ناسۆری دەروون

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  1253 بینین

سڵاوی گەرم و بەگوڵ، سەرچاوەی لە کانگای دڵ، پێشکەش بەگوێگری هۆگری هێژا.

لە بەرنامەی ئەمڕۆدا پارچە پەخشانێکتان پێشکەش ئەکەین. هیوادارین بەدڵتان بێ و پەسەندی کەن.

گەلاوێژ کەوتبوو. هەوا خەریک بوو بەرەو ساردبوون ئەچوو، بەتایبەت بەشەودا تەواو سارد بوو. لە جێگاکەما هەر ئەم بار و ئەم بارم کرد؛ بەڵام خەوم لێ نەکەوت. بایەکی سارد لە درزی پەنجەرەکانەوە ئەهاتە ناو هۆدەکەمەوە. یەکێ لە شووشەی پەنجەرەکان شکا بوو. کوتە ڕۆژنامەیەکیان بەهەویر پێوە نووساندبوو کە بەری سەرما بگرێ، بەڵام کوتە ڕۆژنامەکە دڕابوو. بایەکە کاتێ لێی ئەدا ئەتکوت دەنگی دووزەلەیەکی شکاوە بەلای لێوی مناڵێکی ناشارەزاوە ویزە ویزی دێ. من لەو کاتەدا زیاتر لە دوازدە ساڵ تەمەنم نەبوو و لەو دیوەخانە زلەدا کە تەنیا بەچرایەکی حەوت نمرەی پایەدار کە لە ناو تاقەی شانشینەکەدا ئەگڕا ڕووناک ئەبۆوە، هەستم ئەکرد زۆر بەتەنهام. لەو تەمەنەدا دەروونی مناڵ بیرەوەرییەکی وای تێدا کۆ نەبۆتەوە کە لە تەنهایییا پێیەوە خەریک بێ. مناڵ ئەیەوێ فێر بێ. ئەیەوێ لە ناو حەشیمەتا بژی. من ئەو شەوە بەتەنیا بووم و خەویش بەهاژەی باو ویژەی ڕۆژنامەکەوە لە چاوم تارا بوو.

لەبەر هەیوانی دیوەخان چەن کێشکچی وریا بوون. گڕی ئاورێ وا کردبوویانەوە و حەوت جۆش و کتری چایان بەلاوە نابوو، منی بانگ ئەکرد. هەستام خۆم پۆشتە کردەوە. هەر لە تاریکییا دەستم کوتا و کەوڵەکەم دۆزییەوە و بەسەر شانمدا دا و لە هۆدەکە دەرکەوتم. گەیشتمە لای پیاوەکان و پێش هەموو شت دەستم بەئاگرەکە ڕاداشت.

دوو لاو بوون و پیرێک. پیرەکە ناوی ئەحمەدە جەنگە بوو. تفەنگێکی سێ تیری لە لای دەستییەوە دانا بوو. بەچاوپێکەوتنی من هەستا و بێ ئەوە هیچ بڵێ دەستی گرتم و لای ئاگرەکە لەسەر بەڕەیەکی کۆن داینام و پاشان چاوی بڕیەوە گڕی ئاگرەکە. چرچ و لۆچی دەموچاوی پیاوانەی لەبەر پڕشنگی ئاگرەکە قووڵتر و بەسامتر ئەهاتە بەرچاو. بەرزاییی لێو و گۆنا و لووتی ڕوون و سوور بوو، بەڵام ئەو جێگایانەی وا کەوتبووە ژێر سێبەری گنجی دەموچاویەوە، تاریکی ئەنواند. نازانم چۆن بوو کوتوپڕ، بەدڵما هات ئەم دەموچاوە کە نە بزەیەک ئەیگرێ و نە بەپەژارەیەک تێک ئەچێ ئەڵێی ملە کێوێکی بەباسک و بانووە کە تازە خۆری بەربەیانی لێدابێ. سەر باسکەکانی ڕووناکە و ناو دۆڵ و شیوەکانی، ئێستا هەر بوومەلێڵ و تەپومژە. ئەبوو، قسەیەک بکەم، چونکە من لە تەنیایی ڕامکردبوو. کوتم: «چایییەکەتان ئامادەیە؟» دەستێک بەگورجی حەوت جۆشە قورسەکەی هەڵگرت و قورۆشکەیەکی تەنەکەی پڕ کرد لە چایییەکی ڕەش و دوو کوڵۆ قەندی لە ژێرپیاڵەکە خست. یەکێ لە کێشکچییە گەنجەکان هەستا خۆی تەکاند و بە بای دەستی چایییەکەی من پڕ بوو لە خۆڵەمێش، کوتی: «مام ئەحمەد پێت چۆنە دەورێکی دی بدەم.» مام ئەحمەد ئەتکوت قڕ و قپی کردووە، بێ ئەوە هیچ بڵێ تفەنگەکەی بۆ درێژ کرد. لاوەکە وەری گرت و بەشانیا کرد و لە لێژی بەرەو هەیوانەکە چووە خوارەوە.

