سەبا لە گێژی پەرچەمی خاوا

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  1548 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ.

کاک حەسەنی سوهرابی کە ناوی هونەری خۆی ناوە «سەبا» نامەیەکی بۆ نووسیوین و قوتابی دەبیرستانێکی بۆکانە و پارچە شیعرێکی بۆ ناردووین کە نووسەری بەرنامەکە ئەیخوێنێتەوە:

شەهیدی تیر و پەیکانی، عەزیز و چاو کەژاڵێکم
بەساتێ دای بەدەم بادا، بەوەڵڵا ڕەنجی ساڵێکم
هەموو ئەقوام و ئەغیارم، ئەکەن مەنعم بە سەوداییت
بەڵام بێ حاسڵە پەندم، عەجەب وێرانە ماڵێکم
لە تاوی دەبدەبەی عیشقی، بەدایم مەست و سەرخۆشم
خەریکی ڕەسم و نەققاشی، برۆ چەنگ و هیلالێکم
لە تیپی پەرچەم و زولفی، شکاوە عەسگەری ئەقڵم
ئەگەر سوڵتانی ڕۆمیش بم، ئەسیری ڕشتە تاڵێکم
چ لاوێ نوکتەزانم من، ئەڵێی پیرێکی سەد ساڵەم
لە ڕەمزی مەدرەسەی عیشقا بەعەینەن وەک مناڵێکم
وەکوو مەجنوونەکەی شەیدا ڕەئیسی عاشقان وێڵم
.............. ئەپرسن گەر هەواڵێکم
لە دەرسی مەدرەسەی مەجنوون، چ شاگردێکی مومتازم
خەریکی جەمع و تەفریقی جەبین و وردە خاڵێکم
عەبەس بوو بۆ ڕەقیبانم، هەموو تەهدید و تەحبیبم
لە مەیدانی وەفا، ناڕۆم بەچەپڵە و قرمە قاڵێکم
ئەوا خەڵکان هەموو مەستی شەڕابی گیانی گیانانەن
بڵێم چی کاری لەش وایە، فیدایی قەدد و شاڵێکم
سەباش وا کەوتە بەر تەعنەی ڕەقیبان و حەسوودانی
درێغ ئەی هاتفی بەختم، خودا نەیدا مەجالێکم

بە خوێندنەوەی شیعرەکانت، لاوێکم هاتە بەرچاو کە هەستێکی شاعیرانەی هەیە بەڵام هێشتا نازانێ سەردەمی «ناڵە ناڵی لە ژێر سۆلی دڵدارا» نەماوە؛ نازانێ کە شیعری ئەمڕۆ هونەرێکی گرینۆک نییە و شاعیری ئەمڕۆ ئیتر ناتوانێ بەپەنجەی خەناوی کچێک شەهید بێ و شەهادەت بۆ شاعیری ئەمڕۆ تەنیا لە مەیدانی پان و بەرینی پاراستنی سوودی گشتییا ئەگونجێ. شاعیرێکمان هەیە ئەفەرمووێ:

باسی زولفی درێژ و چاوی بە خەو
نەبراوە بووە کارەکەی خوسرەو

برای باشم ئەتوانی بەمن بفەرمووی ئەم دەردی دڵەی دڵبەر بۆ کۆمەڵ سوودی چییە؟ برا و خوشکەکانت لەم سکاڵا بێ بایەخە بۆ دەرمانی دەردەکانیان چییان دەس ئەکەوێ یا هەر ویستووتە بزانی شێوەی کۆنی شیعری کوردی ئێستەش داشداری و پارێزگاری لێوە ئەکرێ یام نە. خوا لە گەورەیانی ڕابردوومان خۆش بێ، گۆڕی نالی و وەفایی و مستەفا بەگی کوردی و میسباح و تاهیر بەگ پڕکا لە نوور، ئەگەر بیانزانیایە وای لێ دێ و هونەری شیعر و شاعیری بەم ڕۆژە ئەگا، خوا عالم کە شیعریان نەدەکوت. هەموو هونەرێک لەگەڵ کات و سات ئەبێ نوێ بێتەوە. ئەم زرمە زرمەی پەنا گوێچکەمان تەقەی سۆلی نازدارێکی بەناز نییە کە لە سێباری شەودا بەرەو ژوان ئەچێ. ئەمە دەنگی شەوەیە و کۆرپەی هیوا ئەبا. تو خوا خەسار نییە؟ تۆ کە ئەزانی شیعر بڵێی لەباتی سڵەماندنەوەی ئاڵی زاڵی شەو، لەجیاتی شەقکردنی جەرگی شەو، بەشمشێری دوو دەمی شیعر، دەس بکەی بەڕاژاندنی بێشکەی بەتاڵی هەستی خۆت؟

