باسی ڕۆیشتنی خوسرەو بە بیانووی ڕاوەوە بۆ ئەترافی قەسری شیرین
لە کتێبی:
شیرین خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
12 خولەک
56 بینین
ئاهـ و نزوولەی شیرین کردی کار
خوسرەو مەیلی کرد بچێت بۆ شکار
سوپا حازر بوون هەڵ کرا عەلەم
ڕۆیشت بۆ شکار شاهی جەمحەشەم
دەنگی تەپڵ و کووس لەسەر پشتی فیل
بەرز بوو لەم میل هەتاکوو ئەو میل
بۆ دەفعی تۆز و غوبار لە ڕێگا
بۆ ئاوڕشێن چوون چەند هەزار سەقا
هەزار حوشتریش کرا ئامادە
بارکران لە فەرش لەگەڵ سەجادە
شاپوور تێگەیشت لەو ئەفسانەیە
کە بۆ ڕاو چوونی شاهـ بەهانەیە
لە عیشقی شیرین شێت و شەیدایە
بۆ دیداری ئەو ڕوو لە سەحرایە
هەتا هەفتەیەک مەشغووڵی ڕاو بوو
لە پاشان وەختێ کە ڕاو تەواو بوو
بارەگای هەڵدا شاهی تاجدار
نزیکی قەسری شیرینی نازدار
شەو بەرسەدا هات یەکجار سەرما بوو
فەسڵی زستان بوو زۆر هەوا و با بوو
بە ئەمری خوسرەو لە هەموو لاوە
وەک جەژنی نەورۆز ئاگر کراوە
بە ئارەزووی دڵ بە شادومانی
ئیسراحەتی کرد هەتا بەیانی
سبەینێ وەختی کە لە خەو هەڵسا
چەند پێک شەرابی خواردەوە ئەوسا
کە زۆر سەرخۆش بوو سواری شەودێز بوو
خێرا بەرەو ڕووی قەسری شیرین چوو
سەیریان کرد وا هات خوسرەو، کەنیزان
چوون خەبەریاندا بە شۆخی زەمان
گوتیان خوسرەوی پەروێزی ئاشنات
لەگەڵ چەند غوڵام وا لە ڕێوە هات
شیرینی دڵپاک نەختێ حەپەسا
زانی شاهـ مەستە لە حەیای ترسا
ئەمری کرد خێرا دایانخست دەرگا
چەند غوڵامێکی لە دەرێ دانا
فەرشی ئاوریشمی زۆری ناردە دەر
جێگایان چاک کرد بۆ شاهی تاجوەر
گەوهەری زۆری دا بە کەنیزان
بیکەن بە شاباش بۆ شاهی جیهان
خۆی چووە سەربان بە لەنجە و بە لار
دانیشت وەکوو مانگ کردی ئینتیزار
سەیری کرد گەردێ پەیدا بوو لە دەشت
بەو تۆز و گەردە شیرین چاوی ڕشت
سەیری کرد لەناو تۆز و گەردا شاهـ
دەرکەوت ڕووی وەک مانگ لە هەوری سیاهـ
تاجی شاهانەی نابووە سەر سەر
ڕووی دەدرەوشاوە وەک مانگی ئەنوور
خەتی لای لێوی تازە ڕووا بوو
بە ئاوی حەیات تێرئاو کرابوو
دەسکێ نێرگزی گرتبووە دەستی
وێنەی دوو دیدەی نێرگزی مەستی
شیرین خوسرەوی بەو نەوعە دی زوو
لە عیشقی باڵای کەوت و بێهۆش بوو
کە خوسرەو زانی دەرگا داخراوە
لەو دیو دەروازە قوفڵ دراوە
لە کەنیزێکی پرسی چی بووە
شیرین دەروازەی بۆ داخستووە؟
چی لە من دیوە یا چی قەوماوە
لام وایە لە من دڵی ئێشاوە
بڵێ بە شیرین من شا نیم، گەدام
غولامی ئەوم هەر بەندەی دەرگام
لەلای ئەو ساتێ دەبم بە میوان
عەیبە بۆی دەرگا داخا بە یەزدان
