باسی ڕۆیشتنی خوسرەو بۆ ئەسفەهان بۆ لای شەکر خان

لە کتێبی:
شیرین خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 5 خولەک  92 بینین
خوسرەو کە وەختێ بۆ ئەسفەهان چوو
سەیری کرد ئەهلی ڕووخۆشن هەموو
شەوێک پادشا لەگەڵ یەک غوڵام
چوو بۆ قەسرەکی شەکری گوڵئەدام
لە دەروازەی دا شاهی تاجوەر
پیاوێکی شەکر لە ماڵ هاتە دەر
سەیری کرد جوانێ وا لە بەر دەردا
تاجی شاهانەی ئەو وا لەسەردا
جڵەوی بۆ گرت دابەزی پەروێز
غوڵام بردییە ناو تەویلە شەودێز
خوسرەویان بردە قەسری زەڕنشان
زۆر گرتیان قەدری بە دڵ و بە گیان
فەرمووی زوو بچن بڵێن بە شەکر
میوانی تۆیە شاهی تاجوەر
شەکر کە بیستی هات کشان کشان
بە لەنجە وێنەی سەروی خەرامان
لە زوڵفی دەڕژا نافەی میسکی چین
لە لێو و دەمی دەباری هەنگوین
دانیشت لای خوسرەو شۆخی ڕەندانە
پێکی شەرابی پێدا ئازانە
پەیدەرپەی پێکی شەرابی پێ دا
هەتا سەرخۆش بوو بە تەواوی شا
خوسرەو سەرخۆش بوو دەستبەجێ شەکر
هەڵسا لە حوجرە خێرا هاتە دەر
زۆر کەنیزەکی ڕۆم و چینی بوو
زۆر گورجی جوان و نازەنینی بوو
کەنیزەکێکی کە هاوتای خۆی بوو
بە بەژن و قامەت هاوباڵای خۆی بوو
لیباس و خشڵی خۆی زوو کردە بەر
ناردییەوە ژوورەوە بۆ شاهی سەروەر
خوسرەو سەرخۆش بوو لە غایەت بەدەر
وایزانی شەکرە بە خاتری تەڕ
گرتییە باوەش هەتا بەیانی
بە وەسڵی گەیشت بە کامەرانی
لە حوسن و جوانی خوسرەو مەدهۆش بوو
کە سواری بوو یەکجار پێی خۆش بوو
سبەینێ زۆر زوو کەنیز چووە دەر
حاڵاتی شەوی عەرز کرد بە شەکر
ئەمجا شەکری شۆخی ئەسفەهان
ڕۆیشتە حوجرەی شاهی نەوجوان
خوسرەو کە هەڵسا گوتی شەکر گیان
قەت جوانی وەک من لات بووە میوان؟
جوابی دایەوە شەکری شیرینگۆ
گوتی نەمبووە میوانی وەک تۆ
لە حوسن و جوانیا ئەمسالت نییە
یەک عەیبت هەیە پێت دەڵێم چییە
عەیبت بەتەنیا ئەمەیە قوربان
دەمت بۆگەنە ئەی شاهی جیهان
ساڵێ لەسەریەک شیر بخۆ ئەمجا
بۆگەنی دەمت نامێنێ ئەوسا
خوسرەو ئەمەی بیست دەستبەجێ ئازا
دوعاخوازی کرد گەڕایەوە دوا
بە قسەی شەکر ساڵێکی تەواو
شیری خواردەوە پادشاهی لاو
لەپاش ساڵەدوا خوسرەو هەمدیسان
لە عیشقی شەکر چوو بۆ ئەسفەهان
لە قەسری شەکر شاهی تاجدار
کرا بە میوان بە مانەندی پار
شەوێ بە بەزم و بە بادەنۆشی
بەربوونە کەیف و سوحبەت و خۆشی
کە خوسرەو مەست بوو وەک ساڵی پێشوو
کەنیزەکەکەی کردە پاڵی زوو
سەرلەبەیانی کەنیزەک هەڵسا
ڕۆیشتە دەرێ لە حوجرەکەی شا
لەپاشان شەکر هاتە لای دیسان
خوسرەو لێی پرسی گوتی شەکر گیان
ڕاستیم پێ بڵی هەتاکوو ئێستا
میوانی وەک من بووتە قەت تو خودا؟
هاتە جواب شەکر بە لەفزی شیرین
عەرزی کرد گوتی شاهی ڕووی زەمین
پاریش جوانێکی وەک تۆ هاتە لام
لەبەر بۆگەنی دەمی حەپەسام
بەڵام تۆ بۆنی دەمت زۆر خۆشە
وەک بۆنی عەترە و گوڵ و وەنەشە
خوسرەو گوتی پیێ عەیبی من کەوا
دەمبوگەنییە دەفع دەبێ ئەمما
تۆ ساحێب عەیبی زۆر بێئەندازەی
هەر شەوێ لەگەڵ یارێکی تازەی
وەک فەلەک لەگەڵ کەسدا ناسازی
لەگەڵ هەموو کەس تۆ عیشقبازی
جوابی دایەوە شەکری نازەنین
بە ناز و عیشوە و غەمزە و پێکەنین
بە حەقی ئەوەی تەنها و زیندووە
کەس شەکری منی قەت نەچەشتووە
من لەو ئیشانەی تۆ دەڵێیت دوورم
کچێکی بیکرم هەر سەربەمۆرم
کەنیزی من بوو کە شەوێ لات بوو
تا ڕۆژ پشتانی بەژن و باڵات بوو
لە نیوەشەودا کە تۆ سەرخۆش بووی
لە عیشقی باڵام مات و بێهۆش بووی
ناردمە باخەڵت تا وەختی سەحر
تۆ پێت نەزانی سەحەر هاتە دەر
وەختێ ئەمەی بیست پادشا دەرئان
هەڵسا بە گورجی ڕۆیشتە دیوان
گەورە گەورانی شاری کرد تەڵب
کردی تەحقیقی شەکری شیرین لەب
شەهادەتیان دا هەموویان یەکسەر
گوتیان کچێکی زۆر پاکە شەکر
چەند ژنێکی بۆ کەشفی نارد جا
کەشفیان کرد گەڕانەوە بۆ لای شا
عەرزیان کرد گوتیان شەکری ئەسفەهان
هێشتا هەر کچە خواردیان سوێندان
وەختێ ئەمەی بیست شاهی تاجدار
ناردییە خوازبێنی شەکری نازدار
تەدارەکی کرد جوان و شاهانە
شەکری گوازتەوە گورج و ئازانە
سەیری کرد مۆری هێشتا نەشکاوە
شەکرە لەگەڵ گوڵ تێکەڵ کراوە
لەپاش چەند ڕۆژێک شاهـ لە ئەسفەهان
کۆچی کرد چوو بۆ مەدائین دیسان
لە دوای مودەتێک تێر بوو لە شەکر
لە دڵی هەڵیدا عیشقی شیرین سەر
ئەمجا با بێینە سەر باسی شیرین
لە دووری خوسرەو عاجز بوو غەمگین
دەیگوت ئیلاهی فەریادڕەسیم کە
لوتف و مەرحەمەت بە بێکەسیم کە
بە ئاوی چاوی تیفلانی مەعسووم
بە سۆزی سینەی پیرانی مەزڵووم
بە دینی پاکی دینپەروەرانت
بە سڕی دڵی پێغەمبەرانت
لە تۆ ناپۆشم ڕازی نیهانی
دەزانی هەموو سڕی پەنهانی
هێندە سەبرم کرد پەردەی دڵ دڕا
هێزم نەماوە تاقەتم بڕا