5

لە کتێبی:
مەسەلەی ویژدان
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
 10 خولەک  7636 بینین

لەمەوپێش بەحسم کرد کە خەیاڵی گەورەیی و مەئموورییەت کەوتبووە سەرم، تیکرار سوئالم کردەوە لە ئاشناکەم کە تەدبیری من چییە؟ وتی:

- ئەو مەسلەکانە کە پێم وتی قبووڵت کردووە؟

- لەوانیشە زیاتر.

- جا کە وایە دەست بکە بە ئامشۆکردنی ئیشبەدەستەکان و مەدح و سەنایان، جارجار دیاریشیان بۆ ببە! ئیتر سەهلە.

هەقیقەت نەسیحەتی ئاشناکەم ڕاست بوو. مودەتی مانگێ دەستم کرد بە مەدح و سەنا و ئامشۆکردن و دیاری بۆ بردنیان. ڕۆژێک بانگیان کردم وتیان: «وەزیفەی تەحسیلداری مونحەللە، ئیستیدعا بنووسە و داوای بکە!»

فەورەن ئیستیدعایەکم نووسی.

هەقیقەت لەپاش چوار ڕۆژ تەعین کرام و موباشەرەتم بە وەزیفە کرد. ئەمجا دەست لە من و قووەت لە خودا، دەستم کرد بە ئەهالی ڕووتاندنەوە. کە وەقتێ ئەچووم بۆ دەرەوە، دەفتەرەکەم لە بەردەمی خۆمدا دائەنا، دەستم ئەکرد بە تەحسیلات. ئەوەی کە چوار قڕانی لەسەر بوو، شەشم لێ ئەسەند و عیلم و خەبەری دوو قڕانم ئەدانێ، چونکە عمووم نەخوێندەوار بوون و نەیانئەزانی.

دەفعەی دووەم کە ئەچوومەوە ئەو دێیە، هەر لە عەینی ئەو پیاوە کە چوار قڕانی لەسەر بوو شەشم لێ سەندبوو، تیکرار داوای سێ قڕانی ترم لێ ئەکرد. کابرا ئەیوت:

- ئەفەندی چی بوو هەر تەواو نەبوو؟

- کوڕە سەگباب هێشتا لە کوێتانە؟

دەستیان ئەکرد بە هاوارکردن و پاڕانەوە، منیش لەجیاتی ئەوەی ڕەحمیان پێ بکەم، ئەمرم ئەکرد بەو پۆلیس و قۆڵچییانەی کە لە مەعییەتما بوون، دەستیان ئەکرد بە لێدان و فەلاقە کردنی ئەهالییە مەزڵوومەکە. بە مریشک سەربڕین و جۆ لێسەندن بۆ وڵاخەکانمان و لە دوای لێدانێکی زۆر تەحسیلاتەکەم بەهەوەسی خۆم ئەکرد.

ئەهالیی بێچارە ئەچوون بۆ شکات و لە مەرکەز ئیستیدعایان لێ ئەدام، بەیانی غەداریی منیان ئەکرد. ئەمما بێفائیدە بوو، چونکە هەموو مافەوقەکانی خۆم تەرەفدارم بوون و من لەپێش ئەواندا ئیشی خۆم مەحکووم کردبوو، ئیتر بە مەئیووسی ئەگەڕانەوە. جا ئەمجارە کە ئەچوومەوە لە هەق ئەو شکاتەدا کە کردبوویان، زیاتر لە جاران غەرامەم ئەدان. خۆلاسە، بەم نەوعە مودەتێ دەوامم کرد. کە تێ فکریم، بووم بە ساحیبی شەشسەد حەوتسەد لیرەی خۆم. ئەمجا بە تەواوی خەیاڵی گەورەییم کەوتە سەر و بە ئەو مەسلەکەی خۆم ڕەزا نەبووم، چونکە لە دڵی خۆمدا ئەموت واسیتەی تەرەقیی ئەم زەمانە، ناڕاستی و نەخوێندەواری و ساحێب پارەیییە. من هەر سیانیانم هەیە، ئیتر بۆ چی بەم وەزیفە بچکۆلەیە ڕەزا ببم؟

