باسی ڕۆیشتنی شیرین بۆ کێوی بێستوون بۆ لای فەرهاد و ساقت بوونی ئەسپەکەی

لە کتێبی:
شیرین خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 2 خولەک  56 بینین
موبارەک ڕۆژێ لە ڕۆزگاران
شیرینی ئەرمەن لەگەڵ نازداران
باسی عیشرەتی جارانی دەکرد
قسەی گوڵگەشت و سەیرانی دەکرد
لەپاش قسە و باس سوحبەتی تەواو
باسی بێستوون ئاخر هاتە ناو
شیرینی نازدار گوتی بە یاران
دەچمە بێستوون بە عەزمی سەیران
بە میرئاخوڕی ئەمر کرد شیرین
هەڵسان دەستبەجێ ئوڵاغیان کرد زین
تەسادوف گوڵگوون لەو دەوورە نەبوو
ئەسپێکی تریان بۆ هێنا زووزوو
سوار بوو کەوتە ڕێ بەتاو و یەلغار
شیرین چە شیرین؟ وەکوو نەوبەهار
نێرگسی دیدەی مەست و بێخەو بوو
وێنەی خەرمانی گوڵی تێرئاو بوو
خولاسە ڕۆیشت شیرینی ئەرمەن
کاتێ گەیشتە نزیکی کوهکەن
پیاڵەیەک شیری دایێ دەرزمان
گوتی ئەی فەرهاد بیکە نۆشی گیان
وەری گرت لە دەست ماهی دڵارا
خواردیەوە کوهکەن دەستبەجێ خێرا
بەڵی مەعلوومە عاشقی شەیدا
یار بێت بە ساقی زەهر بێ دەیخوا
کەوتە بەری پێی بە یاهو یاهو
گریا و ناڵاندی ڕووی لە بەرپێ سوو
گوتی بینایی دوو دیدەی فەرهاد
دوور بی لە چاوی پیسی بەدنیهاد
یاخوا وەکوو گوڵ ڕووت هەر خەندان بێ
زوڵفی مشکینت با پەرێشان بێ
لە هەردوو دونیا خوا بیکا ئازاد
وەک ئەم بەندەیەی خوتت کرد دڵشاد
چونکە موفلیسم خەجاڵەتبارم
لە ئاقاری تۆ زۆر شەرمسارم
خۆ نیمە گەنج و خەزێنە و گەوهەر
تا شاباشتی کەم سەرووی سیمین بەر
هەر گیانم هەیە بیخەمە بەر پێت
بیکەم بە شاباشی خاکی بەری پێت
جوابی دایەوە شیرینی ئەرمەن
فەرمووی سەبر کە فەرهادی کوهکەن
ئەم کارە تەواو بکەی مەردانە
ئیتر نایمێنێ خوسرەو بەهانە
لەپاش قسەی زۆر دولبەری مەهوەش
گوتی بە فەرهاد دەڕۆم شەوت خۆش
ئاوزەنگی توند کرد بڕوا بەیەلغار
گلا ئەسپەکەی شیرینی نازدار
مەشهوورە دەڵێن ئەسپەکەی شیرین
ساقت بوو دەرحاڵ فەرهادی مسکین
شیرین و ئەسپی هەڵگرت بە سەرشان
ڕووی کردە سەحرای چۆڵ و بیابان
بردییە بەردەمی قەسرەکەی ئازا
لە ڕێگا ئانێ ئەسڵەن نەوەستا
‏بە شین و گریان بە واوەیلاوە‎
شیرین و ئەسپی دانا و گەڕاوە‎