لەزمان جوانە مەرگێکەوە

لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
 2 خولەک  764 بینین
برا! هەرچەن ڕابوردی بەلای منا بڕوانە
ستەم گۆڕی هەڵبەستم لەم سەر گردی سەیوانە
لەبەهاری لاوی یا خەزان بەرۆکی گرتم
خوێنی ئاڵی دڵ ڕەنگی گوڵی دار ئەرخەوانە
شەبەقی ناودڵی من دیارە لەناو دڵانا
وەک ئەو هەورەی کە ئەگری لەسەر ئەم شارە جوانە
دەرد و بەڵا و مەینەتی وەکوو تەرزە ئەبارێ
بۆ پێکانی هەناسە تیری لە ناو کەوانە
هەر لە بڵێسەدایە ئاگری دەستی منداڵ
هەر هۆی لێدانی دڵە بەوێنەی ئاو ڕەوانە
چەن گوڵی زەرد و سوری بۆن خۆشی ناو ئەم باخە
بەدەستی قەست هەمیشە پێ شێلی باخەوانە
بلبل و کەوی کێوی گیری قەفەس و داوە
لەدەرکی هێلانەدا هەر ڕاوکەر پاسەوانە
منیش کەجێ نشین و ئارام گرتووی ئەم گۆڕەم
گوڵێکی هەڵپچورکاو، ناکامێکم لەوانە
کە وا ڕۆژێ لە ڕۆژان پاییزی سەختی ماتەم
بەهار و خۆزگەی ژینی کردم بە پێچەوانە
لە شوێنێکی پەناوە ڕەشەبای خەزانی مەرگ
گوڵی وەریوی عومری بردم بۆ ئەو کێوانە
بروسکەی ئاگرینی هەوری ڕەشی ئەم کۆستە
سووتانی جەرگی کەس و کارم وەکوو پەروانە
گەرچی باوەڕم وایە: کاسە پڕ بوو لێی ئەڕژێ
کاسەی خوێنی ڕژاوی ناهەق پڕو لێوانە
بە گەرمیی خوێنی ئاڵی جوانەمەرگی خێر نەدیو
ئەسووتێ تەخت و بەختی ئەوەی کە وا تاوانە
بەڵام ئاخ سێ دڵۆپە فرمێسکی قەتیس ماوم
لەچاوا بۆ «بەیان و کامەران و سیروان»ە