بادەی خەم
لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
2 خولەک
875 بینین
نازانم بۆ لەناکاوا جار جار تەمێ، تەمێکی ڕەش
لەو دیو ئاسۆی دەروونەوە دێ دڵم ئەگرێتە باوەش
کە ئەو تەمە سەرهەڵ ئەدا، دڵم وەکوو ساوا ئەگری
لەقاقای پێکەنینا بێ، وەک پاییز لەتاوا ئەگری
دەستم ئەنێمە بەر ئەژنۆی خەفەت و دۆش دائەمێنم
یان هەرکەسێ خەمی لابێ ئەچم هەمووی لێ ئەسێنم
ماتەمینی بزەی لێوی هیوای گەشم ئەتاسێنێ
وەک هەڵۆ، مەلی هێمنی باخی خۆشیم ئەتارێنێ
شەپۆلی خەم گێژم ئەدا لەدەریایەکی بێ بنا
هەرگەردەلوولەوهەڵ ئەکا لە دنیای دەروونی منا
ئەوسەردەمەی کە ئەم تەمی خەمە یەخەی دڵم ئەگرێ
هەرچی گەشەی پێ ئەبەخشێ ون ئەبێ، نامێنێ، ئەمرێ
ڕۆژی ڕووناک ئاوا ئەبێ، ئەبێتە یەک تاریکە شەو
ئەگەرچی چاو تینووی خەوە، کەچی لەچاو بێزارە خەو
هەر کەبادەی ئەو خەمە نۆش ئەکا دەروونم، پەست ئەبم
دەم و دەست گێژ و وڕ ئەبم، بێ نۆشی بادە مەست ئەبم
ئەی تەمی ڕەش! ئەی بادەی خەم! نازانم بۆ، نازانم بۆ
وا دام ئەگری دێ یت و ئەچی ناگەم لەتۆ، ناگەم لە تۆ؟
سەردەمێکی باش ون ئەبی، دەروونم تاسەی تۆ ئەکا
جار جار گوڵی بەهارە کەم یادی هەناسەی تۆ ئەکا