پرسیم: «مام ئەحمەد تەمەنت چەند ساڵ ئەبێ؟» بەدەنگێکی نەرم و پیاوانەوە کوتی: نزیکی شێست.» قەڵاشکاری سەر ئاگرەکە نیوەی سووتابوو. قرچەیەکی کرد و بوو بە دوو کوتەوە. مام ئەحمەد سەرەبزووتەکانی لەسەر یەک هەڵچنی و بە لکی مێزەرەکەی گەشاندیەوە و گڕی تێبەردان. ئاگری دامرکاو دیسانەوە بڵێسەی هات. مام ئەحمەد لەپی دەستی بەیەکا سوو و دەنگی بەیەکا خشانی، دەستی ئەتکوت دەنگی دوو بەردە زوورەیە کە لەیەک ئەدرێن. جگە لە دەوروبەری ئێمە هەموو جێگایەک تاریک بوو. کۆڵانی دێ، دەشتی پشت ئاوایی و چیایەکی بەرز لەوپەڕی دەشتەکەوە لووتکەی لە تاریکاییی ئاسمانا گوم ببوو. مام ئەحمەد بەسۆزە دەستی پێ کرد بە بەیتی سوارۆ:

:هۆ هۆ سوارۆ

:سوارەکەی لە من بەتەنێ

:...

بەکوڵ گوێم لەو دەنگە گرتبوو کە لە گەروویەکی پیر ئەهاتە دەر. وردە وردە هەستم کرد دەنگی مام ئەحمەد جادووم ئەکا. دەنگێک کە خەمی شێست ساڵ چەوسانەوەی تێدا بوو و پەژارەی تەمەنی پڕ مەینەت وەک پرێسکەی ڕەبەنی ئەو شار و ئەم دێ گەڕاو، چەشنی ناندێنی شوانی برسی ئەکرایەوە. من ئەو کاتە نەمدەزانی ئەگەر کورد گۆرانی لێ بستێنییەوە، ئەگەر ماوەی نەدەی ویزەی باو و بالۆرە و بەیتی بێ، ژیانی چەندە حەستەمە. ئەو کاتە نەمدەزانی ئەمانە کە بەسەر زمانی کوردا دێ و پێی ئەڵێن بەیت، ئەو فووە سێحراوییەیە کە لە گەرووی شمشاڵی شوان و دەشتەوانی کوردەوە دێتە دەر، برینێکە کە ئەدڕێ و ئارامی لەشی سزاکێشیەتی.

ئەو شەوە مام ئەحمەد بەسۆزە دەستی پێ کرد، بەڵام بەیتی سوارۆ لە نیوەیا بوو بەهاواری دڵی خۆی. بەرز بۆوە، بەرزتر بۆوە. لەشی ساردی ئاوایی ئاخنی. گوێی کپی دەشتی پڕ کرد و بەلووتکەی چیادا هەڵگەڕا بەرەو ئاسمان، بەرەو ئەو جێگایە کە چارەنووسی لێ دیاری ئەکرێ و بەشی بەختەوەری و کوڵۆڵی لێ دابەش ئەکرێ. دڵۆپێ گریانم لە سەرچاوەی چاوی مام ئەحمەد بەدی کرد کە لووزەوی بەست بەرەو چرچی سەر گۆنای و گەیشتە سەر یەخەی مراد خانی تا دیسانەوە لە دەریای پڕ شەپۆلی سەر دڵیا دامرکێتەوە. نەمزانی هەڵۆی پیری ئاوایییەکەمان بۆچ ئەگری. ئاخۆ هەژاری و لەش بەباری یا ژێر چەپۆکی و ڕەنج بەخەساری، هۆی ئەو گریانەیە؟ مام ئەحمەد هەستی کرد کە گریانی ئەو ڕەنگە هەزار جۆر پرسیار لە دڵما زیندوو کاتەوە، ڕەنگە ڕوانینی گێژانەی من لەو کاتەدا مام ئەحمەدی تێگەیاندبێ کە پێویستە قسە بکا و پێم بڵێ بۆچ ئەگری. بەدەسرەی بەر خەنجەرەکەی، چاوی بەئەسرینی سڕی و لە کاتێکا هێشتا پەنگاوی گریان بەری گۆنجەی گەرووی گرتبوو، کوتی: «لە ئاوایییا ئەڵێن ئەحمەد جەنگە هەرگیز پێناکەنێ، ئەمە ڕاستە، بەڵام تا ئێستە کەسیش نەیدیوە من بگریم، تەنانەت کاتێ کە تەرمی کوڕەکەشم بەرەو گۆڕ ئەبرا نەگریام.» هەستم کرد ئەبێ دڵخۆشی بدەمەوە، بەڵام نەمزانی بۆ کام کۆستی کەوتوو؟ باشتر بوو بێ دەنگ بم. سوارۆ نەشتەرێک بوو کە کوانەکەی دڕیبوو و ئەسرین ئاوێک بوو کە ئاگری دەروونی ئەوی دامرکاندبوو. بەیان بوو، من خەوم ئەهات. هەستام کە بڕۆم. کوتی: «بڕوانە کوڕم ژیان بەم چەشنەیە؛ تازە لە تۆدا چرۆ ئەدا، لە عەزیزی کێشکچیدا خۆی دادەڕێژێ و دێتە بەر و لە منیشا گەڵاڕێزان ئەکا و پاشان...»

سەری داخستەوە و چاوی بڕییە ئاگرەکە. مانگ دەرکەوتبوو. عەزیزی کێشکچی بەتفەنگەکەیەوە لە ناو ئاوایی ئەگەڕاوە و لە ژێر لێوەوە ویرەی ئەهات.

مانگەشەو خۆشە مانگ لەسەر ماڵان.