مەشق 10 / MEŞQ 10

لە کتێبی:
نووسینی کوردی بە لاتینی
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
 3 خولەک  112 بینین
ئەم نامەیەی خوارەوە بکە بە تیپی لاتینی:
 
هەولێر ١ی جۆخینان ساڵی ٢٥٦٩ی کوردی ٢١ی حوزەیران ساڵی ١٩٥٧ی فەڕەنگی
 
هاوڕێی خۆشەویست کاک دلێر:
 
هەموو کاتێکتان باش
 
بە پەرۆشەوە، بە تاسە و ئارەزوویەکی زۆر بە جۆشەوە هەواڵتان ئەپرسم، بەڕاستی کاکە گیان دەمێکە پەشۆکاوی نەگەیشتنی نامە شیرینە غەمڕەوێنەکانتم. هیوام وایە هۆی خستنە پشت گوێی بە مل خۆشیا کەوتن بێ.
 
برا گیان:
 
ئەوا پێمان نایە هاوینەوە و شەپۆلی گەرما بە جارێک هەموو لایەکی گرتەوە، بێگومان ئێوەش دەمێکە لە هاوینە هەوارەکانی کوردستان بێ بەشن بەهۆی دووریتانەوە لە وڵات. لەبەر ئەوە زۆرم حەز ئەکرد لەم هاوینەدا سەرێکتان لێ بداینایەوە تا پێکەوە لە هاوینگا دڵفڕێنەکانی شەقڵاوە و حاجی هۆمەراندا چەند ساتێکی پڕ لە خۆشی و کامەرانیمان ببردایە سەر. وا لەگەڵ ئەم نامەیەشدا چەند چاپکراوێکی تازەی کوردیم بۆ ناردیت بۆ ئەوەی لەو غەریبییەدا سەبووری خۆتانی پێ بدەنەوە.
 
نامەوێ نامەکەم زۆر درێژ بکەمەوە چونکە ئەزانم ئیشت زۆرە و وەختت کەم. بەڵام هەر ئەوەندە ئەڵێم ڕۆژ بە پەنجە ئەژمێرم هەتا بە بینینتان شاد ئەبمەوە... ئیتر هەر بژیت بۆ هاوڕێی دڵسۆزت کاکە گیان.
 
دڵسۆزی ڕاستیت
 
ئازاد سەیدۆک
 
Hewlêr
 
1 î Coxînan sal̈î 2569 î kurdî
 
21 î Ḧuzeyran sal̈î 1957 î fer̈engî
 
Hawr̈êy xoşewîst kak Dilêr:
 
Hemû katêktan baş:
 
Be peroşewe, be tase û arezûyekî zor be coşewe hewal̈tan epirsm; ber̈astî kake gyan demêke peşokawî negeyiştinî name şîrîne ẍemr̈ewênekantim. hîwam waye hoy xistine pişt guwêy be mil xoşiya kewtin bê.
 
Bira gyan:
 
Ewa pêman naye hawînewe û şepolî germa be carêk hemû layekî girtewe; bêguman êweş demêke le hawîne hewarekanî kurdistan bê beşin behoy dûrîtanewe le wil̈at. leber ewe zorim ḧez ekird lem hawîneda serêktan lê bidaynayewe ta pêkewe le hawînga dil̈fr̈ênekanî Şeql̈awe w Ḧacî-Homeranda çend satêkî pir̈ le xoşî û kameranîman bibirdaye ser. wa le gel̈ em nameyeşda çend çapkrawêkî tazey kurdîm bo nardît bo ewey lew ẍerîbîyeda sebûrî xotanî pê bidenewe.
 
Namewê namekem zor dirêj bikemewe çunke ezanim îşit zore w wextit kem. Bel̈am her ewende el̈êm r̈oj be pence ejmêrim heta be bînîntan şad ebimewe... îtir her bijît bo hawr̈êy dil̈sozit kake gyan.
 
Dil̈sozî r̈astît
 
Azad Seydok