چەند وشەیەکی پێویست
لە کتێبی:
نووسینی کوردی بە لاتینی
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
10 خولەک
73 بینین
هاونیشتمانی بە شەرەف:
دەمێکە بەو ئاواتەوەم ئێمەش وەک گەلە زیندووەکانی جیهان نووسینێکی ڕێکوپێک و ئەلفوبێیەکی یەکگرتووی بێ گرێ و گۆڵمان ببێ و ئیتر لەم پاشا گەردانێی نووسین و هەر کەس بۆ خۆییە ڕزگارمان ببێ. بەڕاستی زۆر نەنگ و شوورەیییە پیاو هەست بە ناتەواوی خۆی بکا و کە چی چاوی لێ داخا و لە بەرامبەریا دەستەوستان دانیشێ، بێ ئەوەی هەوڵێ بدا بۆ نەهێشتنی کەم و کورتی و ڕاستکردنەوەی بارچەوتی. ئیمڕۆ ئێمە ئەگەر سەرنجێکی سەر پێیی بدەینە ژیانی گەلەکەمان گەلێک کەلێن و بۆشایی تیا ئەبینین کە چاوەڕوانی پڕکردنەوەن. نەک لە ڕووی زمانەوە، بەڵکوو لە هەموو سووچ و گۆشەیەکەوە. چە کۆمەڵایەتی، چە ئابووری، چە سیاسی، چە خوێندەواری، هەتاد! دیارە چارکردنی ئەمانەش وەنەبێ لە وزەی تاقە کەسێکدا بێ؛ بەڵکوو پێویستی بە هەرەوەزێکی گشت لایی و تێکۆشانێکی تێکڕایی هەیە. پیاوی دڵسۆزی تێگەیشتووش ئەوەیە بەر لەوەی دەست بداتە هەر ئیشێک هێز و دەسەڵاتی خۆی لێک بداتەوە و بە تەرازووی بیر و هۆش بیکێشی و ئەو حەلە بچێتە ئەو مەیدانەوە کە ئەتوانێ تیا ڕمبازێن بکات، و کە پێی نایە مەیدانەوە ئەبێ هەرگیز لە تاودان و خۆ پێشخستن پشتی سارد نەبێتەوە و ببڕای ببڕای کۆڵ نەدات تا ئەگاتە قۆناغ، ئەگەرچی کەند و کۆسپی ڕێگەش جاروبار بیگلێنێ و بەرهەڵستی بکات.
هاونیشتمانی خۆشەویست:
تاقە سەرنجێکی پچکۆلە بۆمان دەر ئەخا کە ئێمە لە هەموو شتێکدا دوا کەوتووین. بەڵێ، لە هەموو شتێکا... یەکێک لەو شتانە زمانە. جا کەواتە بام چاکی خەبات بکەین بە لادا و تێ بکۆشین لە پێناوی زیندووکردنەوەی زمانەکەمان و یەکخستنی شێوەکانی و بژارکردنی و دانانی ئەلفوبێیەکی یەکگرتوو بۆی.
زمان شتێکی کەم نییە، چونکە گرینگترین هۆیەکە بۆ لە یەک گەیشتن و دەربڕینی هەستی مرۆڤ. بۆیە شایانی خزمەت کردن و ڕێز لێ گرتنە. گەلە خوا پێداوەکان ساڵی بە ملیون دینار بەخت ئەکەن لە ڕێی پێشخستنی زمان و ئەدەبەکەیانا و بە سەدان کۆلێج و دانیشگای تایبەتی بۆ دروست ئەکەن و پسپۆڕ و شارەزایانی لە هەموو لایەکی دنیاوە بۆ پەیدا ئەکەن، بێجگە لەوەش پەیتا پەیتا، پڕووپاگەندەی بۆ ئەکەن، بگرە ڕۆژەی هەزاران چاپکراوی پێ چاپ ئەکەن. تەنانەت یەکێک لە گۆڤارە ئەمەریکایییەکان نووسیبووی: «ڕۆژی ۲۰۰ هەزار چەشن چاپکراو بە زمانی ئینگلیزی دێتە بازاڕەوە». کە چی ئێمەش بە ناشکوری نەبێ ئەگەر لە ساڵێکا نامیلکەیەکمان بە هەزاران دەردیسەر بۆ پێک بهێنرێ ئەبێ لە کون و قوژبنی دوکانی کتێبفرۆشەکانا ببێتە خۆراکی مشک و مۆریان.
