چەند سەرنجێک دەربارەی میرنشینی بابان
لە کتێبی:
چەند لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی بابان و سۆران و بۆتان
بەرهەمی:
کاوس قەفتان (1933-2009)
23 خولەک
47 بینین
گەر بە وردی سەیری مێژووی میرنشینی بابان بکرێ هەست بەوە دەکرێ کە لەو نێوانەدا بە دەگمەن هەواڵی ڕاستەقینەی بێگەرد بەرچاو دەکەوێ، نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو لێکۆڵینەوەیێکی تایبەتی و سەربەخۆی قووڵی وا نییە کە هەموو لایەنێکی ئەم میرنشینە بگرێتەوە.
میرنشینی بابان پتر لە دوو سەد ساڵ مایەوە و دەورێکی ئاشکرای هەبوو. بەڵکە هەندێ جار بە تایبەتی کە دەسەڵات و توانایان پەرەی دەسەند، شەڕ و شۆڕیان لەگەڵ وڵاتی فارس و مەمالیکەکانی ژێردەستی عوسمانییەکان دەکرد، هەندێ جار ئەو شەڕانە گەرم دەبوون و تەشەنەیان دەکرد و مەسەلەی کوردیان دەبزواند و دەخستە بەرچاو و دەم، کار لە چوارچێوەی شەڕی ناوخۆیی دەردەچوو و دەبووە کێشەیەکی جیهانی: ئەوە بوو ئیمپریالیزمی بەریتانیا دەستی خستە ناو کاروباری ناوەوەی دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی فارس، هەروەها کوردستانیش، بەو نیازەی بەرژەوەندی ئابووری خۆی لە ناوچانەدا بپارێزێ و لە هەمان کاتیشدا بەربەستی پەرەسەندنی دەسەڵاتی ڕووسیای قەیسەری لەو ناوچانەدا بکا .
ئەم میرنشینە گەلێک ڕووداوی تێدا ڕوو دا، بووە شانۆیەکی شەڕ و شۆر و کارەساتی تراژیدیا کە کەمی لێ باس کراوە و گێڕراوەتەوە، مەگەر شاخی پیرەمەگروون زمانی لێ بڕوێ و بێتە ئەمین زەکی و توانای نووسینی ڕاست و ڕەوانی هەبێ . مێژووی میرنشینی بابان هەیە، واتە باس و هەواڵی میرەکانی و شەڕ و شۆڕەکانیان زۆربەی نووسراوەتەوە، بەڵام مێژووی ئەم میرنشینە هەر ئەوە نییە.
ئەوی ڕاستی بێ گەلێ سەرچاوەمان دەربارەی مێژووی ئەم میرنشینە چنگ دەکەوێ، کە بە کورتی و درێژی لە سەرەتای دروستبوونییەوە، هەموو ئەو شەڕ و شۆڕ و دەسیسە و خۆفرۆشتن و یەکفرۆشتنی ناو بنەماڵەی بابان و داڕزان و نەمانی ئەو میرنشینە باس دەکەن . بەڵام بە دەگمەن وێنەیەکی ڕوون و ڕاستەقینەی ئەو میرنشینەمان دەدەنێ و بە دەگمەنتر باسی هەموو ئەو هۆ نهێنییانە دەکەن، «واتە هۆی سیاسی و کۆمەڵایێتی و ئابووری و نەتەوایەتییەکەیان» کە لە ڕاستیدا بریتی بوون لەو هێزانەی چەرخی مێژووی میرنشینەکەیان دەسووڕانەوە.
ئەمین زەکی لەم ڕووەوە با و باپیران تاوانبار دەکا، کە هیچی وایان بە جێ نەهێشتووە ڕێگا ڕووناک بکاتەوە، هەرچی ئەدمۆندزە ئەوە زانا کوردەکان تاوانبار دەکا، ئەوانەی بە لای ئەوەوە تەنیا پشت بەو ڕووداو و باسانەوە دەبەستن و دووبارەیان دەکەنەوە کە نووسەرە بێگانەکان نووسیویانەتەوە، ئاوڕ نادەنەوە لەو سەرچاوە بنەڕەتییانەی بەردەستیان ، واتە ئەو هەموو باس و ڕووداوانەی لە دڵ و دەروون و مێشکی دانیشتووانی کوردستاندا ماوەتەوە و سەر کاغەزیان نەدیوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هێشتا ئەو نووسراوەمان نییە ڕووداو و لێکۆڵینەوە بخاتە تەک یەک و وێنەیەکی ڕاست و ڕەوانی ئەو سەردەمەمان بخاتە بەردەم.
