بۆ فریشتەیەک

لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
 1 خولەک  893 بینین
دیارە تۆ پەریزادە و فریشتەی ناو نزاری
بۆیە ژیر و بەبیر و جوان چاک و بەهرەداری
لە ئاسمانی ڕەوشت و خوی دڵگیر و پەسەندا
ئەستێرەی گەلاوێژی پیرۆزی ورشەداری
لە باخی خۆشەویستی ناخی دڵ و دەرونا
گوڵێکی تاسەر گەش و تازە پشکوتوو دیاری
من دڵی خۆمم ئەدی لە گۆشەی مەینەتیدا
بەختی خەواڵوو شێوەی تۆی چۆن هێنا بە دیاری؟
هەر دوو پێی خۆمم ئەدی لەناو تەوقی گرانا
خۆشیت باران بەسەرما وەک شەونمی بەهاری
لەشم لەناو قەفەزدا وەکوو بلبل ئەگریا
گیانم کە تۆی دی فڕی بە باڵی بەختیاری
دۆزەخ بوو جێگەم تەنها هەر بەناو هێلانە بوو
بەهەشتێکت پێ بەخشیم، فریشتەی کوردەواری
بە چەشنێ سۆزی دەروون تۆی دی کەوتە بڵێسە
کزبێ ڕۆژێ لە ڕۆژان بۆ من دەردێکە کاری
هەرچەندە دێتە یادم، موچڕکی سۆز و تاسەم
هاوار ئەکا پڕ بە دەم: هەر بژی یادگاری