باسی شەڕی دووەمی ڕۆستەم لەگەڵ زۆراب

لە کتێبی:
ڕۆستەم و زۆراب
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 9 خولەک  97 بینین
بەیانی وەختێ خورشیدی خاوەر
لە بورجی فەلەک سەری هاتە دەر
دایان لە کووس و تەپڵ و کەڕەنا
لەرزی سەرتاپا زەمین و سەما
لە لایەکەوە ئێرانی سوپا
لەژێر عەلەمدا سوپایان سان دا
فیلەتەن وەختێ کە لە خەو هەڵسا
زرێ و ئەسلەحەی جەنگی لە خۆی دا
گورز و قەڵغانی هەڵگرت وەکوو شێر
سواری ڕەخش بوو ئازانە دلێر
جا ئاوزەنگی دا لە ڕەخشی تەیار
ڕۆیشتە مەیدان عەرسەی کارزار
لەولاوە دیسان زۆراب بێ درەنگ
کردی بەبەریا ئەسلەحەی ڕووی جەنگ
ڕۆستەم بانگی کرد وتی نەوجەوان
کەوتییە ناو گێژی بەحری بێ پایان
زۆراب وتی جا خەستەی پەشێوحاڵ
من زۆر ئەپرسم ئەمڕۆ لێت سوئال
ئەگەر ڕۆستەمی پێم بڵێ ئێستا؟
تا لە مەیدانا نەبووی کەلەلا
هیچ گوێی نەدایە قسەکەی ڕۆستەم
ڕاستی پێ نەوت چە زۆر و چە کەم
وتی بە زۆراب بێ عەقڵی نەفام
بێ خەبەر لە حاڵ دنیای ناتەمام
ئێرە مەیدانی زۆران بازییە
نە جێگای مەکر و حیلەسازییە
دوو مەردی دلێر ئەمجا دابەزین
وەکوو نەڕە شێر هاتنە سەر زەمین
چەند دەفعە وتیان ئەڵڵاهو ئەکبەر
گرتیان کەمەر و پشتێنەی یەکتر
دوو کێوی ئەلبورز پێچران جا بەهەم
وەکوو ئەژدیها یا ماری ئەرقەم
ڕۆستەمی دەستان وەک شێری شکار
ناوی خودای برد بەقین و بەقار
زۆرابی هەڵگرت دایە سەر زەمین
دەسی برد هەڵی کێشا تیغی کین
هەر چەندە زۆراب وتی ئەلئەمان
دای بە سینەیدا خەنجەری بڕان
نووکی خەنجەری تیژی پڕ خەتەر
لە دڵ و جەرگی سەری چووە دەر
باڵای وەک سەروی سافی زەڕ ستوون
وەکوو گوڵاڵە ڕەنگین بوو بە خوون
جا زۆراب وتی پیری دڵ لە سەنگ
منت گوشت بە تیغ ژاراوی فەرەنگ
زۆر خراپت کرد تۆ نیتە خەبەر
لە دەستی باوکم ڕۆح نابەیتە دەر
ڕۆستەم وتی پێی کێیە باوکی تۆ؟
لە توران زەمین تو خودا ڕاست بڕۆ
وتی ڕۆستەمە شای کەمەرلاڵە
شێران لە خۆفی کەوتوونە ناڵە
گەر ببی بە تەیر پەرندەی تەیار
بە حەلقەی کەمەند ئەتهێنێتە خوار
ڕۆستەم ئەمەی بیست شادی کرد بەتاڵ
سەرسام بوو لە سام نەوەی توخمی زاڵ
وتی نیشانەت چییە لە ڕۆستەم؟
ڕاستم پی بڵی بێ زیاد و بێ کەم
وتی ها بگرە بازووبەندی لاڵ
هینی ڕۆستەمە نەوەی توخمی زاڵ
دایکم لە توران بەستییە باڵم
بۆ تۆ بێت، خۆ من پەشێوەحاڵم
ڕۆستەم سەیری کرد دانەی لاڵی بوو
یادگار بۆ کوڕی خەستەحاڵی بوو
دەستی برد یەخەی زرێی چینی کار
دایدڕی تەواو لە سەر هەتا خوار
بەربووە هاوار بە ئاوازی بەرز
گیو هات زوو لەگەڵ بەهرام و گودەرز
وتیان بە ڕۆستەم بۆچ ئەکەی هاوار؟
چیت لێ قەوماوە شێری کارزار؟
ڕۆستەم وتی پێی مەپرسن حاڵم
پشتی خۆم شکاند وێرانە ماڵم
بە ئاخری پیری لە عەرسەی نەبەرد
جەرگی فەرزەندی خۆمم پارچە کرد
خەنجەری کێشا خۆی بکا بێ گیان
گودەرز دەستی گرت، گیو گوتی ئامان