بە شەو و ڕۆژ لەبەر ئەو مەراقە خەو و ئیستراحەتم نەبوو. هەر لە ئەو ڕۆژانەدا بۆ بەدبەختیی من مەئموورێکی تەحقیقات بۆ تەماشاکردنی ئیشوکاری عموومیی قەزاکە هات، هەرچەند لەپێش هاتنی ئەودا، لە مەرکەزی لیواوە، بە سیڕی ئەخبار کرابووین وریاییی خۆمان بکەین. ئێمەش بە عموومی هەرچی لازم بکا بۆ تەنزیماتی ئیشوکاری خۆمان لەپێش ئەودا کردمان. مەسەلا ئەوسا کۆڵانەکان کە پڕبوون لە پیسی، لە تەرەف بەلەدیەوە بە دەرەجەیەک پاک کرانەوە. دائیرەی ئێمە کە دەفتەر و ئەساسێکمان نەبوو، شتێکمان دروست کرد. سندووق کە خاڵی بوو هەمووی درابوو بە قەرز، پارەمان بە قەرز هێنا و خستمانە ناوی. لیباسمان کە هەموو پیس و چڵکن بوو، لیباسی جوانمان کردە بەرمان. ئەوسا کە قسەی خۆشمان جنێو و شەق بوو لەگەڵ ئەهالی، ئەمجا کەوتینە میهرەبانی و زبانشیرینی. ئەمما مەئمووری تەحقیقات چونکە خەڵکی موحیتی خۆمان نەبوو وە لە جێگەیەکی دوو مانگ ڕێگاوە هاتبوو، بە پارە، یا بە دەعوەت ئیقناع نەئەبوو. تەحقیقاتێکی زۆر بەشیددەتی ئەکرد، وە چەن کەسێکی دەست لە ئیش کێشانەوە و ئەوراقی لەهەق گرتین کە یەکێ لەوانە من بووم، هەر چەند ئەویشی هێشتا بە تەواوی نەیکرد. هەر خەریکی مەئموورە پچکۆلەکان بوو، دەستی لە گەورەکان نەدا، ئەگەرچی خۆیشی زۆر چاک ئەیزانی هەموومان وەکوو یەک وەهاینە، بەڵکوو گەورەکانمان خراپترن، چونکە مەسەلەی مەشهورە «گەورە ئاو ئەڕێژێ بچووک پێی لێ ئەخا».

نازانم لەو ڕۆژە سیاسەت وەها ئیجابی ئەکرد کە دەست لەوان نەدا یا زۆر بە گەورە و موهیم هاتبوونە بەرچاوی و وەهای ئەزانی کە ئەگەر دەستیان لێ بدات دنیا ژێراوژوور ئەبێت، ئەگەر چی هیچی تێدا بە سەر نەبوو، موداخەلەی ئەوانی نەکرد. وەلحاسڵ، ئەوراقی بۆ گرتین و تەودیع بە مەحکەمە کراین. هەر چەند هەر چی ئەوارقێکی لە هەقمان گرتبووی ڕاست بوو، ئەمما لەبەر ئەوەی کە لە وەقتی خۆیدا ئەهالیمان چاک ترساندبوو، لەپاش ڕۆیشتنی ئێمە ڕەفیقەکانمان کە ئامیری ئێمە بوون و بە وەزیفەوە لە قەزادا مابوونەوە، بە دزییەوە، شەو و ڕۆژ تەهدیدی ئەهالییان ئەکرد کە شەهادەت لە عەلەیهیی ئێمە نەدەن. هیچ کەس شەهادەتی نەدا، مەحکەمە مەجبوور بوو بە تەبریە کردنمان. ئەمما مەئمووری تەحقیقات پیاوێکی گەورە بوو، ئیسراری ئەکرد لەسەر عەزلی ئێمە، چونکە بۆ خیانەتمان قەناعەتی ویژدانی حاسیڵ بووبوو. لەپاش تەبریە کردن، عەزل کراین. هەر کەس چووین بە وڵاتێکدا، منیش گەڕامەوە ئەو جێگەیە کە لەوە پێش تیادا مەئموور بووم.

