بیرەوەری

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  1060 بینین

پاش چەند ساڵ ئەوم لە ئیستگەی قەتار چاو پێکەوتەوە. جانتایەکی بەدەستەوە بوو، ئەچوو بۆ شوێنی پلیت کڕین. هەیکەلی وردیلانەی و ڕوومەتی لاوازی سەرنجی ڕائەکێشا؛ ئیتر مووی تەواو ماش و برینجی ببوو لە دوو لای ناوچاوانییەوە مووی سەری هەڵوەریبوو. دەوروپشتی چاوی، گنجی ورد و باریک چەشنی نێزە هێرشیان بۆ چاوی بردبوو، کە ئەتکوت شوێنی کێڵگەیە. کاتێ پێئەکەنی گنجەکانی دەوری چاوی قووڵتر ئەبوو و پیرتر ئەهاتە بەرچاو. وەک ماسییەک کە بکەوێتە سەر زیخی بەستێن، بێ ئارام بوو. لە مەیدانی ئیستگە بەپەلە هاتوچۆی ئەکرد و لەگەڵ کابرایەکا قسەی ئەکرد. ئەم بزۆزی و نەسرەوتوویییە بۆ من نەناسراو نەبوو. هاتەوە بیرم کە هەمیشە زوو دانووی لەگەڵ خەڵکا ئەکوڵا. هەر کەس قسەی لەگەڵ بکردایە، پاش چەند جار بۆ لای ئەکێشرا. لەگەڵ هەر کەسێکا ئەبوو بەئاشنا، پێش ئەوە باش بیناسێ، دەستی ئەکرد بەدەردی دڵ. ئەیکوت: «خەریکم هاوڕێیەک بدۆزمەوە و لەگەڵیا هەڵێم.» ئەگەر کەسێک لێی بپرسییایە بۆ کوێ؟ خێرا تووڕە ئەبوو. ئەو ڕۆژە کە چاوم پێی کەوت لە خەیاڵا گەڕامەوە بۆ ڕابردوو. لە گەڕەکێکا ئەژیاین. ماڵیان نزیکی ماڵمان بوو. پاش نیوەڕۆیانە ئەمدی بەباوەشێ کتێبەوە لە ماڵ ئەچووە دەر؛ جار جارەش بەبەرگی حەسانەوەوە لە بەردەرگای ماڵەکەیان ئەوێستا و سەیری هەراوهۆریای کووچەی ئەکرد. ئەو، لە بیرمە ئەو ڕۆژانەی زیندوو ئەکردەوە کە پڕ بوون لە شادی و بزووتن. ئەو ڕۆژانە کە لە ژێر دیرەکی چرای بەرقا کۆ ئەبووینەوە و لە هەموو بابەتێکەوە ئەدواین و ئەو ڕواڵەتە کە لەسەر بیرم بەیادگار هەڵکەنرابوون.

ئیسگەی قەتار قەرەباڵغ بوو، قەتارێک لە «خوڕەمشەهر»ەوە هاتبوو، لەسەر پلیکانی ئیسگە ئادەمیزادی جۆربەجۆر و نەتەوەی جیاواز کەلوپەلیان بەباوەش و کۆڵ هەڵگرتبوو. وەک شارە مێروو بەڕیز ئەچوونە سەر و لە ناو هەرای شارا گوم ئەبوون، چەفتە و عەگال و مێزەری کوردی و تورکمانی؛ لاوەیی موو زەرد کە پرچیان بەسەر شانیانا هاتبووە خوارەوە و کۆڵەپشتێکی گەورەیان بەپشتیانەوە شەتەک دابوو و شتی دەسکاری ئێرانیان بەقایشی پشت و پەتی کۆڵەپشتییەکەیانەوە هەڵواسیبوو. بێ گومان ئەم گڵێنە و ئەستێوڵک و قرۆشکەیە کە بۆنی ڕۆژهەڵاتی کۆنی لێوە ئەهات لە وڵاتانی ئەوانا بەبایەخ بوون. مناڵی عەرەب کە کراسی سپی ئاودامێنیان لەبەرا بوو، بەم و بەولادا ڕایانئەکرد و لە ناو دەست و پێی گەشتیارانا ڕێگایان ئەدۆزییەوە لە گۆشەیەکا سەریان هەڵئەدا. ئەو بەتامەزرۆیییەوە تەماشای یاری بێ خەیاڵانەی مناڵەکانی ئەکرد.

