باسی مردنی فەرهادی کۆهکەن
لە کتێبی:
شیرین خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
2 خولەک
101 بینین
خوسرەو جاسووسی زۆری دانابوو
حاڵی شیرینیان تێ دەگەیاند زوو
خەبەریان دایە گوتیان کە شیرین
چوو بۆ دیدەنی فەرهادی مسکین
لە عیشقی شیرین وا بە دەستوبرد
ئەو کێوە سەختەی پارچەپارچە کرد
ئەگەر بەم نەوعە کار بکا فەرهاد
بە یەک مانگی تر کێو دەدا بە باد
وەختێ ئەمەی بیست شاهی تاجدار
پرسی لە پیاوێ عاقڵ و هۆشیار
گوتی تەدبیرم چییە چۆن دەبێ؟
شیرینی ئەرمەن لە دەستم دەچێ
ناردیان پیاوێکی مەلعوونیان هێنا
گوتیان بە گورجی بچۆ هەر ئێستا
بڵێ بە فەرهاد خاکت بە دامان
شیرینی نازدار شای نەونەمامان
لە دونیا دەرچوو ئەی قوڕت بەسەر
هەر ڕەنجێکت دا ڕۆیشت بە هەدر
وەعدیان دایە لە زێڕ و لە ماڵ
چەند تەلەب بکات بیدەنێ دەرحاڵ
دەستبەجێ کابرا چوو بۆ لای فەرهاد
گوتی داخەکەم ڕەنجت چوو بە باد
بێ عەقڵی نەفام دڵ پڕ داغ و دەرد
ئەمجا چی دەکەی شیرین ئەمڕۆ مرد
ئەو لاشە جوانەی کە وەکوو گوڵ بوو
داخەکەم ئەمڕۆ ئەسپەردەی گڵ بوو
فەرهاد ئەمەی بیست بە پەژارەوە
لەسەر تاقی بەرد کەوتە خوارەوە
بە دەنگێکی بەرز گوتی ئاخ شیرین
گیانی تەسلیم کرد بە گیانئافەرین
شیرین لە پاشان خەبەری زانی
کەوا فەرهاد مرد بە دڵگرانی
چوو بۆ سەر لاشەی فەرهادی کۆهکەن
زۆر لاواندییەوە بە گریە و شیوەن
کفن و دفنی کرد بە ڕەسمی شاهان
سپاردی بە خاک بە دیدەی گریان
گومەزی بۆ کرد عالی و شاهانە
قەبری فەرهاد بوو بە زیارەتخانە
چونکە کوهکەن ڕەنجی بردبوو
بە ناڕەحەتی و میحنەت مردبوو
بەبێ ترس و خۆف لە تەعنەی ئەغیار
تەعزییەی بۆ کرد شیرینی نازدار
ئەمجا لە پاشان پادشای جیهان
لەو کارەی کردی زۆر بوو پەشیمان
لەسەری بار بوو غەم و پەژارە
موتەئەسیر بوو بە دڵ لەو کارە
لە دڵدا دەیگوت زۆر خراپم کرد
دەبینم جەزای ئەمە دەستوبرد