باسی ناردنی ئیبن سەلام بۆ خوازبێنی لەیلا
لە کتێبی:
لەیلی و مەجنوون
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
3 خولەک
16 بینین
کە مووەفەق بوون لەشکری نەوفل
لەیلی جەبین گوڵ گەلێ بوو خۆشدڵ
وتی سەد شکور قەیس تالعدارە
نۆبەی خۆشییە پێک دێ ئەم کارە
بەڵام کە باوکی گەڕایەوە دوا
وتی سوڵحمان کرد خەفەتمان نەما
لەیل ناهومێد بوو لە وەسڵی مەجنوون
بەربووە گریان عاجز و مەحزوون
ئەگریا دایم لەیل بە پەنهانی
لە دڵیا نەما هیچ شادمانی
لە گەورە گەورە و ناوداران ئەمجا
زۆر کەس ناردی بۆ خوازبێنی لەیلا
ئیبن سەلامیش خەبەری بیست زوو
وەعدە و شەرتەکەی وەختێ تەواو بوو
لەگەڵ خەزێنە و شەکر بە خەروار
ئێستر و ئەسپ و ماین بە قەتار
چەند وشتریشی بار کرد لە کوتاڵ
لە فەرشی جوان و لە ئەسبابی ماڵ
لەگەڵ چەند هەزار مەڕ و بزنی چاک
ئەسپ و مایینی کەحێلەی چالاک
دای بە پیاوێکی عاقڵ و دانا
ڕایی بوو بردی بۆ باوکی لەیلا
گەییە لای باوکی لەیلا دەستوبرد
بە حورمەتەوە زۆر جوان عەرزی کرد
وتی ئەم پیاوە زۆر بڵند ناوە
لە هەر بابەتێ سەیرکەی تەواوە
شاسوارێکە گەورە و شێر پەیکەر
گەورەی عەرەبە و سەرکردەی لەشکەر
ساحێب خەزێنە و گەنجینە و گەوهەر
کەس نییە لەیلای بوێ لەو چاکتر
ڕازی بوو باوکی لەیل کردی ئیقرار
وەریگرت خەزنە و کوتاڵ و قەتار
ناردیان زاوا هات لەگەڵ کەسوکار
باری شەکریان هەڵڕشت بە خەروار
شەکراویان خوارد و کار کرا تەواو
وەختێ ئەمەی بیست لەیلای مەستە چاو
وەک مارانگەزتە بەربووە پێچ دان
دەستی کرد بە شین ناڵە وو گریان
لە پاش یەک دوو ڕۆژ کەژاوەیان بەست
سواریان کرد لەیلای شۆخی دیدە مەست
وەختێ گەیشتنە وڵاتی زاوا
بردیانە پەردەی بوکێنی لەیلا
زاوا زوو لەسەر تەختی خۆی داینا
هەتا دوو سێ ڕۆژ نەچوو بە لایا
وتی هیلاکە با نەبێ دڵگیر
ئیسراحەت بکا یاری بێ نەزیر
لە پاش دوو سێ ڕۆژ جا ئیبن سەلام
چوو بۆ لای لەیلای شۆخی گوڵ ئەندام
دەستێکی بۆ برد بە وەسڵی بگا
لەیل زللەیەکی وا بە توند لێدا
زاوا بێ هۆش بوو کەوتە سەر زەمین
لەیل وتی بەخوای جیهان ئافەرین
بە وەسڵم ناگەی تا ماوی ئەسڵا
وازم لێ بێنە خۆت مەکە ڕسوا
کە ئیبنوسەلام ئەمەی بیست لە لەیل
زانی لە عەشقی قەیسە دەروون کەیل
لێی زویر نەبوو دڵی نەڕەنجان
لەیلی خۆش ئەویست بە دڵ و بە گیان
وتی هیچ مەکە عەجز و ناسازی
هەر بە تەماشا لێت ئەبم ڕازی
حەرامزادە نیم غەیری تەماشا
گەر مەقسوودم بێ لێم بکە حاشا