باسی خەوبینینی خوسرەو
لە کتێبی:
شیرین خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
10 خولەک
59 بینین
کە لەو بەڵایە خوسرەو بوو ڕزگار
بەربووە تاعەت بۆ پەروەردگار
شەوێک لە خەودا مژدەیان پێدا
لەجێی ئەسپەکەت کەوا پەل کرا
ئەسپێکت دەبێ تیژڕەو، وێنەی با
ناوی شەودێزە بێ میسل و هاوتا
لەجیێ ئەو غەمەی کە ترش و تاڵ بوو
تووشت بوو خۆشی عومرت بەتاڵ بوو
مەحبووبەیەکی شۆخ و نازەنین
ئەتبێ مەشهوورە ناوی بە شیرین
لەجیاتی تەخت و ڕەختەکەت کەوا
دای بە خاوەنماڵ پادشای جەمجا
تەخت و تاجێکی شاهانەت دەبێ
لە ڕووی دونیا مانەندی نەبێ
لەجێی موتریبی تار و عودلێدەر
نینۆکی هەڵکەند کە شای تاجوەر
باربود ناوێ خۆشدەنگ و سەدا
دەستت دەکەوێ شازادەی دانا
لە دەستی تۆدا بەرد دەبێ بە زەڕ
موورو و زەنگوولە دەبێ بە گەوهەر
کاتێ کە خوسرەو لە خەو بوو بێدار
زۆر شوکرانەی کرد بۆ پەروەردگار
نەدیمێکی بوو مەشهوور بە شاپوور
گەڕابوو هەموو جێی نزیک و دوور
سوورەتگرێ بوو دلێر و تەڕدەست
لەسەر ئاو نەقشی جوان جوانی دەبەست
بە خوسرەوی گوت شەوێ لە شەوان
جێگایە هەیە لەو دیوی کوێستان
ژنێک پادشای ئەرمەنستانە
خاوەن شکوهـ و سوپاهـ و شانە
لەسەر کێو هەزار قەڵای بەستووە
خەزێنەی لە حەد و حیساب دەرچووە
مەشهوورە ناوی «موهین بانوو»ە
هێشتاکوو کچە، شووی نەکردووە
بە هاوین جێگای ئەرمەنستانە
لە بەهارانا شوێنی «موقان»ە
لە «ئیجاز» دەبێ هەنگامی خەزان
دەچێتە «بەردەع» فەسڵی زمستان
خۆش ڕادەبوێرێ لە داری دونیا
برازایەکی هەیە بەس تەنیا
ئەویش کچێکە جوان و نازەنین
ناوی شیرینە و کەلامی شیرین
هەزار عاشقی هەیە دێوانەن
لە دەوری شوعلە ڕووی وەک پەروانەن
بڕژانگەکانی پڕ غەمزە و غونچە
مەمک و چەنەی سێو و ترنجە
چاوی کارئاسکی سەحنی حەرەمە
زوڵفی ڕێحانەی باغی ئیرەمە
دڵڕفێنێکە مانگی چواردەمین
ون دەبێ ئەگەر ببینی شیرین
کەنیزی زۆری هەیە بێ حیساب
جوانن بە وێنەی مانگ و ئافتاب
بە باڵا وەکوو ئازادە سەرون
بە لەنجە و بە لار وەکوو تەزرون
ئەسپێکی هەیە شیرین، بێهاوتا
تۆزی ناشکێنێ کە غار بکات، با
بەسراوەتەوە بە زنجیری زێڕ
لە سەیرکردنی ئینسان نابێ تێر
هەر وەک کەس نییە وێنەی شیرین جوان
هیچ ئەسپیش نییە وەک شەودێز قوربان
کاتێ ئەمەی گوت شاپووری دانا
خوسرەو شعوور و ئارامی نەما
گوتی بە شاپوور یاری وەفادار
گەر چارەم نەکەی لە دەس دەچێ کار
هەڵسە کوڕانە ئەی مەردی مەیدان