مێژووی میرنشینی بابان کۆنە، دەگەڕێتەوە پێش دروستبوونی قەڵاچووالان و سلێمانی، هەروەها ناو و ناتۆرەی بنەماڵەی بابان و بەسەرهاتیان کۆنە و گەلێک مێژوونووس دەربارەیان دواوە.
لەو سەدانەی میرنشینی بابانی تێدا دروست بووە دوو ئیمپراتۆرییەتی گەورە لە کایەدا بوون، هەردووکیشیان بە تیژی لە پێناوی دەستگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی نزیکدا هەوڵیان دەدا، لە ڕۆژهەڵاتی نزیکیشدا، کوردستان بە گشتی و میرنشینی بابان بە تایبەتی، لە پێشی پێشەوە لەناو جەرگەی ئەم زۆربازییەدا بوو، نەک لەبەر ئەوەی ئەم میرنشینە ژمارەی دانیشتووانی زۆرە و سامانێکی زۆری بە خێروبێری هەبوو یان شوێنەکەی ستراتیژییە و لە ناوچەکانی تری کوردستان گەورەتر و گرنگترە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە کەوتبووە نێوان ئەو دوو ئیمپراتۆرییەوە، وە هەردووکیان لەسەر داگیرکردنی - کە دواڕۆژی هەموو عێراقی لەسەر وەستا بوو - لە شەڕدا بوون، لەبەر ئەوەش کە میرنشینێکی بەهێز و دەسەڵات و خاوەنی سوپایەکی ناو بە گەورەیی و مەشقچاکی و ئازا دەرچووبوو ، جگە لەوەش پاشاکانی ئەم میرنشینە خاوەنی ئامانج و هیوا و هەستی نەتەوایەتی خۆیان بوون، هەمیشە چاویان لەوەوە بوو کە میرنشینی بابان بکەنە بەردی بناغەی دامەزراندنی دام و دەزگایەکی گەورەی کوردی سەربەخۆ.
هەوڵ و تەقەلاکانی سلێمان بەبەی گەورە لەو ڕووەوە باشترین نموونەیە، کە دەیویست بگاتە دام و دەزگایەکی کوردی سەربەخۆ، داگیرکردنی وڵاتی ئەردەڵان یەکەم هەنگاوێکی بوو بۆ ئەو مەبەستە، ئەم میرە بەناوبانگە دەسەڵات و زەبروزەنگی گەیشتبووە ڕادەیەکی وا، دەوڵەتی عوسمانی سڵی لێ دەکردەوە و دەترسا بە تەنیایی پەلاماری بدا، لەبەر ئەوە لەگەڵ ئێراندا یەک لە دوای یەک پەلاماریان دەدا تا ساڵی ١٦٩٩ بەسەریدا زاڵ بوون .
ئەو ئامانجە واتە داگیرکردنی وڵاتی موکری و ئەردەڵان لە مێشک و دڵ و دەروونی میرەکانی باباندا جێگیر ببوو پشتاوپشت دەمایەوە، ئەوە بوو بەکر بەگی میری بابان کە بە ئیسڵاحاتی ناوخۆ و دەرەوە ناوی دەرکردبوو، لە سەرەمەرگیشدا هێنانەدی ئەو ئامانجەی لەسەر دەم بوو کە وتبووی «ئەوەی ئەو ئامانجە بهێنێتە دی لەو دنیاش بێ، دڵی پێ خۆش دەکەم» .
عەبدوڕەحمان پاشای بەناوبانگی میرنشینی بابان، دیسانەوە نموونەیەکی ئاشکرای ئەو مەبەستەیە، ئەم میرە توانی دەوڵەتی عوسمانی بهێنێتە لەرزین و لە دەوری ئەمدا میرنشینی بابان گەیشتە ئەوپەڕی بەهێزی و سەربەخۆیی تەواو ، هەر بەر لەوەش بوو کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی بە درێژایی بیست و سێ ساڵ وازیان لێ نەهێنا و هەمیشە دەچوون بە گژیدا، ڕێگا نەما نەیگرن بۆ دەرەقەت هاتنی: چ بە ئەم و ئەو کڕین بێ چ بە سوپا ناردن و دەسیسەکردن بێ.