ئەو هەمیشە مناڵی خۆش ئەویست. زۆر جار لێم بیستبوو ئەیکوت: «مناڵ ئەوەی باشە کە نازانێ فریودانی خەڵک چییە. خەڵک بەچاو ئەڕوانن، بەلێو پێئەکەنن و بەزار ئەدوێن، لە کاتێکا ئەو هەموو ئەمانە بەدڵ ئەکا.» هەمیشە قەرەباڵغی پێ خۆش بوو. کاتێ دەوروبەری پڕ ئەبوو لە دەنگ، کتێبە شیعرەکەی پێکەوە ئەنا و ئەیڕوانی. نیگای ئەتکوت شمقاڕێکی برسییە بەشوێن مەلێکا ئەگەڕێ ڕاوی کا. هەر مەپرسە کە چەندە خۆشحاڵ ئەبوو کاتێ لەو ناو حەشیمەتەکەدا ناسیاوێکی ئەدۆزییەوە. ڕقی بوو لە تەنیایی و ئەگەر هەواڵێک بەجێی بهێشتبایە، هەتا هەتا لە بیری نەدەچوو. لەبەرئەوە نەموێرا بچمە لای. زانیم ئەبم بەگەپجاڕی نیگای.

ئەو هاوینە بێ ئەوەی بزانم یا بمەوێ، ئەو ئاواتە کە پیاو هەڵوەدای خۆی ئەکا کێشابوومی بۆ ئەو شارە. شارێکی غەریب. زۆر ڕازی وای هەیە کە پێت ناڵێ و ئەبێ خۆت هەڵیهێنی. غەریبی زۆر شتت فێر ئەکا. یەکیان ئەمەیە کە بیر بکەیەوە و ڕێگا بدۆزیەوە، بێ ئەوە کەسێک ژێر باڵت بگرێ. غەریبی زیز و مۆن و بێ بەزەیییە، بەڵام فێرت ئەکا کە لەسەر پێی خۆت ڕاوەستی و پاڵ بەکەسێکی ترەوە نەدەی. منیش بەو نیازە چووبوومە ئەو شارە دوورە. ڕۆژێک سواری ماشێن ببووم و ڕۆشتبووم. بەسەر چەند شار و دێدا و هەر کوتبووم نا، هێشتا ماومە. ئێوارەیەک لەو شارە بچووکە دابەزیبووم کە دار و بەرد و شەقام و کێو و دەشتی بۆ من نەناسراو بوو. ڕاستی جار جار تەبیعەت یاری سەیر ئەکا و ڕوانگەی سەیر ئەخاتە بەرچاو. ئەو شەوە لە هۆدەی میوانخانەکەما ڕاکشابووم و گوێم گرتبوو بۆ وتووێژی خەڵک کە بەبەر پەنجەرەی هۆدەکەی منا تێئەپەڕین. هەر دەنگێک ئەهات ئەمویست لەگەڵ دەنگێکی ئاشنا هەڵیسەنگێنم. پێکەنینم ئەهات کە لەو شارە دوورە بەشوێن دەنگی ئاشنادا ئەگەڕێم، بەڵام هەر چیم ئەکرد ئەم نیازەم لە هەناوم پێ دەرنەدەکرا. لەپڕ دەرگا کراوە و هەیکەلی لاوێکی لاواز خزییە ناو هۆدەکەوە و لەسەر تەختەکەی بەرامبەرم درێژ بوو. بێ ئەوە بۆم بڕوانێ لە کاتێکا جلوبەرگەکەی دائەکەند کوتی: «لە کوێوە هاتووی؟» دەنگی وەک دڵۆپەی وردە باران لە زەوی دەم وشکی تاسەباریم چووە خوارەوە. ماوەیەک گێژ بووم. لام وابوو لە