ئەمین بێ، هاتووم بە حەقی خودا
هەتا نەیبینم ناگەڕێمە دوا
کەنیزەکەکەی چوو بۆ لای شیرین
عەرزی کرد قسەی شاهی ڕووی زەمین
شیرین ئەمری کرد بچن هەر ئێستا
فڵان شەشتاقی زەڕکاری تەڵا
بڕازێننەوە شاهانە زۆر جوان
بپرژێنن پیا عەتر و زەعفەران
فەرشی زەڕکاری تیا ڕاخەن یەکسەر
دابنێن تێیدا کورسی زێو و زەڕ
لەپاشان بچن بۆ خزمەت خوسرەو
بڵێن پێی کەوا عەرزت دەکا ئەو
ئەگەر میوانی منە پادشا
لەو شەشتاقەدا ئیسراحەت بکا
لە پاشان منیش دەچم بۆ سەربان
تێر قسە دەکەم لەگەڵ شای جیهان
کەنیزەکێکی شیرین چوو دەرحاڵ
خەبەری برد بۆ شای بڵند ئیقباڵ
شەشتاقەکەیان زۆر باش تەرتیب کرد
خوسرەویان بۆ ناو ئەو شەشتاقە برد
شیرین کردییە بەر جلی گوڵناری
شانەی کرد پەلکی وەکوو زوناری
تاجێکی شاهی لە لەعل و گەوهەر
بە ناز و عیشوە، کەچ نایە سەر سەر
بە لەنجە و بە لار ڕۆیشتە سەربان
سوجدەی برد بۆ شاهـ وێنەی غوڵامان
لە گوێیدا هەبوو گوارەیەکی لەعل
خستییە بەر پێی ئەسپی خوسرەو لەجیێ نەعل
سەد دانە دووڕ و مرواری زۆر باش
حەوای دایە خوار بەر سمی، شاباش
کە شیرینی دی پادشای چالاک
لەسەر کورسی زێڕ کەوتە سەر ڕووی خاک
لەپاش سەعاتێ خوسرەوی پەروێز
پرسی ئەحواڵی یاری شەکرڕێز
وتی زۆر بژیی وەک سەروو ئازاد بی
دائیم سەر سەوز و جوان و دڵشاد بی
لەگەڵ من ساز بووی وەکوو شەکر و شیر
لە خزمەتی من هیچ نەتکرد تەقسیر
بەڵام بۆچ داتخست لەسەرم دەرگا
خۆ ڕووی نەداوە لە بەندە خەتا
من میوانی تۆم هیچ کەس لە میوان
دەرگا داناخات بەخوا شیرین گیان
جوابدانەوەی شیرین بە خوسرەو
جوابی دایەوە شیرینی نازدار
گوتی فیداتم شاهی تاجدار
تۆ پادشاهی لەسەر ڕووی جیهان
منیش بەیداخی تۆم وا لە سەربان
ئەگەر دەفەرمووی کە هەرگیز ئینسان
دەرگا داناخا لەسەر ڕووی میوان
خو تۆ میوان نیت بازی شکاری
دەتەوێ بگری کەوی کۆساری
گەر میوانیش بی ئامادەیە جێت
منیش کەنیزەم سەرم وا لە ڕێت
دەرگا کە داخەم حەقم بە دەستە
چونکە پادشا سەرخۆش و مەستە
تۆ مەستی منیش لێرە تەنها بم
لە بوختانی خەڵق یەقین دوور نابم
قەت مەدڕە پەردەی عیسمەتی شاهان
هەر وەکوو دڕیت تۆ لە ئەسفەهان
تۆ لە عیشقی من زۆر بێ نیازی
خەریکی یاریت نەک عیشقبازی
لە حەمدی خواوە شەکرت تەواوە
شیرین بێتامە هەنگوینی خاوە
من ڕووم لە قیبلەی ڕووی تۆ کردووە
تۆ هەزار قیبلەت تا ئەمڕۆ بووە
جیێ نابێتەوە دوو یار لە یەک دڵ
قەت دوودڵ نابێ ئینسانی عاقل
تۆ وای لەناو باغ من لە خانووی تەنگ
تۆ لە بەهەشتدای من وام لەناو سەنگ
خۆ من منداڵ نیم تۆ بە شیرینی