خەنجەریان لە دەست ڕۆستەم دەرهێنا
دەستیان کرد بە شین زاری و واوەیلا
گیو وتی ڕۆستەم دلێری بێباک
زۆراب لە دەس چوو خۆت مەکە هیلاک
هیچ بەقای نییە ئەم دنیای فانی
ئەو مرد تۆ بژی بە شادمانی
لە دنیا ملیۆن مەردان کۆچیان کرد
هەزارانی وەک زۆرابی تۆ مرد
لە ڕۆژی ئەزەل نووسرابوو لەسەر
باوک لە کوڕی نەزانی خەبەر
هوشەنگ شاهـ لەگەڵ جەمشید و دارا
هەموو کەوتنە خاک ژێرسەنگی خارا
ڕۆستەم جا وتی گودەرز نازانی
کەس وەک من نەبوو لە دنیای فانی
بە مەودای ئەڵماس خەنجەری بڕان
جەرگی فەرزەندم، پشتی خۆم شکان
ڕاستیان وتووە حەکیمانی زوو
چاک ئەبێ زامی تیغ بە نوشداروو
کە وا لە خەزنەی کەیکاووس شادا
وا لە سندوقی سافی تەڵادا
زۆر ڕجا ئەکەم گودەرزی دانا
زەحمەت بکێشە هانا سەد هانا
بچۆ بۆ خزمەت شای کەمەرلاڵان
عەرزی کە هەموو باس و ئەحواڵان
بڵێ کە ڕۆستەم کردوویە خەتا
جەرگی کوڕی خۆی دڕیووە ئەی شا
کەمێ نوشداروو بنێرێ بۆمان
چاوم لە ڕێیە دەخیل و ئەمان
گەر شیفا بدا خوای دادگەر
زوو لە خدمەتیا ئەبەستم کەمەر
هەتاکوو زیندووم لەسەر ڕووی بیسات
کەمەربەستەم من، حازرم لە لات
گودەرز کە ڕۆیشت گەیشتە حزوور
سوجدەی بردە بەر شاهی بێ قسوور
عەرزی ڕۆستەمی هەموو سەرتاپا
گێڕایەوە بۆ شاهی عالی جا
شاهـ وتی گودەرز تۆ هەی خەبەردار
وتم توس ڕۆستەم زوو بدە لە دار
خەیاڵی وا بوو من بکا دوستاخ
وا لە دڵمایە ئێستاش دەرد و داخ
ئەوسا تەنها بوو ڕۆستەم هەزار جار
قسەی زۆر ڕەق بوو لەلای شەهریار
چاک ببێتەوە ئەگەر فەرزەندی
لە کەس نامێنێ ترس و گەزەندی
ڕۆستەم و زۆراب یەک بگرن ئامان
زوو ئەکەن وێران ئێران و توران
گودەرز گەڕاوە بێ سەبر و ئارام
هاتەوە بۆ لای نەوەی زاڵی سام
وتی کەیکاووس بێ عەقڵ و خامە
دێوانە، مەجنون، شێت و نەفامە
خەیاڵی پوچی هێناوەتە دڵ
ئەڵێ نوشداروو لام نابێ حاسڵ
چاکتر وەهایە خۆت بچی ئێستا
زوو لێی بسێنە و ورەوە دوا
ڕۆستەم بەربووە شیوەن و زاری
فەرمووی چەند فەرشی جوانی زەڕکاری
هێنایان بۆ لای بە عەجەلە و تاو
لێی پرژاند عەتر و عەنبەر و گوڵاو
پێچای لە لاشەی فەرزەندی شیرین
پارچەی ئاوریشم دیبای کاری چین
هەڵیان گرت لە سەر خاکی سیای تار
بردیانە خێمەی خاسی زەڕەنگار
لەلای حازربوون گشت پاڵەوانان
دەستیان کرد هەموو جا بە قوڕپێوان
هەڵسا واوەیلا و شیوەن و ئەفغان
لە دلێرانی لەشکری ئێران
گەورەکان گیو و گودەرز و گوشاد
زوارە و بەهرام شیدوش و فەرهاد
سەف سەف کۆمەڵ بوون لەشکر خرۆشا
دلێران لیباسی ڕەشیان زوو پۆشا
ڕۆستەم هاواری ئەکرد ئەناڵا
ناڵەی ئەچووە سەر عەرشی باڵا
زۆراب وتی پێی نەوەی زاڵی سام
بەس بکە شیوەن بێ سوودە لەلام
تەقدیری وابوو خالقی مەعبوود
فەرزەند لە باوکی نەگات بە مەقسوود
من لە تۆم پرسی نەک جارێ چەند جار
بە هیچ نەوعێ خۆت نەکرد ئیزهار
تازە خۆ شیوەن فائیدەی نییە
عومرم ئاخر بوو زاری و شین چییە
