ئەرکی سەرشانی شاعیران و نووسەران
سەلام لە گوێگری بە هەست و هونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ. ئەم باسە کە وێژە شتێکی ڕاسپێری دارە و ئەبێ لە خزمەتی کۆمەڵا بێ، یان تەنیا هونەری ڕووتە و کاری بەسەر کۆمەڵەوە نییە، زۆری قسە لەسەر کراوە. هەندێک ئەڵێن ئەگەر هونەر و وێژە کە ئەویش بەشێکە لە هونەر، کاریان بەسەر کۆمەڵەوە نەبێ، بوونیان بێ سوودە. بەتایبەت لەم ڕادەیەش تێئەپەڕن و ئەڵێن هیچ ڕووداوێک، هیچ جووڵانەوە و هیچ قسەیەک، تەنانەت ئەگەر لە نێو دوو کەسیشا بێتە گۆڕێ کار ئەکاتە سەر کۆمەڵ، بەڵام تەئسیری ئەو وتووێژە دوو کەسییە ئەوەندە کەمە کە بەرچاو ناکەوێ، بەڵام لە لێکدانەوەی دواییدا و پاش سەرنجێکی ورد و قووڵ دەرئەکەوێ کە هیچ ڕووداوێک نییە کاری کەم یا زۆر بەکۆمەڵەوە نەدابێ. ئادەمیزاد هەرچی ئەیکا و هەرچی ئەیڵێ ڕاگەیەنی مەبەستێکە؛ هیچ مەبەستێکیش نییە کۆمەڵایەتی نەبێ. لەگەڵ یەک دووانی ژن و شوویەک و قسەیەک کە لە نێوان دوو ڕێبواری نەناسراودا ئەکوترێ، پەیوەندی کۆمەڵایەتییان هەیە و ناکرێ وەها نەبن. ژن و شوو یا باسی دڵداری ئەکەن یا سەبارەت بەمناڵەکانیان ئەدوێن یا لە بارەی هاوسێ و کار و کڕینی شتومەکی پێویستی ژیانیانەوە باس ئەکەن. دوو ڕێبوار کاتێ گەیشتنە یەک سڵاو ئەکەن، پرسیار لەیەک ئەکەن، ئەگەر ڕێگایان بەیەکەوە بێ ئەبن بەهاوڕێ، سڵاوکردن کارێکی کۆمەڵایەتییە. پرسیار کردن بۆ ڕوونبوونەوەی مەبەستێکی کۆمەڵایەتییە و هاوڕێیەتیش هەروەها کۆمەڵایەتییە. بەشەر کاتێ لە ناو کۆمەڵا بێ هیچ کارێکی، تەنانەت کارە تاکییەکانیشی ناتوانێ لە کۆمەڵا بێ تەئسیر بێ، بەڵام ئەو تەئسیرە گاهێ دژی کۆمەڵە و ئەبێتە هۆی وەدواخستن و ڕاوەستاندنی کۆمەڵ، گاهێکیش تەئسیرەکە تەئسیری باشە و کۆمەڵ بەرەو پێش ئەبزوێنێ.
لە مانگی ئووتی ساڵی ١٩٦٣ی میلادییا، لەگەڵ بەسترانی پەیمانی جیهانی وەستاندنی تاقیکردنەوەی ئەتۆم کە لە مۆسکۆ پێکهات، کۆڕێک لە نووسەرانی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتی لە شاری لینینگراد بەسترا و وتاری ئەو نووسەرانە سەبارەت بەوێژەی ئەمڕۆی جیهان، لە هەموو شوێنێکا دەنگی داوە. لەم کۆڕەدا دوو بڕوا پێشان درا کە لە ڕاستییا هەر کام ناوەڕۆکی یەکێ لە شێوە وێژەیییە گەورەکانی ئەمڕۆن: «ریئالیستی سووسیالیستی» کە ئەڵێ نووسەر لە بەرامبەر کۆمەڵا مەسئوولییەت و ڕاسپێری هەیە و «ڕۆمانی نوێ» کە لای وایە نووسەر تەنیا لە بەرامبەر هونەرەکەیدا ڕاسپێری دارە. «ئالێن روب گرییە» نووسەر و هەڵسەنگێنەر و فیلمسازی بەناوبانگی فەرانسەیی لایەنگری ڕۆمانی نوێ لەو کۆڕەدا وتارێکی دا کە لە لایەن ئەبولحەسەن نەجەفی وەرگێڕی ئێرانییەوە کراوە بەفارسی و ئێمە ئەیکەین بەکوردی.
