی ڕازە کە ئەو بەسەر خۆیا کێشا بوو، ئەترسان. هەموو کەس باسی ئەکرد، بەڵام هەمیشە وەک باسی شتێکی نهێنی بکەن، بەچپە ئەدوان. هەموو شتێکی شاراوەی نەناسراوە، لەگەڵ ئەوەشا کە پیاو ئەکێشێ و کەڵکەڵەی هان ئەدا ئەشیترسێنێ. چەشنی شەوێک کە لە بەرچاوی مناڵ پڕە لە جنۆکە و خێو.

ئەو ڕۆژە کە من قسەم لەگەڵیا کرد لە پەنا سێبەری مزگەوتا دانیشتبوو. بەربەیانێکی کەمێک ساردی پاییز بوو. بارانی دوێشەو گەڵای زەردی ڕیزە چنارەکەی نزیک مزگەوتی وەراندبوو. بایەکی نەرمی ئاماڵ سارد، گەڵای زەردی خەزەڵوەری ئەلەراندەوە، بەڵام نەیئەتوانی لە زەوی بەرزیان کاتەوە، چونکە بارانی دوێشەو تەڕی کردبوون و مڵاسی زەوی ببوون. گەڵاکان خشە و خشپەیان نەدەهات، بەڵام بەفووی ساردی دەمی با نیوە نووزەیەکی بەعاستەمیان لێ هەڵدەستا. وەک ئەوە ئەچوو تۆ لە دەری دێوە لە سێباری شەوا، گوێت لە دەنگی بەئاسپایی ئاوایی خەواڵوو گرتبێ و ناڵەی نێوان دار و پچڕ پچڕی کچێکی تازە ساڵت بێتە گوێ کە خەونێکی ناخۆش ئازاری ئەدا.

سڵاوم کرد و بێ ئەوە چاوەڕوانی وەڵامی بم لەسەر تاتەبەردی پەنایا دانیشتم و کوتم: «کوتوپڕ ساردی کرد.» سەری هەڵێنا و گەشەیەک کەوتە سەر چاوی. گەشەیەکی تیژ تێپەڕ و بێ باوەڕ، وەک ئەستێرەیەک کە راخوشێ و بکوژێتەوە. وا دیار بوو هەستی کردووە لەم ئاوایییەدا زۆر خۆشەویست نییە و بەلایەوە سەیر بوو کە من وا بێ ترس لە پەنایا دانیشتووم. کوتی: «هەمیشە هەروا بووە، هێرشی کوتوپڕ! بێ ئەوە ئاگامان لە دەرد و مەرگی خۆمان هەبێ، تاوێری زەمان بەسەرمانا دێ و ئەمانهاڕێ.» سەیرم کرد دەسرەدەستەکەی لە ناو دەستی بەهێزیا وەها ئەکوشێ لەوانەیە دەسرەکە بدڕێ. ئەتکوت ئەیەوێ هەموو ڕقی خۆی بکا بەهێز و بیدا بەپەنجەی دەستی و بیڕێژێتە ناو دەسرەکەیەوە. نیگای وەک بازی برسی هەڵفڕی بۆ دوورەدەستێکی گوم و نادیار. ڕەنگێکی خۆڵەمێشی گلێنەی چاوی داگرت. ئەتگوت ساڵهایە ئەو گلێنانە بوون بەدوو شووشەی گردی بێ بزووتنەوە. لەبەر خۆیەوە گوتی: «دە ساڵ!» دە ساڵ خەم کووڕی کردبوو. دەستی بەپشتیەوە گرت و کەمێک خۆی ڕاست کردەوە. - «دەردێکی گەورەیە، بەڵام دەرکی ئادەمیزاد شێوەی کەوڵێکی بچووکی هەیە و هەزار دەریا خەم ئەبا.» کوتم: «باسی خەم ئەکەی. لات وا نییە ئەگەر بیدرکێنی خەمەکەت لەسەر سووک بێ؟» کوتی: «نەزیلەی ئەسکەندەر و شاخێتی.» کوتم: «نەمبیستووە» کوتی: «ئەڵێن ئەسکەندەر شاخی هەبوو. هەر سەرتاشێک سەری ئەتاشی بەم ڕازەی ئەزانی؛ بەڵام هەموویان بەدەستووری ئەسکەندەر ئەکوژران. تا یەکێک لەو سەرتاشانە کە خزمی سەربڕی ئەسکەندەر بوو بەڕەڵا کرا. سەرتاش بەنهێنی ئەژیا و نەشیئەتوانی ڕازی ئەسکەندەر بدرکێنێ، تا تووشی نەخۆشی هات. حەکیمان پێیان کوت، تۆ ڕازێکت هەیە و لە دڵتا بۆتە گرێ. ئەگەر ڕازەکە دەرخەی ڕزگار ئەبی. سەرتاش ناچار چووە قامیشەڵانێکەوە و لەوێ چەند جار لە ژێر لێوەوە کوتی: «ئەسکەندەر شاخی هەیە.» «با» ئەم دەنگەی کرد بەگەرووی زەل و قامیشەکانا. هەر کات «با» ئەهات یا هەر کات زەلێکی ئەو قامیشەڵانە ئەکرا بەبلوێر و بلوێرژەن فووی پیا ئەکرد، ئەم دەنگە لە گەرووی قامیشەکان هەڵدەستا: «ئەسکەندەر شاخی هەیە.»