کاتی مەجنوون بەسەر چوو، برای چا بە، شاخە بژوێنەکانی موکوریان مەکە بەدیجلەی قاقڕی مەجنوون. تکایە سەرێک لەو شاخە بدە کە نەتدیون و هەر لە جیهانی بیرکردنەوەدا فەرمووتە وێڵی ئەو چیایانەی. بڕوانە دەستی بەهێزی فەلا چۆن تەوێڵی هەڵدڕیون و کردوونی بەگەنم و جۆ و بێستان. گوێت لە هۆهۆی جووتیار و بلوێری گیان بزوێنی شوان بێ و بزانە کە جوانی ڕووت لە تێکۆشانی ئادەمیزاد دایە بۆ ژیان، بۆ ژیانی ڕوو لە باشی و تەسەلی و تەیاری. برای من ئەوین جوانە، بەرز و خودایییە؛ بەڵام تۆی کورد بۆ بەعەرەبی عاشق بووی. گوێ بگرە بۆ ئەم شیعرەت:

هەموو ئەقوام و ئەغیارم، ئەکەن مەنعم بە سەوداییت
بەڵام بێ حاسڵە پەندم، عەجەب وێرانە ماڵێکم

شەش وشەی عەرەبی لە تاقە شیعرێکا. من تەنانەت لەسەر ئەم بڕوایەم کە ئەو کچە بەستەزمانە ساکارە هەر تێناگا تۆ پێی هەڵئەڵێی یا تەوس و پلاری پێدا ئەدەی؟

کچی کوردی هۆگری مەزرا و دەشت، هاودەمی شنەی نیانی بەیانی ئاوایی کە بە وشەی ساکار و لە دڵەوە هاتووی کوردانە ڕاهاتووە، وەک ئاسکی ڕەوەک لەم عەرەبییە تەق و ڕەقەی تۆ سڵ ئەکا. وا ئەزانێ بەچاویا ئەدەیەوە کە تۆ خوێندەواری؛ تەنانەت ئەگەر کیژێکی خوێندەواریش بێ تا لە ناو قامووس و ئەلمونجیدا بۆ مانای وشە عەرەبییەکانت ئەگەڕێ، کوڵ و کۆ و تاسە و تامەزرۆیی ئەوین لە دەروونیا دامرکاوە. پێش بەهەستی شاعیرانەت مەگرە. بەری بەردە با باژوێ. جوان دوان و دژوار دوان دوو مەبەستی لەیەک جیان. شاعیر بەو کەسە ئەڵێن کە جوان ئەدوێ و ئەو کەسە کە دژوار ئەدوێ مەتەڵۆکەبازە، قوتابی بەشی عەرەبییە نەک شاعیر و هەستیار.

جگە لەمانە هەڵەی دەستووری و فەننیش لە شیعرەکانتا هەیە کە من چاویان لێ ئەپۆشم چونکە بووکی دزێو نابێ قسە لە بەرگەکەی بکەی. هیوادارم لە ئامۆژگارییەکانم کە بۆ ڕێنوێنیتە ئاڵۆز نەبی. ئەزانی کە دۆستی باش ئەو کەسەیە هەڵەت بخاتە بەرچاو نەک بەلێخۆشبوون و چاوپۆشین هانت بدا بۆ هەڵەی یەک لە دوای یەک. تا بەرنامەیەکی تر هەمووتان بەخوای گەورە ئەسپێرین.