1- جێنێوەکان (الضمائر، pronouns)

لە کتێبی:
زمانی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
 13 خولەک  66 بینین

أ- جێنێوە کەسییەکان (الضمائر الشخصيةعەرەبی، personal pronouns)

کرمانجیی ژووروو، وەک بە لێکۆڵینەوەی خۆم بۆم دەرکەوتووە —بە جۆرێکی گشتی و لە گەلێک ڕووەوە لە کرمانجیی نێوەڕاست (سۆرانی) کۆنترە. ئەم شێوەیە دوو چەشنە جێنێوی کەسی بە کار دەهێنێ. چەشنی یەکەم ئەو جێنێوانەن کە تەنیا لە دۆخی کارایی (حالة الفاعل، nominative case)دا بە کار دەهێنرێن و چەشنی دووەمیش ئەوانەن کە تەنیا لە دۆخی خاوەنی (حالة التملك possessive casse)دا بە کار دەهێنرێن. شێوەی کرمانجیی ژووروو لەم خۆماڵەیدا؛ لە زمانە ئێرانییە کۆنەکان دەچێ. ئەمە لە کاتێکدا کە کرمانجیی نێوەڕاست (سۆرانی) وەک زمانی فارسیی تازە، تەنیا یەک چەشنە جێنێو بە کار دەبا. جا وا لە خوارەوە ئەم باسە نەختێک ڕوونتر دەکەمەوە.

أ-أ- کرمانجیی ژووروو

ئەم شێویە -وەک گوتمان- دوو جۆرە جێنێوەی کەسی بە کار دەبا:
  1. جێنێوەکانی دۆخی کارا (حالة الفاعل). ئەم جێنێوانە ئەمانەن: ئەز ez، تو tu، ئەو ew، ئەم em، هۆن hon ، ئەو(انە) (ew(ane .
  2. جێنێوەکانی دۆخی خاوەنی (حالة التملك): ئەمانەن: من min، تە te، وی wî (بۆ نێر)، وێ wê (بۆ مێ)، مە me، وە we، (ئە)وان e)wan).
بۆ ڕوونکردنەوەی چۆنێتیی بەکارهێنانی ئەم جێنێوانە؛ چەند وێنەیەک بە نموونە پێشان دەدەین:
 
بۆ وێنە، دەڵێیت: «ئەز کوردم» و ناڵێیت: «من کوردم»، چونکە «ئەز کوردم» (أنا كرديعەرەبی) ڕستەیەکە لە دۆخی کاراییدایە و جێنێوی «من» بۆ دۆخی کارایی بە کار نایەت. هەروەها دەڵێیت: «تو کوردیت، ئەو کوردە، ئەم کوردن، هۆن کوردن، ئەو(انە) کوردن». بێجگە لەوەش، جێنێوەکانی دۆخی کارایی لەگەڵ هەموو دەمکاتەکانی (صيغة، mood) تێنەپەڕ (الفعل اللازم، intransitive)دا بە کار دەهێنرێن. بۆ وێنە دەڵێیت: «ئەز دەچم، ئەز چووم، ئەزێ بچم» و ناڵێیت: «من دەچم، من چووم، منێ بچم». چونکە کاری «چوون»، کارێکی تێنەپەڕە. هەروەها دەڵێیت: «تۆ چووی، ئەو چوو، ئەم چوون، هۆن چوون، «ئەو(انە) چوون» و ناڵێیت: «تە چووی، وی/وێ چوو ، مە چوون، وە چوون، وان چوون».
 
بەڵام هەرچی جێنێوە خاوەنییەکانن، بەتایبەتی لەگەڵ ڕابردووی کارە تێپەڕەکان (الأفعال المتعدية transitive)دا بە کار دەبرێن. بۆ وێنە دەڵێیت: «من خار، تە خار، وی خار، وێ خار، مە خار، وە خار، (ئە)وان خار» و ناڵێیت: «ئەز خار، تو خار و… هتد». هەروەها جێنێوە خاوەنییەکان لەجیاتی بەرکار (accusative، المَفعول) بە کار دێن. بۆ وێنە دەڵێیت: «تو من دبینی tu min dibînî»، و ناڵێیت: «تو ئەز دبینی tu ez dibînî». بێجگە لەوەش، ئەم جێنێوانەی دۆخی خاوەنی، لە حاڵی خستنەپاڵ (genitive، مضاف إليه)دا بە کار دێن. بۆ وێنە دەڵێیت: «کوڕێ من» و ناڵێیت: «کوڕی ئەز»، چونکە «کوڕێ من (وَلَدي)» ڕستەیەکە لە دۆخی خاوەنیدایە و جێنێوی «ئەز» بۆ ئەم دۆخە بە کار نایەت. هەروەها دەڵێیت: «کوڕێ تە، کوڕێ وی، کوڕێ وێ، کوڕێ مە، کوڕێ وە، کوڕێ وان» و ناڵێیت: «کوڕێ تو، کوڕێ ئەو، کوڕێ ئەم، کوڕێ هۆن، کوڕێ ئەو(انە)».
 