گومان لەوەدا نییە کە میرەکانی بابان سوودێکی باشیان لە جۆری هەڵکەوتن و جێگای باشی میرنشینەکەیان وەرگرت، چونکە میرنشینەکەیان کەوتبووە نێوانی هەردوو ئیمپراتۆرییەکەوە لەسەر دوو پەت یارییان دەکرد ، ئەم یاریکردنی سەر دوو پەتە تەنیا لەبەر ئەوە نەبوو کە میرنشینەکەیان لە نەمان بپارێزن بەڵکوو بەو نیازەش کە بەرەبەرە بە گوێرەی سیاسەت و توانای ئەو ڕۆژەوە فراوان و بەهێزی بکەن تا بتوانن بگەنە ئەو ئامانجەی دەستنیشانمان کرد.
میرەکان بە گوێرەی توانا هەوڵیان دەدا ئەو قورساییی دەسەڵات و فەرمانڕەواییەی مەرکەز کز بکەن بەو هیوایەی لەژێر سێبەری بێنە دەرێ و ڕزگاریان ببێ، هەروەکوو خاڵفین نووسیویەتی، بەرە بەرەکانی گەلی کورد بە نیازی ڕزگاربوون لە چنگ دەسەڵاتی حکوومەتی مەرکەزی لە ڕێی دەرەبەگە نیشتمانپەروەرەکانی کوردەوە پەرەی دەسەند . میرەکانی بابانیش لەو دەرەبەگە نیشتمانپەروەرانەی کورد بوون کە ئامانجی ڕزگاربوون و سەربەخۆییی گەلی کورد کۆی کردبوونەوە بۆ کارکردن لەو ڕووەوە.
لە ساڵی ١٦٢٩دا کوردستان لەسەر بناغەی شیعە و سوننی مەزەب لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئێراندا دابەش کرا، بەو پێیە کوردستانی خوارو و شارەزوور و میرنشینی بابان بەر دەوڵەتی عوسمانی کەوتن. هەر لەو ساوە هەوڵ و کۆششی میرەکانی بابان بۆ بەهێزکردن و پەرەپێ سەندنی سەربەخۆیی میرنشینەکەیان دەستی پێ کرد. گەر جار و بار خزمەتگوزاری دەوڵەتی عوسمانی بووبن یان گەلێ جار لە ڕوویدا هەڵگەڕابنەوە، یا خود گەلێک جار پەنایان بردبێتە بەر ئێران یاوەکوو دەستەویەخەی ئەویش بووبن، هەمووی لە پێناوی خزمەتکردن و بەهێزکردنی میرنشینەکەیاندا بووە.
میرەکانی بابان لەوە دڵنیا بوون کە ئەگەر یەکێک لەو دوو دەوڵەتە گەورەیە بەسەر ئەوی تریاندا زاڵ بێ و دەسەڵاتی ئەوەی هەبێ لە ناوی ببا، ئەوە لە پێش هەموو شتێکەوە میرنشینی بابانی تێدا دەچێ و بە ئاسانی قووت دەدرێ، لەبەر ئەوە زۆر جار یارمەتی هێزەکانی ئێرانیان دەدا تا هێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی دەر بکەن و ناو و دەسەڵاتیان کز بکەن، کە ئەوەیان بۆ دەچووە سەر ئنجا ئاوڕیان لە هێزێکانی ئێران دەدایەوە و پەلاماریان دەدان، بەو جۆرە ئێران و دەوڵەتی عوسمانی چەند یەکتریان لاواز دەکرد میرنشینی بابانیش ئەوەندەی تر ئاگری ئەو لاوازبوونەی نێوانیانی خۆش دەکرد و بەشداریی لاوازکردنیانی دەکرد.
