باسی خەبەرزانی دایکی زۆراب لە کوژرانی کوڕەکەی بە دەستی ڕۆستەم

لە کتێبی:
ڕۆستەم و زۆراب
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  44 بینین
بۆ دایکی زۆراب کە بردیان خەبەر
وتیان کە زۆراب بە تیغی خەتەر
بە دەستی ڕۆستەم زویر و زەبوون بوو
سەرتاپا باڵای ڕەنگین بە خوون بوو
کوژرا بە تیغی زەهراوی خەتەر
چووە ژێر خاکی تاریکی بێ دەر
دایکی کە بیستی بەم نەوعە ئەحواڵ
بە ناخون هەڵی کەند قەترانی خاڵ
وتی نەوەی شێر دڵپەسەندم ڕۆ
ڕۆڵەی نازدار و هونەرمەندم ڕۆ
گوڵڕوو گوڵدەماغ نەونەمامم ڕۆ
شێری شێرزادە توخمی سامم ڕۆ
زۆرابی زەڕمشت بەچکە شێرم ڕۆ
ئازا و ڕەشید و زۆر دلێرم ڕۆ
هەر خۆم بەقوربان زڕەی کەوانت
بەفیدای های و هوی عەرسەی مەیدانت
گیانم بەقوربان گیانی شیرینت
فیدای بەزم و ڕەزم مەیدانی قینت
فیدای باڵات بم نەونەمامی نۆ
عەمرم نەمێنێ یاخوا لەپاش تۆ
قوربانی گۆنای شەوچراغت بم
فیدای زامی سەخت ئۆف و ئاخت بم
هومێدم هەیە جیهان ئافەرین
حەقت بسێنێ ڕۆڵەی دڵغەمگین
سەرتاپا جلی تەعزیەی پۆشی
لەجێی نان و ئاو خوێناوی نۆشی