کە تەفرەم بدەی بمخڵەتێنی
دەفعەیەک نەمدی کە تۆ من یاد کەی
یا ڕۆژی دڵم خۆش و ئازاد کەی
کەی ناردت بۆ لام ڕۆژێ پەیامێ
کەی یادت کردم هەر بە سەلامی
پێکت لێ دەدا تۆ بەدڵی شاد
تیشەی دەوەشاند بێچارە فەرهاد
جوابدانەوەی خوسرەو
جوابی دایەوە شاهی جیهاندار
گوتی بە شیرین یاری دڵئازار
گلەییت تاڵە وەکوو زەهری مار
کانیی هەنگوینە دەمت ئەی نیگار
دڵم داناوە بۆت لەبەر دەرگا
سەرم لە کام جێ دابنێم ئێستا؟
ڕجایە لە حەق من مەکە جەفا
گوناهم نییە بە غەیری وەفا
گوناهکاریش بم دڵت ڕەحیمە
بەخشینی گوناهـ ڕەسمی قەدیمە
هەرگیز خوڵقی بەد مەکە بە مایە
بۆچ پیاوی گەورە دەکەی بێمایە
گوناهی خۆمە کەوا کەساسم
ئەم بێقەدرییە لە خۆم دەناسم
ئەگەر گوێم بگری تۆ بمفرۆشی
هیچ چارەم نییە غەیری خامۆشی
ئەگەر بخەیتە سەر ملم خەنجەر
لەژێر خەنجەرت من لانابەم سەر
جوابدانەوەی شیرین
شیرینی ئەرمەن شۆخی مەهـ پەیکەر
دەمی کردەوە وەک قوتووی گەوهەر
گوتی نابێ عیشق و گەردن فرازی
گاڵتەی پێ ناکرێ قەت عیشقبازی
سەرت بە شاهی گەلێ مەغروورە
نازانی غروور لە عیشق دوورە
تەیرێ بووم بە سەر چلی گوڵ فێر بووم
کەی فێری گەرمای ناو گەرمەسێر بووم
من لێو و دەمم بە بەفراو فێر بوو
وەک گوڵ بەدەنم لە بۆی خۆش تێر بوو
ئێستاکە لەناو ئەم خانووی بەردینە
بەهۆی تۆوەیە دڵم غەمگینە
هەموو وەختێ تۆم بەیار دەزانی
بە دۆستی وەفاکردار دەزانی
ئیتر لە مردن نیمە خۆف و بیم
گیانم بە تیغی تۆ دەکەم تەسلیم
بە مانەندی من سەروێکی ئازاد
چۆن بە دەردەوە دانیشم ناشاد
لێوم تێرئاوی زیندەگانییە
ئاوم لە جۆگەی نەوجوانییە
مانگ ڕووم ببینێ دەبێ دێوانە
چرا دەسووتێ بۆم وەک پەروانە
ڕووی من سەرخێڵی شۆخی و تەنازە
کەنیزی دەرگای من کیبر و نازە
وەلی نیعمەتی ڕێحانەم ئەی شا
خۆم وەلی عەهدی شەکرم بە خوا
ترنجی چەنەم ئەگەر بکات یاد
خەجاڵەت دەبێ نارنجی بەغداد
گەر سێوی کوڵمم بدەم بە شاهان
بازاڕی دەشکێ سێوی ئەسفەهان
ئەگەر بمبینێ کارئاسکی خەتا
خەراج بە دیدەی مەستی من دەدا
بە تای پەرچەمم مانگ دەکەم زنجیر
هەزار شێری نەڕ دەکەم بە نێچیر
لەبەر عیشقی من شوور زۆر کەوتە سەر
خوێنی هەژارم زۆر دا بە هەدەر
زۆر خوێنم ڕشتووە بە چاوی مەستم
نەڕۆی بە خوێنت ڕەنگ دەکەم دەستم
جوابدانەوەی خوسرەو
خوسرەو گوتی پێی ئەی یاری گیانی
لە من مەعلوومە تۆ یەکجار جوانی
ڕووت شوعلە دەدا لە نزیک و دوور
تۆ چرای ڕۆژی دەدرەوشێی وەک نوور
ئەگەر بڵێم ڕووت ڕۆژە ئەی نیگار
ڕۆژ بە وێنەی ڕووت نییە شوعلەدار