هیچ گومانی تیا نییە کە زمانەکەمان پاش کەوتووە و پێویستی بە خزمەتە. جا یەکەمین هەنگاو کە ئەبێ بینێین لەم ڕێگەیەدا یەکخستنی شێوەکانیەتی بە جۆرێک هەموو کوردێک لەوی تر بگات، بە پێچەوانەی ئێستەوە کە بە هۆی نەبوونی تێکەڵی و کەمی خوێندەواری و بەرهەڵستی جوغرافییەوە، شێوەکان بە جارێک لە یەک دوور کەوتوونەتەوە. دیارە پلەی یەکەم بۆ نیزیککردنەوەی ئەو شێوانە دانانی ئەلفوبێیەکی یەکتایە کە هەموو لایەکی کوردستان پێڕەوی بکات، چونکە ئەم تیپە عەرەبییانەی ئێستە بە کاریان ئەهێنین ئەگەرچی دەستکاریش کرابن، دیسان ناتوانن بمان گەیەننە ئەم ئەنجامە، و هەر ئەم تیپانەن بوونەتە بەردی ڕێگر لە بەردەممانا. جا هەر چەندە لێرەدا ناتوانم بە دوور و درێژی ناتەواویی تیپی عەرەبی بخەمە بەر چاو چونکە باسی وا لەم شوێنەدا جێی نابێتەوە، بەڵکوو پێویستی بە نامیلکەیەکی تایبەتی هەیە کە بە هیوام لە دەرفەتێکی ترا ئەوەش پێشکەش بە خوێندەواران بکەم، بەڵام ئەوەندە ئەڵێم لای ڕۆشنفیکران و زمانناسەکان ساغ بووەتەوە کە زمانێکی ئاری هیند و ئەورووپایی وەک زمانی کوردی بە تیپی کەم و کورتی عەرەبی نایەتە نووسین، بەڵکوو ئەبێ بە جۆرە تیپێکی تر بنووسرێ کە پێی ئەوترێ تیپی لاتینی. هەر لەبەر ئەوەیە تێگەیشتووانی کورد لە کۆنەوە بیریان لە تیپی لاتینی کردووەتەوە. ئەگەرچی بەداخەوە ئەیڵێم هەتا ئێستە لەسەر جۆرە تیپێکی لاتینی بڕیار نەدراوە تا ببێتە بناغەیەکی توند و تۆڵ بۆ نووسینی کوردی و بڵاو بووبێتەوە بەناو گەلا. چونکە ئەوانەی خەریکی ئەم کارە بوون، پێکەوە لەسەر شتێک ڕێک نەکەوتوون، بەڵکوو هەر یەکە بۆخۆی شتێکی دروست کردووە و ویستوویەتی بە زۆری زۆردارەکی بیسەپێنێ بەسەر خەڵقیا.
وەک لە سەرەوە دەستنیشانمان کرد چەند چەشنێک ئەلفوبێی لاتینی هەیە بۆ زمانی کوردی لەمانە لاتینییەکەی میجەر سۆن و «تۆفیق وەهبی» و «محەممەد موکری» و «جەلادەت بەدرخان» و کوردەکانی ئەریڤان. هەروەها هەندێک لەو ڕۆژهەڵاتناسانەی کە وا دەستیان داوەتە فێربوونی زمانی کوردی هەر یەکەیان جۆرە تیپێکی بە کەیفی خۆی داناوە بۆ زمانەکە.
هەر چەندە لێرەدا جێی ئەوەمان نییە بە دوور و درێژی یەک یەک باسیان بکەین و چاکی و خراپیان دەر بخەین بەڵام شتێکی ئاشکرایە باشترین ئەلفوبێی لاتینی ئەوەیە کە زۆربەی زۆری خەڵقی پەسندیان کردبێ و لە نووسینا بە کاریان هێنابێ. دیارە ئەوەش ئەو لاتینیەیە کە برا کوردەکانی سوریە و هەندێک لە کوردەکانی ژێردەستەی تورکیا بە دزیەوە بە کاری ئەهێنن. ئەو تیپانەش نزیکەی 30 ساڵ لەمەوە بەر لە لایەن مامۆستا و زانای خوا لێ خۆشبووی کورد جەلادەت بەدرخانەوە پاش 13 ساڵ لێکۆڵینەوە و خەریکبوون دانراوە و هەتا ئیمڕۆ گەلێ گۆڤاری بەنرخی وەک «هاوار/Hawar»، «ستێر/Stêr»، «ڕۆژانوو/Rojanû»، «ڕووناهی/Rûnahî» پێ دەرچووە و گەلێ نووسراو و نامیلکەی نایابی پێ لە چاپ دراوە، کەواتە لاتینییەکی زیندووە و هەقی ژیانی هەیە چونکە لە بەردەم تۆف و گەرداوی ڕۆژگارا خۆی ڕاگرتووە و شوێن پێی بۆخۆی کردووەتەوە، بۆیە ئێمەش کردمان بە بنچینەکی قایم و لەم نامیلکەیەدا بڵاومان کردەوە تا وەکوو کوردەکانی عێراق و ئێرانیش ئاشنایەتی لەگەڵ پەیدا بکەن و بە کاری بهێنن بۆ نووسین.