***

مودەتێ بە بێ ئیشوکاری سووڕامەوە. شەرمم ئەکرد ئیستیدعانووسی بکەم، چونکە لە حەیاتی تەحسیلداریمدا وەکوو حاکمێکی بیلئیستقلال بووم، ئێستا چۆن عەزروحاڵنووسی بکەم؟ کە تێ فکریم، ئەگەر هەروەها بمێنمەوە خراپە. فیکرم کردەوە کە چی بکەم چاکە؟ لە دڵی خۆمدا قەرارم دا کە مەسەلەی میللەت بگرم بە دەستەوە و خۆم بکەم بە وەتەنی. ئەمجا دەستێ لیباسی سڤیلی زۆر جوانم لەبەر کرد و وەکوو پیاوێک کە لە مەکتەبێکی عالی نەشئەتی کردبێ، خۆم بە لیباس ڕازاندەوە و باستۆنێکی باشم گرت بە دەستەوە. جانتایەکم پڕ کرد لە کاغەزی سپی و کتێب کە ئەکسەریانم نەئەزانی خۆم بیخوێنمەوە. خستمە بن دەستم و دەستم کرد بە گەڕان بە ناو بازاڕ و ماڵان و قاوەخاناندا. لە هەر کوێ دائەنیشتم دەستم ئەکرد بە باسی وەتەن و ئیستقلالییەت و لەزەتی سەربەستی و ئازادی. هەموو ڕۆژێک غەزەلێکم ئەنارد بۆ مەتبەعە، بەعزەن مەقالەیەکم ئەنووسی، ئەگەرچی هیچ کامیان لە قەڵەمی خۆم دەر نەئەچوو. بە شەو، لای شەخسێک ئەمنووسی و لەبەرم ئەکرد و بە ڕۆژ نەشرم ئەکردن. بەعزەن خەڵقم کۆ ئەکردەوە و دەستم ئەکرد بە باسی ئیستقلالییەت و جاربەجار بە شەودا بەیاننامەم ئەنووسی لە عەلەیهیی حکوومەت بە ئیمزای موستەعار وە فڕێم ئەدا بە ناو کۆڵانەکاندا. بەم نەوعە مەشهوور بووم بە پیاوێکی زیرەک و وەتەنپەرست. بۆ خۆم ناوێکم پەیدا کرد، ئایا حکوومەت، ئایا ئەهالی، بە پیاوێکی فەوقەلعادەیان ئەزانیم. بێخەبەر بوون کە پرۆغرامی من هەر ئەوە بوو کە تەعین بکرێم بە مەئموور و تیکرار دەست بکەمەوە بە خواردنی خوێنی میللەت و پارە گلێر بکەمەوە بۆ خۆم. چەند مودەتێ بەم نەوعەش مامەوە کە تێ فکریم زۆر بە موهیم و گەورە کەوتوومەتە پێش چاوی حکوومەت و ئەهالی. هەر ڕۆژێک لە تەرەف پیاوێکی گەورەوە دەعوەت ئەکرام و هەر وەقت تەسادوفی پیاوێکی گەورە و سیاسیم بکردایە، زۆر بە دیققەت گفتوگۆی ئەکرد لەگەڵما. چونکە هەر وەکوو تووتی ئەو چەند قسەیە کە فێر بووبووم تیکرارم ئەکردەوە، وای ئەزانی کە من پیاوێکی زۆر موهیم و سیاسیم و عەمدەن قسە ناخەمە دەرەوە، بێخەبەر بوو کە بەغەیرەز ئەو چەند کەلیمەیە هیچ نازانم و قسەنەکردنم لەبەر هیچ نەزانییە. لەپاش چەن مودەتێ، ڕۆژێک کە لە ماڵەوە دانیشتبووم، تێ فکریم ئەمرێکم بۆ هات کە «جەنابی زۆراب ئەفەندی بە ڕەئیسی قەزای خۆرنشین تەعین کراوە. حەرەکەت بکا بۆ سەر وەزیفە وە عەجەلە موباشەرەت بە ئیشی ئیشعار بکات». فەورەن حەرەکەتم کرد بۆ وەزیفە.

