4

لە کتێبی:
مەسەلەی ویژدان
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
 5 خولەک  7631 بینین

چەند مودەتێ بە عەرزوحاڵنووسین مامەوە. لە سایەی ئەو مەسلەکەوە میقدارێ پارەم کۆ کردەوە وە بە واسیتەی ئەو پارەیەوە مەغروورییەتێکی تەواوم لە خۆمدا دەرک دەکرد و بەو مەسلەکەی خۆم ڕازی نەبووم. هەموو وەختێ چاوم لە بەرزبوونەوە بوو بۆ جێگای عالی، هەر چەندە ئەو لیاقەتەم لە خۆمدا نەئەبینی. ئەمما چونکە زۆری وام دیبوو کە بەو هەموو جەهالەتەوە، من لەمان عالمتر بووم وە مەقامی گەورەیان ئیشغال کردبوو، منیش ئەو ماخولیایە کەوتبووە سەرم و نەمئەزانی چی بکەم؟ ڕۆژێ لەگەڵ کابرای ئاشنام قسەم کرد وتم فڵانی من خەیاڵێکی وام هەیە. کابرا جوابی دامەوە و وتی:

- عەزیزم ئەوەڵەن پێم بڵێ پارەت هەیە یان نا؟

- مەبلەغێکی کافیم هەیە.

- کە وا بێ ئیتر شتێ سەهلە! ئەمما بەعزێ مەسلەک هەیە ئەبێ قبووڵی بکەیت.

- وەکوو چی؟

- مەزەڕەت بۆ هاوجینسی خۆت، درۆزنی، خیانەت!

- مەعنای ئەمە چییە؟

ئاشناکەم جوابی دامەوە:

- ئەمانە لەم موحیتەدا وەکوو شەهادەتنامەی مەکتەب وایە لە سائیری وڵاتانا! هەتا وا نەبی ئومێدی تەرەققی کردن بێمەعنایە!

هەر چەند منیش ئەو مەسلەکانەم زۆر لا ناخۆش بوو، ئەمما ئەوەندە حەزم لە تەرەققی ئەکرد، لە دڵی خۆمدا قەرارم دا کە وەکوو ئاشناکەم وتی وەها بکەم. دەستم کرد بە درۆزنی و خیانەت و تەتبیقی ئەو پرۆغرامە کە کابرا بۆی دانابووم.

هەقیقەت لە مودەتێکی زۆر کەمدا موشاهەدەم کرد کە ئیحترامم قات قات زیادی کرد و هەموو کەس لە جاران زیاتر ئیعتیمادم پێ ئەکات. لەو مودەتەدا کە لەو شارەدا بووم، بە موناسەبەتی ئەوەوە کە جێگەکەم نزیکی مزگەوتێ بوو، ئامشۆی مزگەوتەکەم ئەکرد، مەلای مزگەوتەکە بوو بە ئاشنام. جارجار ئەچومە لای تەماشام ئەکرد ئاوی حەوزەکەی مزگەوت و ناو حەوشەکەی زۆر پیسە، وە هیچ تەماشای نەزافەتی ناکەن و حەتتا ئاوەکەی بۆگەنە. دەفعەیەک عەرزی مەلام کرد:

- قوربان بۆ چی مولاحەزەی نەزافەتی ئەم مزگەوتە ناکەن؟ مزگەوت ماڵی خودایە و ئەبێ لە هەموو جێگایەک پاکتر بێ. ئەم ئاوە دەستنوێژی دروست نییە، ئەوەندە تف و بەڵغەمی تێ کراوە و ئاوی زۆر کەمە و ڕەنگ و تامی گۆڕاوە. دەستنوێژیش مەقسەد لە نەزافەتە، ئەم ئاوە ئینسان پیس ئەکات!

مامۆستا جوابێکی زۆر مەعقوولی دامەوە:

- ڕۆڵە دیارە نەخوێندەواری! بۆ چی نازانی ئەم حەوزە قولەتێنە؟ قولەتێن چۆن پیس ئەبێ؟

کە وای فەرموو سکووتم کرد.

ڕۆژێ لەبەر هەتاوی مزگەوت دانیشتبووم. لەگەڵ مەلا کە دەرسی ئەوتەوە، جارجار دەستی ئەبرد لە لاملی ئەسپێی ئەگرت و فڕێی ئەدا. لەو وەقتەدا لە ماڵی مەلاوە نانیان هێنا. مەلا بە دەستی نەشۆراوەوە دەستی کرد بە نان خواردن. عەرزم کرد:

- قوربان بۆ چی دەستت نەشۆرد؟

- رۆڵە هەموو دوو ساعەت نابێ دەستنوێژم شۆردووە!