بەڵام لەبەر ئەوەی هەندێک دەنگ هەبوون لە شێوەی سۆرانا تیپی تایبەتیان بۆ دانەنرابوو وەک (ڕێی قەڵەو/ ڕ) و (لامی قەڵەو/ڵ)، ناچار بووم هەوڵ بدەم بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە، وە بۆ ئەم ئامانجە هاوینی ڕابردوو کە بە شاما تێپەڕ بووم بۆ «لوبنان» بە خزمەت زانا و شاعیری نیشتمانپەروەری نەتەوەی کورد جەنابی «عوسمان سەبری» گەیشتم و بە دوور و درێژی ئەم باسەم لەگەڵ کردەوە. مامۆستای ناوبراو بەر لە هەموو شتێک هەستێکی پیرۆزی نیشان دا بەرامبەر بە زمانی کوردی و فەرمووی: «ئێمە زۆر پێویستیمان بە ئەکادیمییەک هەیە بۆ پاراستن و پێشخستنی زمانەکەمان و ئەبێ ئەم ئەکادیمییە لە کوردە شارەزاکانی هەموو لایەکی کوردستان پێک هاتبێ تا بتوانین بە باشی باری کەوتووی زمانەکەمان ڕاست بکەینەوە؛ بەڵام بەداخەوە ئەیڵێم پێم وایە ئەو ڕۆژە نەختێ دوورە، لەبەر ئەوە ئەبێ هەر کەسە لە ئاستی خۆیەوە دڵسۆزانە چی لە دەست دێ درێخی نەکات.» دوایی وتی: «ئەم تیپانەی کە ئێمە (کوردەکانی سوریە) بە کاری ئەهێنین بۆ نووسین، کاڵای پڕ بە باڵای زمانەکەمانە و هەموو لایەک پێی ڕازی بوون و جێی خۆی گرتووە و لە سنوورێکی فراوانا بڵاو بووەتەوە. لەبەر ئەوە دەست ئەدا بۆ ئەوەی ببێتە بناغەیەکی بەهێز و پتەو، جا ئەگەر ئەو حەلە بەپێی پێویستی شێوەکانی تر دەستکاریش بکرێ قەی ناکا».
دوایی لەسەر ئەوە ڕێک کەوتین کە (ڕێی قەڵەو/ڕ) بەم چەشنە R̈ و (لامی قەڵەو-ڵ) بەم چەشنە (L̈) بنووسرێ. پاشان وتارێکی دوور و درێژم لەم بارەیەوە بە دەستخەتی خۆی لێ وەرگرت.، و بە گەڕانەوەشم بۆ وڵات دەست بەجێ نووسراوێکم لەسەر ئەم باسە نووسییەوە و کردم بە دوو بەشەوە: لە بەشی یەکەمیا بەسەرهات و گۆڕانی نووسینی کوردیم خستە بەر چاو هەر لە خەتی شکستەی فارسییەوە تا ئیمڕۆ و هەر لەم بەشەدا باسی هەموو جۆرە لاتینییەکانم کرد و یەک لەگەڵ یەک بەراوردم کردن. لە بەشی دووەمیا لەبارەی چۆنیەتی نووسینی کوردی لاتینیەوە دوام. بەڵام لەو چەندانەدا هەندێ تەگەرەی ناهەموار هاتە ڕێم وای لێ کردم پێم نەکرێ هەر دوو بەشەکە لە بەرگێکدا بە چاپ بگەیەنم. لەبەر ئەوە بەشی یەکەمیم بە ناچاری دوا خست و بەشی دووەمیشم وا بەم نامیلکەیە پێشکەش کرد. هیوام زۆر بەهێزە کە گەنجی خوێندەواری کورد بە پەرۆشەوە خەرێکی بنبەستکردنی ئەم تیپانە بن و پشتی تێ نەکەن. تکای تایبەتیشم لە برا مامۆستاکانی ئیبتداییم ئەوەیە کە لەناو قوتابییەکانیانا وردە وردە دەست بە بڵاوکردنەوەی بکەن. هەروەها لەسەر کۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکانیش پێویستە کە لە پشتگیریکردن و یارمەتیدانمان درێخی نەکەن تاکوو ئەم هەنگاوەمان هەر بۆ پێشەوە بڕوات.
ئیتر هەر بژی هەوڵ و تێکۆشانی هەموو خاوەن هەستێکی خاوێن لە پێناوی پێکهێنان و دامەزراندنی پاشەڕۆژێکی خۆش و پڕ لە کامەرانیا بۆ نەتەوەی کوردی بە شەرەف.