تۆ شیوەن مەکە نەوەی توخمی زاڵ
مەگری خوت مەکە هێندە پەشێوحاڵ
بەڵام لەشکرم وا لە دەشت و دەر
بێ گەورەی سەردار بێ کەس و بێ دەر
وا بەجێ ماون عاجز و بێ کەس
ڕەنجبەخەسار بوون بێهودە و عەبەس
من وا بە خەنجەر پارە بوو جەرگم
ئەمانەت بە تۆن ئەوان پاش مەرگم
ئەترسم کاووس پادشای ئێران
بە شەو شەبەیخون بکا بۆ سەریان
یەکێ بنێرە بە تەعجیل و دەو
بڵێ بار بکەن زوو بڕۆن بە شەو
بە دڵی عاجز بچنەوە توران
ساکن بن لە جێ و مەنزڵی خۆیان
گورز و تیر و تیغ ئەسلەحەی جەنگم
جلی خوێناوی و درعی شەوڕەنگم
بیدەن بە دایکم بڵێن پەشێوە
جلم جێی تیغی ڕۆستەم وا پێوە
دایکم هەر بگری بۆ بەختی زەبوون
بۆ زامی سەختم بۆ دەردی دەروون
سەرم نایە خاک ژێر سەنگی خاران
بێزار بووم لە دین دیداری یاران
وەسێتی زۆری کرد بۆیان ئەمجا
شەو بەسەردا هات بە ئەمری خودا
بە زامی تیغی زەهراوی فەرەنگ
ڕۆیشت لە دنیای کاروانسەرا ڕەنگ
وەختێ بەیانی جا بە ئەمری شا
قەتاری زۆریان یەکجار ڕاکێشا
دایان بەیەکدا لە دەشی پڕ قین
کۆچیان کرد ڕۆین لە کابل زەمین
کاتێ باریان کرد لەشکر و سوپا
لەشکری زۆراب مایەوە لەدوا
بەعزێ پاڵەوان و سوپای زابلی
لەگەڵ کەسوکار خزمی کابلی
مانەوە لەوێ دەروون لە غەم کەیل
فرمێسک لە چاویان ئەهات وەکوو سەیل
ڕۆستەم خەجەڵ ما عاجز شەرمەسار
سەراپەردەی خاس، خێمەی زەڕەنگار
ئەستوونی چادر زنجیری کەمەند
فەرشی ئاوریشم کورسی دانەبەند
کۆمەڵی کردن هەموو لە سەحرا
سووتاندی یەکسەر ئاگری تێ بەردا
لاشەی زیوینی زۆرابی دولبەر
شۆررا بە کافوور بە میسک و عەنبەر
خستیانە تابووت ئاڵای دڵپەزیر
برینیان پڕ کرد لە عەتر و عەبیر
هەڵیان گرت شێران ئازای کەمەرلاڵ
بە شین و گریان بردیان بۆ لای زاڵ
زاڵ خەبەری بیست پیری زەمانە
متەحەییر بوو دەرهات لە یانە
لەگەڵ ئەهلوبەیت هاتن بۆ ئەیوان
دەنگی شیوەنیان ئەچوو بۆ کەیوان
بینیان کەوا ڕۆستەم بوو پەیدا
بە پەرۆشەوە وەک ژن ئەگریا
زاڵی زەڕ دەروون پڕ ئێش و ئازار
یەخەی خۆی دڕی لە سەر هەتا خوار
ناردی تابوتیان خێرا هێنا بۆی
هەتا ببینێ جگەرگۆشەی خۆی
بە گاز بزماری تەختەی کرد پارە
کردی تەماشای کوڕی بێ چارە
بە باڵا و هەیبەت هەر وەکوو سام بوو
بە باهوو، شێری شەرزەی تەمام بوو
عەمری چواردە ساڵ ئەبوو یا کەمتر
جەرگی بڕابوو بە نووکی خەنجەر
ڕووی کردە ڕۆستەم زاڵی سیابەخت
ناڵاندی وتی پێی بە بانگی سەخت
وتی ئەی ڕۆستەم نەحسی ناپەسەند
شەرمەندەی دنیا و دەرگای خوداوەند
تۆ هیچ نەترسای لە ڕۆژی مەحشەر؟
ئەم کوڕەت وا کوشت، ئەی خاکت بەسەر
بێ ڕەحم و مرووەت بۆ بڕیت جەرگی
بە خوێن ڕەنگت کرد سەرتاپا بەرگی
یا خوا جێگات ئاگر سەقەر بێ
جەرگت لەتلەتی تێغی خەتەر بێ
خولاسە چەند ڕۆژ شین و زاری بوو
لە زابل هاوار بێ قەراری بوو
لە ئاخریدا بە شین و گریان
سپاردیان بە خاک لاشەی نەوجەوان