پێشەکی

لە کتێبی:
چەند لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی بابان و سۆران و بۆتان
بەرهەمی:
دوکتۆر کەمال مەزهەر
 4 خولەک  40 بینین
شوێنی سەدەی نۆزدەمین لە مێژووی گەلی کورد و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاستدا تایبەتییە. لەو سەدەیەدا ناوچەکە بەتەواوەتی تێکەڵی بازاڕی سەرمایەداری بوو. ئەو تێکەڵبوونە گەلێک ئەنجامی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دیارە سیاسیی بایەخداری لەگەڵ خۆی هێنا. لەناو گەلانی ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاستدا چین و دەستەی نوێ دروست بوون کە بە بیر و باوەڕی تایبەتیی خۆیانەوە هاتنە ناو کۆڕی خەباتەوە. پێوەندی دەرەبەگی زیاتر لە جاران بووە بار و ئەرک بەسەر شانی کۆمەڵانی خەڵکەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی بەرهەمهێنان بۆ بازاڕ بووە هۆی پووکانەوەی خێرای ئەو پێوەندیی باوکایەتییەی جاران ئاغا و بەگ و سەرەک هۆزی بە ڕەعیەت و دەست و دایەرەوە دەبەستەوە. ئەندامانی دەستەی ڕووناکبیری نوێ چاویان بڕیبووە ئەستەمووڵ و ئەو دیوی ئەستەمووڵەوە، بیریان لە دروشمەکانی شۆڕشی گەورەی فەرەنسە دەکردەوە، پێشکەوتنی ئەورووپا و پاشکەوتنی خۆیان ناخی دەروونیانی دەهەژاند. تا دەشهات وڵاتە گەورەکان زیاتر ڕێگەیان لە ناو خاکیاندا دادەکوتا و چاوچنۆکانەتر بەر دەبوونە خێر و بەرەکەت و سامانی نیشتمانیان.
 
ئەوانە بەس بوون بۆ ئەوەی لە سەدەی نۆزدەمیندا خەباتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست بگەیەننە ئاست خەباتی ئازادیخوا و دیموکراسی پەروەرانە. بەڵام زۆر و ستەمی قاجارییانی ئێران و عوسمانییانی تورکیا کارێکی ئەوتۆی کردبوو خەباتی کورد و عەرەب و ئەرمەن و ئازەری و گەلانی بەڵکان لەو ئاستەش تێپەڕێت و بگاتە ئاستی خەباتی ڕزگاریخوای نەتەوەیی. لەو سەدەیەدا بابان و سۆران و بۆتان و بادینان و موکریان و شەمدینانی کوردستانی لای خۆمان چەندین ڕاپەڕینی گەورە و هەرا و بگری خوێناوییان بە خۆیانەوە بینی. هەر لەو سەدەیەدا سەردارانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوای گەلی کورد بۆ یەکەم جار لە مێژوودا سەربەخۆیی و جیابوونەوەیان لە ئێرانی عەجەم و وڵاتی عوسمانی کردە دروشمی خەباتی ڕەوایان. دیسان هێشتا سەدەی نوزدەیەمین کۆتایی نەهاتبوو کاتێک دەنگی «کوردستان»ی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بەرز بۆوە و سەرەتایەکی نوێی بۆ نەخشاندین.
 
لەبەر گەلێک هۆ بەداخەوە زۆر لاپەڕەی بایەخداری تۆماری ئەو ڕووداوانە ونن. بڕوا ناکەم لە سەرانسەری کوردستاندا خوێنەوارێکی ئەوتۆ هەبێ چەندین جار ناوی بابان و سۆران و بۆتان بەر پەردەی گوێی نەکەوتبێ. هەرسێکیان بوونەتە ناوی ئەفسانەیی پڕ لە ئاواز و شانازی لە زمانی کوردیدا. کەچی ئینجا هەموومان تاوەکوو ئێستاش، زۆر بەداخەوە، شتێکی ئەوتۆیان دەربارە نازانین. لاپەڕەکانی ئەو ڕۆژگارە ناسکە، وەک هەموو لاپەڕەکانی تری مێژووی گەلی کورد، پێویستیان بە لێکدانەوە و تەتەڵە و هەڵسەنگاندنە. چارەنووسی مێژوونووسی کورد وەک چارەنووسی گەلەکەی خەباتی درێژخایەنی بێوچانە، دەبێت بە دەرزی بیر هەڵکەنێت، شەونخونی بکێشێت، لە هەموو دەرگا و بوارەکان بدات. قەرزی گەل و نیشتمانە، دەبێت بیداتەوە و لە قۆرت و هەڵەنگوتن سڵ نەکاتەوە.
 
دەمێکە دوکتۆر کاوس قەفتان بە هۆی چیرۆکە بەپیتەکانییەوە بۆتە ناوێکی ناسراو لای خوێندەواری کورد. بەڵام دڵسۆزان مێژووشیان لە کاک دکتۆر دەوێت، بۆیە لەوە دڵنیام «بابان و سۆران و بۆتان»ەکەی چاو و دڵی هەمووان ڕوون دەکاتەوە. دیارە دەبێت ئەم بەرهەمەی دکتۆر کاوس قەفتان سەرەتا بێت و بە زانیاری و لێکدانەوەی تر موتوربە بکرێت تاوەکوو بتوانرێت هەموو مێژووی ئەو سێ میرنشینە گەورەیەی کوردستان چۆن پێویستە وەها تۆمار بکرێت. بێگومان مایەی بەختەوەری دەبێ گەر دکتۆر کاوس بۆ خۆی ئەو ئەرکە پێویستەش بگرێتە ئەستۆ.