ئالێن روب گرییە لەو کۆڕەدا وتی:
― «ئێمە لێرە زۆر قسەی باشمان بیست بەڵام ناتوانم ئەوەم پێ سەیر نەبێ کە لە لایەن زیاتری ئەو وتاردەرانەوە کە خەڵکی شووڕەوی بوون ڕەخنەی زۆر توند و تیژ لەو کۆشش و کەند و کۆیانە گیرا کە وێژەی نوێ ئەیکا و ڕەخنەکان زۆر لەو ڕەخنانە ئەچوون کە لە کۆمەڵی بوورژوازی ڕۆژهەڵاتا لە ئێمەی ئەگرن. لێرەش هەروەک ئەوێ، بێ کەڵکی و تێکوڵ پەسندی و فۆڕمالیسمی کارەکانمان لەسەر ئەکەن بەئیراد و بەوێژەکەمان ئەڵێن دواکەوتوو و دژی مرۆڤ. پرسیارێک کە لێمان ئەکرێ ئەمەیە: «بۆ چی ئەنووسن، کارەکەتان کەڵکی چییە و خۆتان بە چ کارێکی ئەم کۆمەڵە دێن؟» بێ گومان ئەم پرسیارە پووچ و بێ مانایە. نووسەر و هەروەها هونەرمەندی تریش ناتوانێ تێبگا، کارەکەی کەڵکی چییە و بەکاری چی دێ. وێژە بۆ ئەو ئەسبابی پاراستنی بیروبڕوایەک نییە. ئەڵێن ئێوە لاتان داوە لەو وەسیلە باشە کە ناوی ڕۆمانی سەدەی ١٩ بووە لە کاتێکا ئەو وەسیلە باشە ئێستەش ئەتوانێ دەردی جیهانی ئەمڕۆ چارە کا و خەڵک لە دەردەکانیان بگەیەنێ، هەڵبەت ئەگەر دەردێک پێویست بێ چارە بکرێ و ئەگەر پێویستیش نەبوو لانی کەم دەرمانی کەموکووڕ، بەڵام باشتر بدۆزێتەوە. هەمیشە پێمان ئەڵێن نووسەر ڕاسپێری دارە و ناچارمان ئەکەن بڵێین گاڵتەمان پێ ئەکەن و بڵێین کە ڕۆمان وەسیلە نییە و ڕەنگە بۆ کۆمەڵ هیچ کەڵکێکی نەبێ.