بێ تەئخێر بڕۆ بۆ ئەرمەنستان
گەر زانیت شیرین دڵی نەرم دەبێ
بە ئاگری عیشق دڵی گەرم دەبێ
باشە خۆ ئەگەر دڵڕەق بوو وەک بەرد
بێ فائیدە نەکوتم، با ئاسنی سەرد
خولاسە شاپوور بەیانی هەڵسا
ملی ڕێگای گرت بەتاقی تەنیا
بە شەو و بە ڕۆژ شاپووری پڕ فەن
ڕۆیشت بە مانگێ گەیشتە ئەرمەن
تووشی جێیەک بوو پڕ سەوزە و گوڵ بوو
پڕ لە ڕێحانە و شەوبۆ و سونبول بوو
شیرینی ئەرمەن شۆخی نازەنین
دەهاتە ئەوێ هەنگامی هاوین
کڵێسایەکی لێ بوو بێ ئەمسال
چەند قەشەی تیابوو پیر و کۆنەساڵ
شاپوور لە ڕێوە چوو بۆ کڵێسا
گوتی بە قەشە ئەی پیری تەرسا
پیم بڵێ ئاخۆ شۆخانی نازدار
وان لە کام جێگا لە کام مێرغوزار
جوابی دایەوە قەشەی کۆنی پیر
گوتی بە شاپوور مەردی دانا و ژیر
لە داوێنی ئەم کەژ و کۆسارە
سەحرایەک هەیە گوڵ و گوڵزارە
سبەینێ پەریڕوویان بە یەکجار
دێن بۆ ئەو شوێنە بۆ سەیری گوڵزار
سەرلەبەیانی لە پێشدا شاپوور
ڕۆیشتە ئەوێ بە دڵی ڕەنجوور
شکڵی خوسرەوی، کێشا دەستوبرد
بە درەختێکا ئاوێزانی کرد
لە جێگایەکدا جا خۆی کرد پەنهان
هەتا نەیبینن کەنیزە و کچان
لەپاش سەعاتێ سەیری کرد شیرین
لەگەڵ کەنیزان شۆخی نازەنین
هاتن بە کەیف و بە شادی و خۆشی
بەربوونە عیشرەت بە بادەنۆشی
شیرینی ئەرمەن سەری هەڵبڕی
بە درەختەوە سوورەتەکەی دی
ئەمری کرد چوون و سوورەتیان هێنا
کە تەماشای کرد مات بوو حەپەسا
ئەندامی لەرزی ڕووی هەڵبزڕکا
هۆش و شعووری هیچ لەلا نەما
کەنیزە و کچان لەمە زۆر ترسان
سوورتەکەیان وەرگرت دڕاندیان
گوتیان بە شیرین ئەم شکڵە جوانە
یەقین بزانە هین پەرییانە
ئەم مێرغوزارە پڕ دێو و پەری
بڕۆین با نەبین شێت و سەرسەری
ئەو شەوە لەوێ مانەوە فەردا
بۆ باغێکی تر ڕۆیشتن ئەمجا
شاپوور لە پێشدا چووبوو هەمدیسان
شکڵی خوسرەوی کێشابوو زۆر جوان
بە درەختێکا هەڵی واسیبوو
خۆی شاردبووەوە وەک ڕۆژی پێشوو
شیرین هات لەگەڵ کەنیزان بە ناز
بەربوونە عیشرەت بە لێدانی ساز
شیرین شکڵەکەی دیسان دی زانی
ئەمە سڕێکی تیایە پەنهانی
زبانی بەسرا شعووری نەما
بەربووە گریان بێ دەنگ و سەدا
بە کەنیزێکی فەرموو ئازانە
بڕۆ بۆم داگرە ئەو شکڵە جوانە
کەنیزەیەکی شیرین حاڵی بوو
چوو سوورەتەکەی لێ شاردەوە زوو
هاتەوە گوتی ئەو ڕەسمە قوربان
کاری پەری بوو لێی کردین پەنهان
ڕۆیشتن لەوێش بۆ دەشتێکی تر
شیرین زویر بوو پەرێشانخاتر
شاپوور هەر وەکوو جارانی پێشوو
لە پێش ئەواندا خۆی گەیاندبوو
دیسان سوورەتی خوسرەوی لەوێ
