بۆ هیوای خوشکەزام

لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
 1 خولەک  710 بینین
لە دوورەوە کە هەواڵی جەرگبڕی تۆم بۆ هات
مەلی تاسەم هەڵفڕی بۆ ئاسمانێکی کش و مات
تا لەوێوە، بە شێنەیی، شۆڕ بێتەوە بەرەو خوار
ژێر درەختێ، سەر بنچکێ، بۆ خۆی بکا بە هەوار
تا بتوانێ، تێر تێر بگری، بۆ هیوای لەدەس چوومان
ڕۆڵەی شەرمن، پەپوولەی وێڵ، بەرخی لە چاو ون بوومان
بێنێتە پێش، لەو دوورەوە، شێوەکەی تۆ هیوا گیان
چۆن گوللەی وێڵ بەڕێی کردی بۆ سەر گردەکەی سەیوان
ورد بێتەوە لە ڕەوشت و لە تەمەن و باڵاکەت
لە قەڵەم و لە دەفتەر و کتێبی ناو جانتاکەت
لە شەبەقی زامی لاچاو، جل و بەرگی خوێناوی
هاوڕێ یانی قوتابخانە و وێنەی تازە گیراوی
لە شوێن و ڕێ و لە پێخەف و هەزاران هەڵسوکەوتت
بێ ژمارە یادگاری گڕ تێ بەر بووی دواکەوتت
گوێ شل بکا بۆ شیوەنی گەرم و گوڕی ڕۆڵەڕۆ
دایک و باوک و خوشک بە تۆ ڕەنج بابردووی ڕەنجەڕۆ
ئاخ کۆستی تۆ، وەک گوللەکە، چزا بەسەر دڵمانا
کولانەوەی زامی ناسۆر هەر ئەژی لەگەڵمانا