بیرەکەی پێشووما کە دەنگی ڕێبوارانی ناو کۆڵانم ئەپشکنی بۆ دۆزینەوەی دەنگی ئاشنا، ئەوەندە چوومە پێشەوە کە لێم بووە بەڕاستی. لام وابوو خەو ئەبینم. بێ گومان پڕشنگی نیوە ڕەنگی چرای هۆدەکە ماوەی نەئەدا بزڕکانی ڕەنگم بەدی بکا. لای وابوو گوێم لە پرسیارەکەی نەبووە. کەمێک بەرزتر کوتی: «لە کوێوە هاتووی؟» بەدوودڵییەوە کوتم: «فەرهاد!؟» کوتی: «بەڵێ!» بەڵام پاشان سەری هەڵبڕی و ورد بەسەرتاپای منی ڕوانی. - «تۆ لێرە چی ئەکەی؟» کوتم: «نازانم.» وەک مناڵێک کە ئەسبابی یاری لێ گوم بێ و لەپڕ بیدۆزێتەوە، شادی بەهەموو لەشیا گەڕا و کوتی: «تۆش ڕاتکردووە؟» نەموێرا بڵێم لە دەس چی، چونکە ئەمزانی تووڕە ئەبێ و ئیتر نامدوێنێ. کوتم: «بەڵێ چەشنە ڕاکردنێک.» کوتی: «ئافەرین کوڕی باش» و هەستا لە بەرپەنجەرەکە کاسەیەکی هێنا کە کەمێکی ئاو تێدا بوو. - «بڕوانە ئەم ئاوە لە دوێشەوەوە لەم بلوورەدا قەتیس ماوە، بڕوانە خەریکە لێڵ ئەبێ. ئادەمیزادیش وەهایە. زۆر لە جێگایەکا بمێنێتەوە ئەگنخی.» کوتم: «لێرە کار پەیدا ئەبێ؟» کوتی: «خەڵک لە هەموو شوێنێک وەک یەک وان. ئەیانەوێ بژین و بۆ ژیان کار پێویستە. من لێرە کار ئەکەم. لەگەڵ کارەکەما ئەڕوانم، هەر کات تۆزی کۆنی بەسەر ئەم شارەوە بنیشێ لێی ئەڕۆم، بەڵام ئێستە درەنگە، با بخەوین.»

بەیانی کاتێ هەستام لە جێگاکەیا نەمابوو. پەڕاوە شیعرەکەی کە مابۆوە بەدەستمەوە گرت. چەن دێڕ لە حاشیەکەی نووسرابوو. خەتی فەرهادم ناسییەوە نووسیبووی: «هەموو شت جوانە بەڵام نەک تا سەر. تەنیا یەک شتە کە هەمیشە تازەیە، کار، کار کە جگە لە ژیان مانایەکی تری نییە. ژیانی بێ کار وەک ڕۆژی بێ بەیان، وەک قەسیدەی بێ تەغەززول، وەک هەمیشە لە جێگایەکا مانەوە وەهایە!»

لە یادم نییە چەند مانگ لەو شارە بچووکە ماینەوە، بەڵام باشم لە بیرە کە فەرهاد هەرگیز پێی لەسەر زەوی نەبوو. هەمیشە ئەتکوت میوانێکی بەپەلەیە کە هەلی گیر کەوتووە لە نەخۆشێک بپرسێ. لە بەردەرگاوە دائەنیشت. لە ڕۆژ بەپەلە بوو کە ببێتە شەو و بەشەوا بۆ هاتنی ڕۆژ چاوی ئەبڕییە پەنجەرەکە، شەبەقی بەیان لێڵایی لەسەر لابدا...

تا حەوتەیەکی تر بەخواتان ئەسپێرین.