لەپێشدا تەلغرافم نووسی، ڕۆژی مواسەلەتم بەیان کرد. ئەو ڕۆژە گەیشتمە مەرکەزی قەزا تا مەسافەی نیو سەعات ڕێگا، هەموو ئەهالی و ئەشرافی مەملەکەت هاتن بە پیرمەوە. منیش لە کەماڵی عەزەمەتدا لە ئوتومبێل دابەزیم و مەرحەبا و سەباح خێرم لەگەڵ ئەشراف و ئەهالی کرد. چوومە سەرا. بەبێ ئەوەی چاوم کەوتبێ بە ڕەئیسی پێشوو، بەبێ ئەوە بیناسم لە خۆمەوە قینم لێ هەڵگرتبوو. ئەم پرۆغرامەم بۆ خۆم دانابوو کە هەر چی ئەو کردبووی بە عەکسی ئەو معامەلە بکەم. کە گەیشتمە مەقام، ئەوەڵ قسەم ئەمە بوو کە ئەم ئەسکەملە و ماسەیە بۆ چی وا دانراون؟ دیارە ئەو کەسەکە عەقڵی نەبوو! فەورەن ئەمرم کرد بە عەکسی جارانەوە مێز و ئەسکەملییەکەیان دانا و دانیشتم. بەبێ ئەوەی موازەنەی بکەم یا بیانناسم لەوە پێش، هەر کەس کە بیستم دۆستی ئەو بووە وەکوو دوژمن سەیرم ئەکرد.

لەپاش چەند ڕۆژ مانەوەم هەر چی عادەت و سیاسەتی ئەو بوو بەکوللی تەغەییورم کرد.

هیچ تێ نەئەفکریم کە ئێمە هەر دووکمان خزمەت بە یەک حکوومەت ئەکەین و هیچ عەداوەتێکمان لەمەوپێش نەبووە، بۆ چی وا بکەم؟ بەڵکی عەقڵی ئەو لە من چاکتر بووبێ! بۆ چی چاک بە خراپ تەبدیل بکەم؟ هەر لە خۆمەوە بووبووم بە دوژمنی، ئەگەرچی خۆیشی لەوێ نەبوو. عەجایب لێرەدایە هەر وەقت چاوم بکەوتایە بە منداڵێکی مەکتەبلی ئەگەر ئەولادی خۆیشم بووایە، حەزم ئەکرد بیکوژم، چونکە وەهام موازەنە کردبوو کە ئەگەر ئەوانە گەورە ببن، وەزیفە دەست ئێمە ناکەویت، باخسووس، لەوان زیاتر، ڕقم لە موعەللیمەکان بوو. لە دڵی خۆمدا ئەموت: «ئەم شەیتانانە خراپن! هەر ئەمانەن کە نەشری معاریف ئەکەن وە ئاخری خاتیمە ئەدەن بەم ئەحواڵە و نانمان ئەبرن». ئەمما دڵم زۆر قایم بوو بە ئەوە کە ئەوەندە خەڵق لە خسووسی ڕەغبەت کردن بە مەعاریف سارد بوون، ئەمزانی تا من حەیاتم هەیە ئەوە نابینم وە هەمیشە ئەکسەرییەت بە تەرەف خۆمانەوە ئەبێ. چی بکەم دەسەلاتم نەبوو کە هەر چی مەکتەبی ڕەشوڕووتەکان هەیە دای بخەم و ئەم خەتەرەیە لە دڵی خۆم لا بدەم؟ دڵخۆشی خۆم بە ئەوانە دایەوە. حاسڵی لە دوای چەند ڕۆژێک دەستم کرد بە تەتبیقی پرۆغرامی پێشوو، یەعنی خوێنی ئەهالی گرتن وە پارە بۆ خۆم گلێر کردنەوە. هەموو ڕۆژ ئەمرێکی بەشیدەتم ئەدا بۆ کۆکردنەوەی حاسڵاتی ئەو ساڵە. تەسادوفەن حبووبات، یەعنی ڕزق قیمەتی نەئەکرد وە ئەهالی هەموو ڕۆژ ئیستیدعایان ئەنووسی کە ئیمساڵ ڕزق قیمەت ناکات، ئیستیرحام ئەکەین حکوومەت سەبرمان لێ بکا. بێچارە ئەهالی وایان ئەزانی ڕزق هەرزان بووە، نەیانئەزانی پارە گران بووە، چونکە قاعیدەیە، هەر شتێ کەم بوو گران ئەبێ. سەبەبی گرانیی پارەشیان نەئەزانی، منیش نایزانم! با وجوودی ئەو هەموو ئیستیدعایە و پاڕانەوەی ئەهالی، من بۆ تەحسیلات ئەمری بەشیددەتترم ئەنووسی. لە دڵی خۆمدا ئەموت من هەقم چییە؟ هەر ئەوەندە خۆم تەقدیر بکرێم، ئیتر با هەزار فەقیر بمرێت لە برسانا یا بە دەم شەقی مەئموورەوە هەر هاوار بکەن!

***