پەنابردنی میرەکانی بابان بۆ بەر دەوڵەتی عوسمانی یان ئێران تەنیا لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتی میرەکان خۆیان نەبوو وەک لە ڕواڵەتدا وا دیارە، بەڵکوو لە چوارچێوەیێکی فراوانتر بوو، ئەوە بوو ساڵی ١١٣٩ی کۆچی کاتێ سوپاکەی ئەشرەف خانی ئەفغانی و دەوڵەتی عوسمانی چوون بەگژ یەکدا، هێزی کوردەکان بە تایبەتی هێزی میرنشینی بابان لەتەک هێزی دەوڵەتی عوسمانیدا ئازایانە کەوتنە شەڕەوە، بەڵام کاتێ عوسمانییەکان گەیشتنە ئەوەی تەواو سەربکەون، کوردەکانی بابان بە سەرۆکایێتی خانە پاشا کشانە دواوە و وازیان لە سوپای دەوڵەتی عوسمانی هێنا، بەوە عوسمانییەکان شکان، ئەمەش لەبەر ئەوە نەبوو کە سەرۆکە کوردەکان پارەیان وەرگرتبێ وەکوو خاوەنی «دوحة الوزراء» دەڵێ، بەڵکوو لەبەر ئەوە بوو کە دەیانویست دەوڵەتی عوسمانی لەکەدار و زەرەرمەند بێ و نەیەڵن لەوە زیاتر فراوان و خاوەن دەسەڵات ببێ .
بابانەکان لەوە دڵنیابوون کە سەرکەوتنی عوسمانییەکان لەو شەڕەدا، دەبێتە هۆی لاسەنگ بوونی تەرازووی هێزەکانی ئەو ناوچەیە و ئەوەش لە بەرژەوەندی و چاکە و سوودی میرنشینی بابان نەبوو، هەروەها کاتێ کە دوەڵەتی ئێران بە پەیدابوونی نادرشا دەسەڵاتی پەیداکرد و گەیشتە ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی لە عێراقدا لە ناو بەرێ و لەوانە بوو ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی لە مەیدانی ئەو ناوچەیەدا لە هێزی ئێران بەولاوە هیچ هێزێکی تر نەبێ، میرنشینی بابان کەوتە پەلاماری سوپای نادرشا و پشتی دەوڵەتی عوسمانی گرت .
کاربەدەستانی دەوڵاتی عوسمانی و ئێرانیش بە تەنیا یان بەیەکەوە چییان لەدەست هاتبێ درێغییان لەوە نەکردووە کە میرنشینی بابان بە دەستەپاچەیی و کزی بهێڵنەوە، خۆ ئەگەر لە ڕێی شەڕ و بەکارهێنانی سوپاوە ئەوەیان بۆ نەچووایەتە سەر ئەوە لەڕێی دووبەرەکی نانەوەوە لە نێوان ئەندامانی بنەماڵەی باباندا هەوڵیان دەدا بگەن بەو نیازەیان.
هەر لە سەردەمی پەیدابوونی نادر شاوە و هەوڵ و تەقەلای نادرشا خۆی، بۆ یەکەم جار تۆوی دووبەرەکی لە نێوان خزم و کەس و کاری ئەم بنەماڵەیە چاندرا، هەر ئەو بوو توانی سەلیم بەگ بخەڵەتێنێ و لە میری بابانی ئامۆزای ڕاست بکاتەوە، هەر لەوساوە ئەو نەرێتە ناشیرین و کوشەندەیە کەوتە بنەماڵەی بابان و بووە ماکی لاوازکردن و دوایی تێداچوونی میرنشینییەکە.
کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانیش هەر لەوساوە ئەو نەخۆشییەیان کردە داردەست و هەمیشە باوک و کوڕ و برا و ئامۆزایان لەیەک دەکردە دوشمن، بەو نیازەی میرنشینی بابان هەرگیز نەبێتە خاوەن هێزێکی وا کە مەترسی هەبێ بۆ سەر دەوڵەتی عوسمانی، نەک هەر ئەوە، بگرە کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی هەرگیز ڕێگایان نەدا میرێ لە میرەکانی بابان ببێتە والیی بەغدا تا میرنشینی بابان دەسەڵاتی زۆرتر پەیدا نەکا و نەبێتە مایەی سەرێشە بۆ ئەستەمبووڵ ، بەڵکوو هەردوو دەوڵەتەکە، واتە ئێران و عوسمانی، لە برایان و کوڕانی میرەکانیان بە دەستبەسەری دەبردە کرماشان یان بەغدا و لەوێ دایان دەنان تا میرەکانی بابان چاوترسێن بکەن و لغاویان بکەنە دەم.
