ڕۆیشتنی مەجنوون لەگەڵ پیرێژن بۆ خێڵی لەیلی

لە کتێبی:
لەیلی و مەجنوون
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 2 خولەک  16 بینین
بەیانی مەجنوون بە ناڵە و گریان
ڕۆیشت بەرەو ڕووی خێڵی لەیلا گیان
پیرێژنێکی دی لە دوور بوو پەیدا
پیاوێکی شێتی ئەوا لەگەڵدا
پەتی خستۆتە مل و گەردنی
پیاوە خۆشحاڵە بە پەت کردنی
مەجنوون چوو وتی پیرێژن توخوا
بۆچ پەتت کردوە تۆ ئەم پیاوە وا
گوناهی چییە بۆچی وا بەندە
بۆچ وا ئەسیری داو و کەمەندە
پیرێژن وتی قەزات لێم کەوێ
گوناهـ بار نییە گەر ڕاستت ئەوێ
من و ئەم پیاوە گەلێ فەقیرین
لەبەر موحتاجی یەکجار زویرین
ئەمە هاوسێمە بێوەژنم من
هێندە موحتاجین ڕازین بە مردن
پەتم کردووە بە وێنەی ئەسیر
ئەگەڕێین هەر دوو بێچارە و فەقیر
هەتاکوو خەڵقی بە خێری خۆیان
لە ڕێی خودادا پێمان دەن ئیحسان
مەجنوون ئەمەی بیست وتی دایەی پیر
تو حەقی خودای پاکی بێ نەزیر
لێی بکەرەوە تەناف و زنجیر
بیخە ملی من هەر وەکوو ئەسیر
بمگێڕە بە ناو کوچەی شاراندا
بە عیبرەتم کە بە بازاڕاندا
هەڵیگرە بۆ خۆت هەرچیم دەس کەوێ
نامەوێ لە تۆ من شێوی شەوێ
پیرێژن ئەمەی کە بیست بێ تەئخیر
کردییەوە لە پیر تەناف و زنجیر
گەردن و دەستی مەجنوونی بەند کرد
لە جێی پیاوەکە ئەوی پێوەند کرد
بە هەر دەرگایەک ئەچوو ئازانە
هەر لەیل لەیلی بوو وەکوو دێوانە
خولاسە گەینە بەر ماڵی لەیلا
بەربوە شیوەن و گریە و واوەیلا
ئەیوت دەست و پێم وا کراوە بەند
بە جەزای عەشقت ڕازیم و خورسەند
سا بە تیغی تیژ ئەی ئارامی گیان
وەکوو ئیسماعیل زوو بمکە قوربان
لە بەرپێی تۆدا لام خۆشە مردن
نەوەک بە بێ تۆ خۆش ڕابواردن
ئەمەی وت بەند و تەنافی بڕی
لە دەس پیرێژن وەک تەیر دەرپەڕی
ڕای کرد بۆ نەجد بە شین و گریان
بە هاوار هاوار بە زاری و ئەفغان
دایک و باوکیشی لە خزم و لە خوێش
چوون دۆزیانەوە مەجنوونی دڵڕێش
سەیریان کرد هۆشی نەماوە ئەسڵا
ناهومێد بوون و گەڕانەوە دوا