هەڵواسی لە پێش هاتنیان شەوێ
شیرین دەگەڕا بۆ سەیری گوڵان
سوورەتەکەی دی لەوێ هەمیسان
موتەحەیر بوو زۆر سەری سووڕ ما
لەلای مەعلووم بوو سڕێکی وا تیا
سوورەتی هەڵگرت ماچی کرد بە دڵ
بەربووە گریان زۆر بە سۆز و کوڵ
کەنیزەکەکان ئیتر کۆڵیان دا
تێ گەین شیرین پەشێوە ئەمجا
عەرزیان کرد قوربان مەبە دڵئازار
چارەیەک دەکەین ئەی شۆخی نازدار
شیرین پێی گوتن نەماوە فامم
بۆ ئەم سوورەتە زۆر بێ ئارامم
وەرن با بەزمێ بگرین پەیاپەی
لە نەشئەی چاوی تێر بنۆشم مەی
پێکی شەرابی دەخواردەوە جا
سوجدەی دەبردە بەر سوورەت خێرا
دەیگوت چاوەکەم ئارامی گیانم
تۆ سوورەتی کێیت ناوت نازانم؟
لەپاش سەعاتێ شاپوور پەیدا بوو
کە چاوی پێ کەوت شیرین زانی زوو
ئەم کارە ئیشی ئەوە بە یەقین
ناردی هێنایان بۆ خزمەت شیرین
بەخێرهاتنی کرد فەرمووی ئەی برا
لە کوێوە هاتووی؟ پێم بڵێ تۆ خوا
جوابی دایەوە گوتی بە قوربان
بەندە گەڕاوم هەموو ڕووی جیهان
خەبەرم هەیە لە ئیشی دونیا
لە هەموو عالەم هەتا لە سەما
شیرین کە زانی گوستاخە ئەمجا
گوتی ئەم شکڵە چی دەڵێت ئایا؟
ئەمە پەرییە یاخوو ئینسانە
نەتەوەی ئینسان کەی هێندە جوانە؟
شاپوور عەرزی کرد ئەم شکڵە قوربان
هینیی شەخسێکە پێت دەڵێم پەنهان
لە حەقیقەتی زۆر چاک دەزانم
پێت دەگەێنم ڕۆحی ڕەوانم
شیرین ئەمری کرد ڕۆین کەنیزان
مانەوە لەوێ تەنها هەردووکیان
شاپوور گوتی پێی ئەم شکڵە قوربان
وێنەی خوسرەوە نەوەی نەوشیروان
شاهی مەدائین فەرەیدون قەدرە
لە حوسن و جوانی مانەندی بەدرە
خولاسە شاپوور گوتی بە شیرین
تۆ فکرت چییە شۆخی نازەنین؟
من بۆ دەردی تۆ لەلامە دەرمان
دەردی خۆت مەکە لە تەبیب پەنهان
شیرینی ئەرمەن توند بوو ئەوەڵ جار
بەڵام کە چونکوو بووبوو گرفتار
عوزری هێناوە گوتی تۆ خوا
زۆر پەشێوحاڵم ئەی مەردی دانا
ئەم شکڵە دڵی لێ سەندووم تەواو
سوورەت پەرستم بەدناوم بەدناو
بگەرە فریام دەخیل و ئامان
بە فریات دەگەم منیش بەقوربان
ڕازی دڵی خۆم وا من کرد ئیزهار
تۆش ڕاستی بڵێ مەردی ئەفسوونکار
شاپوور کە زانی شیرین پەشێوە
لەبەر دەردی عیشق شێتە و کالیوە
گوتی بەڕاستی ئەم وێنە جوانە
دەستکردی منە تەحقیق بزانە
بۆ ئەم وێنەیە هێندە شپرزەی
گەر خۆی ببینی ئاخۆ چی دەکەی؟
سەوزەی خەت لە ڕووی هێشتا نەدراوە
بۆ گرتنی دڵ پەرچەمی داوە
لە تای پەرچەمی سونبول دەبارێ
لە دەمی شەکر و نوقڵ دەبارێ
بە ئەسڵ و نەسەب نەوەی جەمشیدە
بە حوسن و جوانی مانگ و خورشیدە