بە درێژایی ئەو مێژووە میرنشینی بابان، بەرزی و نزمی، فراوانی سنوور و گرژی سنووری بە خۆیەوە دی، بۆ نموونە جاری وا هەبوو فراوانی دەگەیشتە ئەوەی هەرێمی سلێمانی و کەرکووک و هەمەدان و کۆیە و قەسری شیرین و زەهاو بگرێتەوە، بە ڕادەیەکی وا کە لۆنگریک ناوی بنێ ئیمپراتۆرییەتی بابان .
ئەم میرنشینە دەیتوانی دەورێکی گەورە و باڵاتر ببینێ، بە تایبەتی پاش هیلاک بوون و لاوازبوونی هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە لە ئەنجامی چاوبرسێتی ڕوسیای قەیسەری، ئەو چاوبرسێتییەی سنووری بۆ نەبوو، ئێران و عوسمانی پەرێشان کردبوو، جا ئەو ڕۆژانە باشترین هەل بوو بۆ میرنشینی بابان تا ئامانجە نەتەوایێتییەکانی خۆی بهێنێتە دی، بەڵام کاتێک دوو دەوڵەتەکە هیلاک بوون: ئەمارەتی بابانیش لەتەک ئەوانەوە پەکی کەوتبوو بە هۆی ئەو هەموو دووبەرەکی و یەک خواردن و شەڕ و شۆڕەی بابانەکان خۆیان لە سەرێکەوە و، هەردوو دەوڵەتەکەی ئێران و عوسمانی لەسەرێکی ترەوە کە شانۆی پێکداهەڵپژانەکانیان میرنشینی بابان بوو.
دوای ڕاپەڕینەکانی عەبدوڕڕەحمان کە هەڵگری باوەڕ و هەستی نەتەوایێتی بوو و بە هیوای فراوان کردن و سەربەخۆییی میرنشینی بابان بوو، میرنشینەکە تەواو هیلاک بوو، ئیتر میرەکانی بابان نە ئەو توانا و نە ئەو هەستە بەجۆشەیان نەما کە دام و دەستگا کوردییە سەربەخۆکە دابمەزرێنن.
بێ گومان گەر لەمە ورد بینەوە، دەبینین گەلێ کۆسپ ڕێگای هێنانە دیی ئامانجەکانی میرنشینی بابانی دەگرت، لە سەرێکەوە چ ئێران و چ دەوڵەتی عوسمانی گەر کار بگەیشتایەتە ئەوەی میرنشینی بابان بگاتە ڕادەی دەسەڵات و سەربەخۆیی تەواو کە ببێتە هێزێکی سێیەم لە ناوچەکەدا و تەنگ بە هێزەکانی ئەوان هەڵچنێ، ئەوە بە جووتە دەکەوتنە گیانی و بە هەزار فڕ و فێڵ بەربەستیان دەکرد بە تایبەتی کە دەیانزانی میرنشینەکە دەبێتە مەشخەڵێک و ناوچەکانی تری کوردستان بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێ، لە سەرێکی تریشەوە سیاسەتی ئەو ڕۆژانەی جیهانیش کۆسپێکی تر بوو، هەرچەندە ئیمپریالیزمی بەریتانیا و ڕووسیای قەیسەری حەزیشیان دەکرد ئێران و دەوڵەتی عوسمانی پەرێشان بن بەڵام نەک تا ئەو ڕادەیەی پارچەیەکیان لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا لێ جودا ببێتەوە ئەگەر هی خۆیان نەبێ و بۆ خۆیان نەبێ، دەردی دووبەرەکی و خۆفرۆشتنی هەندێ لە میرەکانی بابانیش لەولاوە بوەستێ.
ئەگەر ئەو دووبەرەکییە نەبوایە، نە ئێران و نە عوسمانییەکان چارەسەری میرنشینی بابانیان پێ نەدەکرا، ئەوەتا ئەحمەد پاشای میری بابان پەنجە دەخاتە سەر ئەو زامە و بە ڕیچ دەڵێ، ئەنجامی دووبەرەکیی میرەکانمان تێداچوونی خۆمانە ئەگەرنا ئێران و عوسمانیێیەکان دەرەقەتمان نەدەهاتن گەر ئەم دووبەرەکییەیان نەکردایەتە هەل و داردەست بەدەستیانەوە .