لە ڕق و قین و غەزەب واز بێنە
ڕێی سوڵح بگرە، توندیی مەنوێنە
هەرچەندێ گەورە غەزەب بنوێنێ
دڵی عاقیبەت ڕەحمەت دەهێنێ
هەتا بمێنم هەر تۆ دولبەرمی
نەوەک هەر دولبەر تۆ گیانپەروەرمی
تۆ بە شیرینی مەشهووری قوربان
بەتاڵی مەدوو لەگەڵ من ئامان
جوابدانەوەی شیرین
شیرین عەرزی کرد ئەی دارای عالەم
خاوەنی عەلەم سەرتاپای عالەم
من لە دونیادا کە پەدیدار بووم
بۆ تۆ بە گیان و دڵ خەریدار بووم
من عیشقم بۆ کەس غەیری تۆ نەبرد
غەیری تۆ مەیلی هیچ کەسم نەکرد
خۆم دەپارێزم لە توفانی تۆ
حەز دەکەی بەند بە حەز دەکەی بڕۆ
ساحێب شەهوەتی تۆ ئەی بێخەبەر
لە عیشق دووری ئەی خاکت بە سەر
میوانی ئاسک نابێ هەرگیز شێر
باز بە چۆلەکە ئەسڵەن نابێ تێر
بە حیلە و ئەفسوون نابی بە مەلەک
لە باوەش ناگری قەت مانگی فەلەک
من ناوم ئاوی زیندەگانییە
تۆش ناوت ئاگری نەوجەوانییە
ئاو لەگەڵ ئاگر یەک بێت و بگرێ
مەعلوومە فیتنە ڕووی دونیا دەگەرێ
لەگەڵ شەکردا بچۆ بۆ شکار
لەگەڵ شیرینا ئیتر نیتە کار
بۆچ مەیلی قەسری شیرین دەکەی تۆ
بۆ قەسری شەکری ئەسفەهان بچۆ
دەتوانم بە خودا چاوەکەم ئەلئان
بە تاری زوڵفی خۆم بتهێنمە سەربان
شیرین ئەمەی گوت دەستبەجێ خێرا
هەڵسا لە سەربان ڕووی خۆی وەرگێڕا
پشتی تێ کرد و بە لەنجە و بە لار
ویستی کە بڕوا لە حەسار بۆ خوار
خوسرەو بەسەری خۆی زۆر سوێندی دا
کە نەڕوا شیرین گەڕایەوە دوا
دیسان دانیشت و بەحیلە و دەستان
شیرینی ئەرمەن بەربووە گریان
بەڵێ ئەو کارەی عاشق بکا سست
چاکی دەزانی دڵارامی چوست
جوابدانەوەی خوسرەو
خوسرەوی پەروێز بە قسەی نەرمین
جوابی دایەوە گوتی بە شیرین
مەعلوومە کە تۆی لامپا و چەراخم
هومای گوڵشەنم تاووسی باغم
بە قسەی ناخۆش بەس بمڕەنجێنە
وەکوو زوڵفی خوت دڵم مەشکێنە
تکات لێ دەکەم یاری جەبین گوڵ
بەسە بەس تۆ غەم هێندە مەگرە دڵ
ئەگەر تۆ ئەمشەو نامکەی بە میوان
سەرم هەڵ دەگرم وا دەڕۆم ئەلئان
ئیتر لە عیشقی تۆ هەڵ دەگەرم دەست
ساقی تر زۆرە کە من بکا مەست
بە گوڵێکی تر خۆم بۆن خۆش دەکەم
دەچم شیرینی تر من نۆش دەکەم
لە دڵ دەر دەکەم عیشقی شیرین جا
شەکر زۆر هەیە بیکەم بە حەڵوا
جوابدانەوەی شیرین
شیرین ئەمەی بیست هەڵسا دەستوبرد
سوجدەی بردە بەر زەمینی ماچ کرد
گوتی یا خودا هەر کامەران بی
هەر ساحێب موڵک و ساحیبقران بی
#لە شوعلەی ڕووی تۆ دونیا پڕ نوور بێ
لە چاوی بەدکار جەمالت دوور بێ
تۆ بۆ ڕاو هاتووی شاهی ڕووی زەمین
منەت مەخەرە سەر قەسری شیرین
تۆ دەریایەکی زۆر بێ پایانی
ساحێبیی هەزار ڕازی پەنهانی