لەگەڵ ئەم هەموو حوسن و جەمالە
ئەویش لە عیشقت پەرێشان حاڵە
منی ناردووە تۆی بۆ بکەم ڕام
ڕاستی ئەمەیە، باقی وەسەلام
شیرین ئەمەی بیست سەعاتێ مات بوو
گوتی بە شاپوور عاقڵی نیکخوو
تەدبیرم چییە پێم بڵی تۆ خوا
دەوای دەردم کە، ئەی مەردی دانا
شاپوور عەرزی کرد شازادەی نازدار
زوو بچۆرەوە هەر ئێستا بۆ شار
بەیانی هەڵسە بە ڕەسمی شکار
سواری شەودێز بە، بڕۆ بەیەلغار
میل بە میل ببڕە ئازانە ڕێگا
شەودێز تیژڕۆیە هیچ کەس پێت ناگا
ئەموستیلەیەکی لەعلی خوسرەو شا
شاپوور هێنابووی بە شیرینی دا
گوتی لە ڕێدا ئەگەر دیت خوسرەو
ئەم ئەموستیلە نیشان بدە بەو
ناڵی ئەسپەکەی خوسرەو ئاڵتوونە
سەرتاپا هەمووی لەعلی گوڵگوونە
ئەگەر لە ڕێدا نەبوو تووشی تۆ
ڕێگای مەدائین بگرەبەر بڕۆ
کاتێ گەیشتیتە شاری مەدائین
دەبینی قەسر و باغ و خەزاین
بچۆرە قەسری شازادەی نازدار
کەنیزی تیایە هەزاران هەزار
لەناو ئەو قەسرە ببە بە میوان
ئەموستیلەکە نیشان دە بەوان
ئینتیزار بکە هەتا دێت خوسرەو
ئەوسا دەبینی حوسن و جوانی ئەو
منیش دوابەدوات دێمەوە ئەوێ
هیچ خەفەت مەخۆ قەزات لێم کەوێ
وەختێ ئەمەی گوت شاپووری دانا
ڕۆیشت و شیرین مایەوە تەنیا
کەنیزەکەکان بە لەنجە و بە لار
هاتنەوە بۆ لای شیرینی نازدار
ئەمری کرد دەرحاڵ لەوێ کۆچیان کرد
ڕۆیشتەوە شار شیرین دەستوبرد
شەو بەسەرا هات گوتی بە بانوو
بۆ گەشتی سەحرا هەمە ئارەزوو
دەمەوێ سواری شەودێز بم فەردا
بڕۆم بۆ سەیری گوڵگەشتی سەحرا
جوابی دایەوە بانووی میهربان
گوتی ئارامی جەرگ و دڵ و گیان
شەودێز سەرکێش و توندە دەیزانی
وریا بە نەکات زۆر توندڕانی
خودا نەکردە نەک چاوی بەدکار
پێت هەڵ بهێنێ بکەویتە خوار
بانوو لە خەوا بینیبووی کەوا
لە دەستی بازێک بووبوو بەرەڵا
سەرلەبەیانی کە هەڵسا شیرین
کەنیزان دەوریان گرت وەکوو پەروین
کردیانە بەریان جلی غوڵامان
ڕۆیشتنە سەحرای چۆڵی بێ سامان
لە پاش سەعاتێ شیرینی نازدار
شەودێزی توند کرد تێپەڕی بەغار
چواردە شەو و ڕۆژ بەبێ مودارا
قەتعی کرد هەرد و ڕێی دەشت و سارا
ڕۆژی چواردەمین گەلێ ماندوو بوو
لە تۆز و خۆڵدا لەشی غەرق بووبوو
ڕێگای کەوتە ناو گوڵ و گوڵزارێ
کانی و سەراوێ خۆش چشمەسارێ
ئەسپی بەستەوە لیباسی داکەند
ڕۆیشتە ناو ئاو شۆخی دڵپەسەند
خۆی خستە ناو ئاو وەک کۆمەڵی نوور
ئاو لە چاوی هات ئاسمان لە دوور
با لەناو ئاودا خۆی بشوا شیرین
بێینەوە سەر باس خوسرەوی مسکین