دووبەرەکی و شەڕوشۆڕی نێوان میرنشینی بابان و میرنشینەکانی دراوسێی وەکوو میرنشینی سۆران، ئەمیش کۆسپێکی تر بوو، لەجێی ئەوەی ئەو هێزانە یەک کەون، بە پارچە پارچەیی و ناکۆکی مابوونەوە کە ئەم هۆیەیان نەک بووە مایەی لاوازی میرنشینە کوردەکان بەڵکە بووە هۆی تێداچوونی میرنشینەکانیش و بەهێزبوونی ئێران بەگشتی و دەوڵەتی عوسمانی بەتایبەتی و سەرکەوتنیان.
لەسەرێکی تریشەوە ناوچەی میرنشینی بابان وەک باسمان کرد کەوتبووە شوێنێکەوە، ببووە شانۆی بە یەکدا هەڵپژانی سوپاکانی دەولەتی عوسمانی و ئێران، کە ئەمەش زیانێکی زۆری بە میرنشینەکە دەگەیاند و دانیشتووانی ناوچەکە حاڵێکی وایان بەسەردا هاتبوو ئیتر گوێ نەدەنە ژیانێکی دامەزراوی پڕ ئاسوودەیی پێشکەوتووی وا کە کشت و کاڵ و بازرگانی تێدا گەشە بکات.
یەکێک لە کاربەدەستانی میرنشینی بابان ئەو هەستەی بە ئاشکرا بۆ ڕیچ دەرخستبوو بەوەی پێی وتبوو، ماڵ بۆ درووست بکەین و چاکی بکەینەوە و دەستی پێدا بهێنین، لە کاتێکدا کە لەوە دڵنیا نین تا سەر تیایدا بژین، ماڵوێرانی ئەم وڵاتە لە بێ ئاسایشیدایە .
بە هۆی ئەو دواکەوتنی دۆخی ئابوورییەوە، دۆخی کۆمەڵایێتیش دوا کەوت، ئەمەش بووە کۆسپ لە ڕێی پێشکەوتن و پێگەیشتنی میرنشینی بابان، چونکە دواکەوتنە کۆمەڵایێتەکە لە ئەنجامی دۆخە ئابوورییە دواکەوتووە پەرێشانەکەوە بوو.
شتێکی ئاشکرایە کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگای میرنشینی باباندا هێجگار سەرەتایی و دواکەوتوو بوون، ڕژێمی چینایێتی دەرەبەگایەتیش هێندی تر دۆخی ئابووری بەرەو وەستان و شێوان ئەبرد، ئاغا تا دوا دڵۆپ خوێنی جووتیاری دەمژی، میرەکانیش لە پێش هەموو شتێکی ترەوە گەورەترینی دەرەبەگەکان بوون، دەبوایە خەرجی بۆ خۆیان و سوپایان و دەست و پێوەندەکانیان ئامادە بکەن، هەندێکیش بۆ دواڕۆژ تەرخان بکەن، هەندێکی تریش بدەن بە بەغدا و کرماشان.
بۆ نموونە عەبدوڕڕەحمان پاشا دە هەزار تمەنی ئەدا بە حکوومەتی ئێران ، قورسایی ئەو هەموو بارەش بێگومان لەسەر شانی جووتیارەکان بوو، بۆیە دۆخی ئابووری لاواز بوو بە ڕادەیەکی وا کە کەسێکی وەکوو لازارێڤ بڵێ، لە هەموو کوردستاندا مەرکەزێکی بازرگانیی گەورە نەبوو .
شاری سلێمانی کە مەرکەز و پایتەختی میرنشینی بابان بوو، شارێکی بچووکی هەژار بوو، تەنانەت لە دواڕۆژەکانی میرنشینی بابانیشدا، بگرە لە دوای ڕووخانی ئەو میرنشینە بە ماوەیێکی زۆریش واتە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ژماری دانیشتووانی لە ١٠٠٠ ماڵ یان زۆر زۆر لە ٢١٤٤ ماڵ یا خود زۆرتر لەوە لە ٦ هەزار ماڵ تێ نەدەپەڕی .
لە ڕووی ژیانی کۆمەڵایێتی شاری سلێمانییەوە، سەرەڕای ئەو کۆمەڵگا چینایێتیەی باسمان کرد جیاوازیی کۆمەڵایێتیش هەبوو، عەشاییرەکان خۆیان بە گەورەتر و بەدەستتر دادەنا لە چاو دانیشتووانی گوندەکاندا، جووتیارەکانیش، ئەو جووتیارانەی ڕیچ باسی کردوون ژیانیان لە ژیانی کۆیلەی ئەکرد .