من جۆگەیەکم ئاوم ڕەوانە
قسەی ناو دڵم لەسەر زوبانە
قەت قسەی بێجێ ناکەم لەگەڵتا
بۆچ دەمڕەنجێنی بێجێ پادشا
قسەی زۆر بێجێت وا لەسەر دەستە
هەم خۆت سەرخۆشی هەم قسەت مەستە
گوستاخی مەکە لەگەڵ من ئامان
لە فیتنەی چاوم بترسە قوربان
تاتای پەرچەمم کە وەک زوننارە
هەموو تایەکی عەینەن یەک مارە
خەریکی ئەوەی بمخەیتە ناو بیر
بە بیانووی شکار نامکەی بە نێچیر
وازم لێ بێنە من دەرکراوم
لەم قەسرە چۆڵە مات و داماوم
بۆ تۆ من خۆمم وا کرد بێچارە
لە موڵک و دەوڵەت خۆم کرد ئاوارە
بناغەی دۆستیت خۆ بە بادا تۆ
بناغەی تازە دامەنێ ئەمڕۆ
تۆ بچۆرەوە بارەگاهـ قوربان
ڕەنگە سبەینێ بتکەم بە میوان
هەتاکوو ئێستا گۆشتمان نەکوڵاوە
جێمان ناتەواو حەڵوامان خاوە
جوابدانەوەی خوسرەو
خوسرەو تێگەیشت مەحبوبەی تەناز
لە سەر دەرناکا ئەسڵەن مەکر و ناز
گوتی بە شیرین ئارامی گیانم
بینایی دیدەم ڕۆحی ڕەوانم
لەگەڵما بۆچی تۆ هەر جەور دەکەی
بەبێ ڕۆن دائیم سەرم چەور دەکەی
ئەمشەو سەرمایە و فەسڵی زستانە
بەفر و باران و سەهۆڵبەندانە
بمکە بە میوان با نەمبێ سەرما
چاو دەقووچێنم بە ئەدەب بەخوا
هیچ سەیرت ناکەم بۆ خۆم بە ئەدەب
لات دادەنیشم یاری شیرینلەب
ئەگەر بێهۆشم تۆ هۆشت بردووم
سەرخۆش نیم هەر تۆ سەرخۆشت کردووم
تۆ کارێ مەکە بە دڵگرانی
بگەڕیمەوە ئەی یاری گیانی
هێندەی تر مەدە لەم دڵە تەنگە
دڵ گۆشتە قوربان نەک پۆڵا و سەنگە
دڵم مەشکێنە یاری دڵئازار
هەروەکوو فەرهاد مەمکە سەنگەسار
سەرم سووڕ ماوە چەندە دووڕەنگی
گەهـ مایل بە سوڵح گاهێ بە جەنگی
بەڵام تۆ حەقی خزمەتت هەیە
وەفای پێشین و سوحبەتت هەیە
جوابی شیرین
جوابی دایەوە شیرین هەمدیسان
گوتی بە خوسرەو ئەی شاهی جیهان
مەعلوومە ناکات شاهـ عیشقبازی
بیکات تەکلیفە درۆ و مەجازی
عاشق یەکێکە لەسەر ڕووی دونیا
هەر یارێکی بێت بەتاقی تەنیا
تانەم لێ مەدە بە عیشقی فەرهاد
غەریبە و مردوو بە چاک بیکە یاد
کوهکەن بۆ من زۆر بە مروەت بوو
برای دڵسۆزی دونیا و قیامەت بوو
هێشتا نەی دیوم فەرهادی مسکین
هەر دەنگی بیستووە تەنها لە شیرین
ئەو بۆ من کێشای هەزاران جەفا
تۆ ڕۆژی نەتگوت بە من مەرحەبا
تۆ حەڵاڵ خۆر بە، وەک بازی شکار
وەک سیسارک مەخۆ حەیوانی مردار
من قوربان بۆیە شیرینە ناوم
بە گاڵتە زۆر کەس کەوتووەتە داوم
سوێندی زۆری خوارد شیرینی دانا
گوتی بە حەقی خودای بێ هاوتا
تا مارەم نەکەی بە ئارەزووی دڵ
مەقسوودت نابێ ئەبەدەن حاسڵ
ئەم قسەیەی کرد بە توندی و بە قین
هەڵسا دابەزی لە سەربان شیرین