نووسەر بێ گومان خاوەن ڕاسپێرییە، بەڵام وەک ڕاسپێری خەڵکی تر، نە کەمتر و نە زۆرتر. واتە ئەو یەکێکە لەو گەلە. لە وڵاتێکا، لە سەردەمێکا، لە ڕێکخراوێکی ئابوورییا و لە ناو داب و دەستوورێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی و ئایینی و ڕێگا و شوێنی ترا ئەژی. هەر ئەوەندەی کە ئازادە، ڕاسپێریشی لەسەرە. یەکێک لەو شتانە کە ئازادی ئەو بەربەست ئەکا، زۆرێکە کە کۆمەڵ بۆی ئەهێنێ بۆ ئەوە پێی بسەلمێنێ کە نووسەر ئەبێ بۆ کۆمەڵ بنووسێ، یا دژی کۆمەڵ بنووسێ، کە هەردووکیان ڕاسپێرین. ئەم مەبەستە شتێکی زۆر سەرنج ڕاکێشە کە لە سەردەمی ئێمەدا ناویان ناوە «بێگانەبوون لە خۆ فقiهخفزiعش ڕووناکتر بڵێم نووسەریش وەک هەموو ئەندامانی تری کۆمەڵ بەچارەڕەشی خەڵک خەمبارە، بەڵام پێچەوانەی ڕاستی و دروستییە ئەگەر لامان وابێ کە نووسەر بۆیە ئەنووسێ دەرمانی دەردێک بدۆزێتەوە. ئەو چیڕۆکنووسەی ئاڵمانی ڕۆژهەڵاتی کە لەم کۆڕەدا ڕایگەیاند کە داستان ئەنووسێ تا بتوانێ لەگەڵ فاشیسم شەڕ بکا، من ئەهێنێتە پێکەنین و زەحمەتە بڕوا بکەم ئەتوانێ؛ بەڵام بەختیاریم ئەمەیە کە هەموو ئەزانین کە ئەویش نازانێ بۆ چی ئەنووسێ و بیانوویەک کە بۆ پاکانەی خۆی ئەیهێنێتەوە بێ بایەخە.»
پاشماوەی ئەم وتارە کە «ئالێن روب گرییە» نووسەر و هەڵسەنگێنەری وێژە و لایەنگری وێژەی نوێ لە ساڵی ١٩٦٣دا لە لینینگراد بڵاوی کردەوە، ئەهێڵینەوە بۆ بەرنامەیەکی تر و لە دوایی بەرنامەکەماندا کەمێک سەبارەت بەبڕوای لایەنگرانی «ڕۆمانی نوێ» ئەدوێین.
ڕۆمانی نوێ خەریکی دەرمانی دەرد و ڕاستکردنەوەی چەوتی کۆمەڵ نییە و ئەگەر نووسەری ڕۆمانی نوێ ددان بەوەدا بنێ ئەرکێکی لەسەر شانە، ئەو ئەرکە تەنیا سەبارەت بەهونەرەکەیەتی، هەروەک «ئالێن روب گرییە» ئەڵێ نووسەریش وەک ئەندامانی تری کۆمەڵ بەدەرد و خەمی خەڵک پەرۆش و پەشێو ئەبێ، بەڵام ئەرکی سەرشانی ئەو لە خەڵکی ئاسایی زیاتر نییە و بۆ ئەوەش نانووسێ کە بەهۆی نووسینەکەیەوە دەردێک دەوا بکا و یا ڕێگای چارەیەک بۆ دەرد و کەسەری کۆمەڵ بدۆزێتەوە. لەم وتەیە دەرئەکەوێ کە بەلای ئەو تاقمەوە نووسەر لەبەرئەمە کە پێنووسی بەدەستەوەیە و خاوەنی هونەرێکە، ڕاسپێرییەکی زۆرتری لە ئەندامانی ئاسایی بەئەستۆوە نییە، واتە هونەرەکەی شتێکی تاکییە و دەورێکی لە ژیانی کۆمەڵا نییە. وەک «گرییە» ئەڵێ: وێژە بۆ نووسەر وەسیلەی پاراستنی بیروبڕوایەکی سیاسی و گشتی نییە.
ئێمە لە بەرنامەکانی پێشووا بڕوای ئەو کەسانەشمان بڵاو کردۆتەوە کە دژی بڕوای «گرییە»ی فەڕانسەیین و ئەڵێن هونەرمەند ئەبێ هونەر چەشنی چەکێک بۆ پاراستنی کۆمەڵ کەڵکی لێ وەربگرێ و ئەم مەبەستە شیاوی شاردنەوە نییە کە هونەرمەند قسەی لە ناو کۆمەڵا ڕەوایە و لەبەرئەمە باشتر ئەتوانێ لە پێناوی بەختەوەری گشتییا خەبات بکا. لە بەرنامەی داهاتوودا لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین.