بِسْمِ ٱللّٰهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيم
لە کتێبی:
شیرین خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
4 خولەک
121 بینین
وەختێ کە کسرا دەرچوو لە دونیا
هورمزی کوڕی بوو بە پادشا
بە عەدالەت و بەندەنەوازی
وەک کیسرا هەموو خەڵقی کرد ڕازی
ئەولادی نەبوو زۆر کردی ئیحسان
هەتا کوڕێکی پێ بەخشی یەزدان
تاقە دوڕێ بوو لە دەریای شاهی
مانەندی نەبوو لەمەتە ماهی
ڕووی وەکوو ڕۆژ بوو دەمی شەکرڕێز
باوکی ناوی نا خوسرەوی پەروێز
پەروەردە دەکرا بە شەکر و شیر
دەشۆرا دائیم بە عەتر و عەبیر
کاتێک عومری بوو بە حەوت ساڵە
ڕووی گەشایەوە وەکوو گوڵاڵە
چەند مامۆستایان لە ئەتراف هێنا
دەرسیان پێ دەدا لەناو قەسرێکا
عومری شازادە کە بوو بە دە ساڵ
بوو بە کوڕێکی بە عەقڵ و کەماڵ
بوو بە چواردە ساڵ کە عومری ئەمجا
حەزی لە عیلمی ڕمڵ دەکرد ئەوسا
بوزورگ ئومێد ناو عالمێ هەبوو
لە عیلمی نجووم زۆر شارەزا بوو
ناردی بە شوێنیا خوسرەو پەنهانی
گوتی کلیلی گەنجی ئاسمانی
تۆی دەریای عیلم و عیرفان و فەرهەنگ
لە داوێنت قەت من بەرنادەم چەنگ
پێم بڵێ دەرسی نجووم و ئەفلاک
لە زوحەلەوە هەتاکوو ژێر خاک
خولاسەی کەلام بە وەختێکی کەم
فێر بوو علوومی نجوومیش دەردەم
خۆشتری ئەویست باوکی لە گیانی
بێ ئەو نەیدەکرد هیچ زیندەگانی
هورموز ئەمری کرد بە هەموو شاردا
بە کوچە و مەیدان بە ناو بازاڕدا
جاڕچی جاڕی دا کە بە ئەمری شا
ئەگەر وڵاغێک لە دەغڵ بخوا
یاخود لە باغی یەکێ بێ ڕوخسەت
میوەیەک بچنێ دەکرێ سیاسەت
ئەگەر نێرینە لەگەڵ نامەحرەم
دانیشێ جەزا دەبینێ دەردەم
ئەساسی عەدلی وەکوو نەوشیروان
دانا دووبارە لەسەر ڕووی جیهان
قەزا وای هێنا خوسرەوی نازدار
ڕۆژێ لە ڕۆژان ڕۆیشت بۆ شکار
نێچری زۆری گرت بە دڵی شاد
کە گەڕایەوە شازادەی ئازاد
دێیەکی جوانی لە ڕێدا تووش بوو
ئەترافی پڕ بوو لە گوڵی خۆشبوو
لەناو گوڵاندا خوسرەو بە خۆشی
دەستی کرد بە عەیش، بە شەرابنۆشی
شەو بەسەرا هات مایەوە لەوێ
نەیهێشت هیچ کەس خەو لە چاوی کەوێ
بە کەیف و عەیش و بە شادی و بە زەوق
بە شەراب خواردن بە گۆرانی و شەوق
ئەسپەکەی خوسرەو بە ئەمری خوا
شەو لەسەر ئاخوڕ بووبوو بەرەڵا
لەناو دەغڵێکا بە تەنیا بێباک
هەتا بەیانی لەوەڕابوو چاک
غوڵامێکیشی ڕۆیشت بە دزە
لە باخ بەرسیلەی هێنا بۆ مەزە
وەختێ بەیانی پیاوێکی بەدکار
ڕۆیشت خەبەری برد بۆ شەهریار
گوتی شازادە بێڕەسمی نواند
نەترسا ئەمشەو ئەمری تۆی شکاند
ئەسپەکەی کەوتە ناو دەغڵێ ئەمشەو
هەتا بەیانی کەس نەیکردووە خەو
لە دەنگی عود و چەنگ و دەف و تار
ئەهلی ئەو دێیە هەموو بوون بێزار
غوڵامێکیشی چووە بە دزە
لە باغ بەرسیلەی بردووە بۆ مەزە
وەختێ ئەمەی بیست هورموز دەستوبرد
ناردی چوارپەلی ئەسپەکەی پەل کرد
غوڵامەکەشی بە خاوەن باغ دا
فەرمووی تا دەمرێ خزمەتت بکا
ئەو تەخت و ڕەختەی برابوو بۆ ڕاو
بەخشی بە خاوەنماڵەکە تەواو
ناردی عود و تارلێدەریان هێنا
هەر دە نینۆکی لە بێخ دەرهێنا
تار و عودەکەی پارچەپاچە کرد
فەرمووی بۆم بێنن خوسرەو دەستوبرد
خوسرەوی پەروێز ئیتر حاڵی بوو
بێئەمری کردووە هەڵسا زووبەزوو
چەند پیاوی پیر و عالمی هێنا
تا شەفاعەت کەن بۆی لای پادشا
بە شین و زاری عالمەکانی پیر
لە پشتیانەوە خوسرەو وەک ئەسیر
کفنی کردە بەر تیغی هەڵکێشا
بە دەستییەوە گرت چوونە خزمەت شا
کە چوونە دیوان بە دڵی غەمناک
لە بەر تەختی شا خۆیان خستە خاک
گوتیان شازادە منداڵە قوربان
مەرحەمەتت بێ بیبەخشە پێمان
ئەوەندە بە کوڵ گریان پادشا
بەزەیی پیا هات زۆر دڵی سووتا
بە گریە و زاری بە واوەیلاوە
لە خوسرەو خۆش بوو دڵخۆشی داوە