جا لە دۆخێکی وەها دواکەوتووی کۆمەڵایێتی و ئابووریدا، ناوچەیێکی وەها پڕ لە شەڕ و هەرا و ئاژاوە، سەرمایە ڕووی تێ ناکا و بەبێ ڕووتێکردنی سەرمایەیش ژیانی ئابووری نابووژێتەوە، هەر لەبەر ئەمەش بوو گەلێک لەو قافڵە دەوڵەمەند و گەورانەی بە کوردستاندا تێ دەپەڕین لایان نەدەدایە شارێک لە شارەکانی کوردستان .
هەر لەبەر ئەوانەش دەبینین میرێکی وەکوو مەحموود پاشا لە ساڵی ١٨٢٠دا بە دڵ حەزی دەکرد وڵاتەکەی ببووژێنێتەوە و بەرەو ڕێیەکی ڕاست بیبات، بەڵام ئەوەی بۆ نەچووەسەر چونکە نە سەرمایەی لەدەست بوو، نە سەرمایەش ڕووی دەکردە کوردستان، لەبەر ئەو هۆیەی کە سەرمایە ڕوو دەکاتە شوێنێک دۆخێکی دامەزراو و پڕ لە ئاسایشی درێژخایەنی هەبێ ، ئەوەش لە کوردستاندا بە گشتی و لە میرنشینی باباندا بە تایبەتی چنگ نەدەکەوت و نەبوو.
بەڵام ئەوانە هەمووی ئەوە ناگەیێنێ کە ئیتر دۆخی ئابووری لە جێی خۆیدا دەوەستێ و پێشکەوتن نابینێ بە خۆیەوە، بە پێچەوانەوە، هەر ئەو نیمچە پێشکەوتنە بوو لە دوایین ڕۆژەکانی میرنشینەکەدا، بە تایبەتی لە سەردەمی عەبدوڕڕەحمان پاشادا تەووژمی هەستی نەتەوایێتی پتر لە جاران دەجووڵاند، خاڵفین لەم ڕووەوە دەڵێ: نەک هەر ڕوخساری نەتەوایێتی بەڵکوو ئابووریش بوو کە ڕاپەڕینیەکانی بەدرخان پاشا و میری ڕەواندز و عەبدوڕڕەحمان پاشای بابانی دەبزواند .
هەر لەبەر ئەوەشە دەبینین ڕوخساری نەتەوایێتی لە ڕاپەڕینەکانی عەبدوڕڕەحمان پاشادا پتر لە ڕاپەڕینەکانی تری میرەکانی پێشووی بابان ئاشکرا و بە تەوژمن، ئەوەندە هەیە ئەو پێشکەوتنە ئابوورییە نەگەیشتە ئەو ڕادەیەی دەستی گۆڕین بەسەر ڕوخساری کۆمەڵگای میرنشینی باباندا بهێنێ و ببێتە هۆیێکی ڕاستەقینە و بزوێنەرێکی میرنشینی بابان بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتنی تەواو ببا.
هەتا چاو پێداخشانێکی سەرپێییش ئەوەمان بۆ دەردەخا کە میرنشینی بابان کەم و زۆر بە درێژاییی بوونی، خاوەنی ڕوخسارێکی نیشتمانپەروەری بووە.
شاری سلێمانی کە ئەمڕۆ ناوجەرگەی بزووتنەوەی نەتەوایێتی و ڕۆشنبیری کوردستانە، بابانەکان دایان مەزراند و هەر ئەوان بوون تۆوەکەیان چاند.
میرەکانی بابان شانازییان بە وڵات و نیشتمانی خۆیان ئەکرد. کاتێ خانە پاشا فەرمانی کوشتنی دوو لە سەرۆکە کوردەکانی دەرکرد، لەبەر ئەوەی لە قسەی دەرچوون وتی: ئەوەی لەگەڵمە، لەگەڵ نیشتمانە .
کاتێ لە عەبدوڕڕەحمان پاشایان پرسی کە بۆ نابێتە پاشای بەغدا، وتی: ڕاستە گەورەتر دەبم، بەڵام قومێک لە بەفراوی وڵاتەکەم ناگۆڕمەوە بە هەموو نەرێتی ئیمپراتۆرییەتەکە .
لە هەموو گرنگتر ئەوەیە کە ئەم زمانە ئەدەبییە یەکگرتووەی ئەمڕۆ کورد پێی دەنووسێ، میراتی میرنشینی بابانە، هەر لە ڕۆژانی پەیدابوونی ئەم میرنشینەوە، شێوەی خووارووی زمانی کوردی بووە زمانی ڕەسمی میرنشینەکە. بۆ یەکەم جار شاعیرانی کورد لە کوردستانی خوواروودا، بە زاراوی ئەم ناوچەیە هەڵبەستی نیشتمانییان بەسەر گەلی کورد و تێکۆشانی و میرنشینی بابان و ئامانجەکانیدا هەڵدا، شان بە شانی شیعرە دڵدارییەکانیان، شانازییان بە پاڵەوانانی کوردەوە کردووە و بۆ ڕووخانی میرنشینی بابان فرمێسکیان ڕشتووە .
عەلی بەردەشانی، شاعیری میللی، مێژوونووسی ڕاپەڕینەکانی عەبدوڕڕەحمان پاشا بووە بە شیعر. ئەم شاعیرە بە شیعرەکانی باسی ئازایی و قارەمانەتیی میرەکانی بابانیشی دەردەبڕی .
لە هەڵبەستەکانی عەلی بەردەشانی و نالی و سالم و کوردیدا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە میرنشینی بابان تا چ ڕادەیێک هەستی نەتەوایێتی بزواندووە و بڵاو کردۆتەوە، نەک هەر لە دڵ و دەروونی شاعیرەکاندا بەڵکوو لە هەست و ناخی میللەتەکەشدا، هەتا ئەمڕۆش میللەتی کورد شانازی بە دوازدە سوارەی میری بابانەوە دەکا.
شێخ ڕەزای تاڵەبانیی مەزن، لە یەکێک لە شیعرە هەرە بەرزەکانیدا شانازی بەوەوە دەکا، کە چۆن سلێمانی کاتێ نیشینگەی بابانەکان بوو، نە مەحکوومی عەجەم و نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو .
هەر لەبەر ئەوەشە دەتوانین بڵێین میرنشینی بابان گەرچی لە میرنشینەکانی تری کوردستان گەورەتر نەبوو، بەڵام ئەو دەورە نیشتمانییەی لە مێژووی گەلی کوردا گێڕای و، ئەو ئەنجامە گەورە و میراتە زۆرەی پاشی خۆی بە جێی هێشت دەبێتە هۆی ئەوەی بەبێ سێودووکردن لە پێش هەموو میرنشینەکانی ترەوە دابنرێ.
سەرچاوەکان
١- توفیق قەفتان، مێژووی حوکمدارانی بابان، بەغدا، ١٩٦٩.
٢- خالفین ن. ئا. خەبات لە ڕێگەی کوردستان، مۆسکو، ١٩٦٣ «بە زمانی ڕووسی»
٣- دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی، بەغدا، ١٩٤٦.
٤- رسول الكركوكلي، دوحة الوزراء في تاريخ وقائع بغداد الزوراء، بيروت.
٥- ساڵح قەفتان، مێژووی گەلی کورد، بەغدا، ١٩٦٩.
٦- عبدالعزيز سليمان نوار، تاريخ العراق الحديث، القاهرة، ١٩٦٨.
٧- عبدالعزيز سليمان نوار، داود پاشا والي بغداد، القاهرة، ١٩٦٨.
٨- عیزەدین مستەفا ڕەسوول، گۆڤاری کولێجی ئەدەبیات، بەغدا، ١٩٧٣، ژمارە (١٦).
٩- کلودیوس جیمس ڕیچ، الرحلة، بغداد، ١٩٥١، ج١، «ترجمة بهاءالدین نوری».
١٠- لازاریێڤ س. م.، کوردستان و مەسەلەی کورد، مۆسکو، ١٩٦٤ «بە زمانی ڕووسی».
١١- لونگریک، اربعة قرون من تاریخ العراق الحدیث.
١٢- مارف خەزنەدار، لە بابەت مێژووی ئەدەبی کوردییەوە. مۆسکۆ، ١٩٦٧.
١٣- محمد امین زکی، تاریخ سلیمانی و ولاتی، بەغدا ١٩٣٩.
١٤- میجەرسۆن، رحلة متنكرة ما بين النهرين و كردستان، بغداد، ١٩٧٠، ج١، ترجمة فؤاد جميل.