ئیلهامی دەروون

بەشێکە لە هەڵبەستێکی «عەلی تەرمۆکی» لە عەرەبییەوە.
لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
 1 خولەک  815 بینین
خۆ ئەگەر ژیان وەکوو خەو وابێ
گوزەران ئاخ بێ و بە مەرگ کۆتا بێ
بۆن کردنی گوڵ بکە بە پیشە
تێر تێر سەرنجی دەمەو بەیان بە
پەنجەت لە قژی نەرم و خاوا بێ
با دڵ و گیانت لەو هەستەدا بێ
ئەم ژینە بۆ تۆ زۆر پێویستیە
چاکە و بەزەیی و خۆشەیستییە
گەر با ئەیهێنا هەناسەی مردوو
مرۆڤ ئارەزووی ڕێی چاکەی ئەبوو
بەڵام مردووان ئێمەیان بیر چوو
لەگەڵ تارمایی جوانەمەرگانا
ژیان بە چەشنی بێژەنگ ئەنوێنێ
دوای گێژ سێ دانی هەر تیا ئەمێنێ
«نەیرون» زۆر قەڵای بەرزی هەڵچنی
کە هەڵسا لە خەو بە خۆی پێکەنی
تاکوو بگاتە پیرۆزیی لاهوت
ئەم چەن وشەیەی خێرا بەرچاو کەوت
یەک بەیەک پیتی بە ئاگر نوسراو
لەسەر وێرانەی تەلاری ڕووخاو:
(بەرەو کردگار، ڕێگای نزیک بوون،
گوێ گرتنە بۆ ئیلهامی دەروون)