بێ دەنگ بوو. دیسان چاوی بڕییەوە کەلی ئەوپەڕی ئاوایییەکە. ڕۆژ تەواو گەرمی کردبوو. هەڵمی زەوی تەڕ وەک دووکەڵی نێرگەلەی پیرە پیاوێکی دێهاتی بەرەو هەوا هەڵئەچوو. کوتم: «کابرای سەرتاش چی بەسەرهات؟ پاش درکاندنی ڕازەکە نەخۆشییەکەی لە کۆڵ بۆوە؟» کوتی: «ئەزانم ئەڵێی چی. ئەسکەندەر شاخی هەبێ یا نەیبێ گرنگ نییە، گرنگ ئەمەیە گوێی نەبێ.» سەرم سوڕما بوو. نەمئەزانی ئەڵێ چی و لەپڕ هەستم کرد منیش وەک هەموو خەڵکی ئاوایییەکە لێی ئەترسم. ئەم کابرا گەنجە بەم ئەندامە ڕێک و جوانەوە، چی وەها لە لەش و گیانیا هەبوو کە بۆ لێ ترسان بشێ؟

دیسانەوە دەنگی خەمبار و پیاوانەی کە زۆر لە تەمەنی پیرتر دیاری ئەدا هاتەوە بەر گوێم: «بەڵێ ئەکرێ ئەسکەندەر شاخی هەبێ، بەڵام ئەگەر گوێی لە حاند ناڵەی دەردەداران کەڕ و نەبیست بێ...»

قسەکەی تەواو نەکرد، دەستی بەئەژنۆیەوە گرت و هەستا. چاوی لە چاوم بڕی، وەک ئەمە بیەوێ سپاسم بکا کە بۆ ماوەیەک لە تەنیایی دەرمهێناوە؛ بەڵام بەزار هیچی نەکوت. سەری بەرداوە و ڕێگای گرتە بەر. لە پشتەوە لە پیاوێکی زورهانی لە کار کەوتوو ئەچوو. ئەتکوت سەری بەزۆر بۆ ڕائەگیرێ کە شۆڕ نەبێتەوە سەر سینەی. بێ ئەوە بزانم مەبەست چ بوو لەبەر خۆمەوە کوتم: «دە ساڵ! دە ساڵ خەم و دەرد! ماڵی ئادەمیزاد شێوەی کەوڵێکی بچووکی هەیە و دەریایەک خەم ئەبا.»

تا حەوتەی داهاتوو خواتان لەگەڵ