- ئاخر ئێستا ئەسپێت لە لاملت گرت؟

- بۆ چی نازانی من سەرەڕای مەلایەتی داخڵی تەریقەتی قادریش بووم، کە لە تەریقەی قادریدا، کوشتنی کێچ و ئەسپێ جائیز نییە؟ ئەیانگرین و زۆر بەبێ ئەزیەت فڕێیان ئەدەین. ئیتر بۆ چی دەستم پیس ئەبێت؟

هەقیقەت تەقدیری مەسلەکی مەلام کرد کە ئەوەندە تەرەفداری موحافەزەی زیڕۆحە وە هیچ ئارەزووی زەحمەتی زیڕۆح ناکات.

بۆ سبەینێ دووبارە چوومەوە مزگەوت، تەماشام کرد قەرەباڵغێکی زۆر دانیشتوون و مەلا وەعز دەخوێنێتەوە و ئایەت و حەدیس بۆ ئیسپاتی ئەو قسانە کە ئەیکرد بە دەلیل ئەیهێنێتەوە. یەکێ سڵاوات ئەدات، یەکێ ئەگریا، یەکێ تۆبە و ئیستیغفاری ئەکرد. منیش لە بەینی سامیعیندا لە لای کابرایەکەوە کە زۆر ئەگریا دانیشتبووم. بە کەماڵی مەلامەتییەوە لێم پرسی:

- تۆ کە ئەوەندە ئەگرییت ئەڵبەتە لە هەموو کەس چاکتر لە مەعنای ئەم وەعزە و مەعنای ئەم ئایەت و حەدیسە تێ ئەگەیت. جا حەز ئەکەم منیش حاڵی بفەرموویت!

- نەوەڵڵا باوکم من نازانم مەعنای چییە. هەر ئەوەننە ئەزانم کە عارەبییە!

- ئەمجا کە تۆ مەعنای تێ ناگەیت بۆ چی ئەگرییت؟

- بیستوومە هەرچی بە عارەبی بێت بەحسی قەبر و قیامەتە!

زۆر تەعەجوبم کرد لەم ئەحواڵە. خۆم پێ نەگیرا و لە وەقتی وەعز خوێندنەوەدا کە مەلا ئایەتێکی خوێندەوە، دەرحاڵ، عەرزم کرد:

- قوربان چونکە من زمانم عارەبی نییە و مەعنای نازانم، ئەگەر مەعنای ئەو ئایەتە بە کوردی بفەرموون مەمنوون ئەبم!

هەر کە وەهام وت مەلا هاتە خوارەوە و بە چەپۆک دای گرتم. وتی:

- کافر بوویت، قسە مەکە!

سائیری خەڵقەکەی تریش بە چەپۆک دایان گرتم و وتیان «بیکوژن ئەم کافرە! غەزایە!». هەر چەندە هاوارم کرد «کوڕە خەڵکە بۆ خاتری خوا من هیچم نەوتووە»، فائیدەی نەبوو. هەر کەس ئەهات بە چەپۆک پێیدا ئەماڵیم، بەبێ سوئال یاخو تەحقیقات. تا نیهایەت کابرای ئاشنام هات و بە هەر نەوعێ بوو خەلاسی کردم و بردمیەوە ماڵ. تەعەجوبم کرد کە یاڕەبی من چیم کردبێ کە ئەمەم بەسەر هات؟ ئاشناکەم وتی:

- عەزیزم تۆ هەقت چییە بەسەر ئەم قسانەوە، بۆ چی خۆت خراپ ئەکەیت؟ سوێندم خوارد کە هیچی خراپم نەوتووە. کابرا وتی:

- ئێستا ئەمانە فائیدەی نییە، هەڵسە عیلاجی خۆت بکە، ڕۆحیشت وا لە خەتەرا!

- تەدبیرم چییە؟

- ڕاوەستە تا شەو!

ئەو ڕۆژە نەمتووانی بچم بۆ دەرەوە تا شەو. لە شەودا کابرای ئاشنام هات بردمی بۆ ماڵی کابرای مەلا و ماڵی چەن مەلایەکی تر کە لەو شارەدا بوون. تەشەببوسم پێ کردن و زۆر پاڕامەوە. ڕەفیقەکەم دەستی کرد بە چەقەکردن لەگەڵیاندا و ئەوەی لازم بوو کردی. نیهایەت عەفوویان کردم.

ئەمجا هێنامیان شایەتمانیان پێ هاوردم و دینیان پێ تازە کردمەوە.

***