بۆ چلەی مەفتوونی هاوڕێم

لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
 1 خولەک  658 بینین
ئەی پێنووسی دەستی وەفا و پێ زانین
هەڵبەستێکم ئەوێ ڕەش پۆش وەکوو شین
پرسە بگرێ بۆ کۆچی جوانەمەرگێک
ڕەنجەڕۆ بوو لە وچان و خۆشیی ژین
بۆ مەفتوونی هاورێی دەمی قوتابیم
ئارەق ڕێژی تینووی فێربوونی چین چین
ئێستەش قاقای پێکەنینی ئەو دەمەی
لە گوێی منا دەنگ ئەداتەوە یەک بین
ئێستەش قسەی ساکار و بێ فێڵی ئەو
لەبەر چاوم نەخشە وەک باخچەی ڕەنگین
وەک بلبلێ وێڵی گوڵی خوێندن بوو
لەپاریس و لە لەندەن و لەبەرلین
لەرێی بەرزی کوردایەتی پیرۆزدا
بەشدارێ بوو لەریزی دەستەی پێشین
لە ئاگری خۆشی دە ساڵەی کوردا
پشکۆی گەش بوو بۆ ڕێی خەباتی خوێنین
تا داخەکەم جەرگی کەوتە وشک بوون
چاوی لێک نا بە هەناسەی ئاگرین
بە هەزاران چەشنە هیوای دڵەوە
بە ناکامی ماڵ ئاوایی لێ کردین