شایانی باسە کە پاش تیپی پێوەندی (preposition، حرف الجر) تەنیا جێنێوی دۆخی کارایی بە کار دێ. بۆ وێنە دەڵێیت: «ژ بۆ من» و ناڵێیت: «ژ بۆ ئەز». هەروەها دەڵێیت: «جەم تە» و ناڵێیت: «جەم تو» (واتا: لای تۆ. سەرنج: «جەم» لە «جَنب»ی عەرەبییەوە هاتووە).

أ-ب- کرمانجیی نێوەڕاست

ئەم شێوەیە لە هەر دوو دۆخەکەدا (دۆخی کارایی و دۆخی خاوەنی) هەر یەک جۆرە جێنێو بە کار دەبا و ئەوەش ئەمانەن: «من (یا ئەمن)، تۆ (یا ئەتۆ)، ئەو، ئێمە، ئێوە (یا ئەنگۆ)، ئەوان». لێرەدا شێوەی کرمانجیی نێوەڕاست لاسایی زمانی فارسیی تازە دەکاتەوە کە ئەویش تەنیا یەک جۆرە جێنێو بە کار دەبا و ئەوەش ئەمانەن: «مَن، تو، او، ما، شما، آنها (یا ایشان)».
 
جا ئێستە ئەگەر بمانەوێ کرمانجیی نێوەڕاست لە کرمانجیی ژووروو نێزیک بکەینەوە و هەر لەو کاتەشدا کوردییەکەشمان لە کوردی کۆنی ڕاستەقینە نێزیک بخەینەوە، پێویستە هێندێک لەم ڕێزمانەی شێوەی کرمانجیی ژووروو بخەینە نێو زمانە ئەدەبییەکەمانەوە. وەک ئەوەی بەر لە هەموو شتێک جێنێوی «ئەز» لە بەشی یەکەم (دۆخی کارایی) و بە لایەنی کەمەوە جێنێوی «وی/وێ» لە بەشی دووەم (دۆخی خاوەنی) وەربگرین.
 
ئەگەر سەرنجێکی ووردی زمانی کوردی بدەین، تێ دەگەین کە هێندێ لەم جێنێوانەی کرمانجیی ژووروو؛ هەتا ئەمڕۆش لە هێندێ زاراوای کرمانجیی نێوەڕاستدا هەر ماون. بۆ وێنە: جێنێوی «ئەز» هێشتا لە پەندێکی پێشیناندا کە بە زاراوای سلەیمانی دەگوترێ ماوە. پەندێکی پێشینان دەڵێ «ئەگەر زانی ئەزم و ئەگەر نەیزانی دزم». هەروەها لە هێندێ زاراوای شێوەی موکریدا؛ جێنێوی «وی wî» هێشتا ماوە. بۆ وێنە موکریانییەکان دەڵێن : «ئی وی»یە و ناڵێن «هی ئەوە»ە. زۆر جار لە لادێیییەکانی دەوری هەولێرم بیستووە گوتوویانە: «ماری مە» واتا «ماڵی ئێمە». هەروەها لە دەوری موکریان دەڵێن «ئی وانە» و ناڵێن «هی ئەوانە». لە زاراوای ڕەواندزیشدا «ئێ» ئامڕازی خستنە پاڵە بۆ مێیینە وەک: «ئەو کچە ئێ کا نەبییە» واتا «ئەو کچی هی کا نەبییە». لە زاراوای پشدەریشدا کەسی سێیەم (الشخص الثالث) لە جێنێوی خاوەنیدا؛ بۆ نێرینە «وی wî»یە و بۆ مێیینە «وێ wê»یە و جێنێوی نیشانە (ضمير الإشارة demonstrative pronoun) بۆ نێرینە «ئەوی» و بۆ مێیینە «ئەوێ»یە. بێجگە لەوەش هێندێ تیپی پێوەندی (preposition، حروف الجر) هەن لە شێوەی کرمانجیی نێوەڕاستدا کە لە بنەڕەتدا لە تیپێکی پێوەندیی دی و جێنێوێکی خاوەنی پێک هاتوون کە ئەو جێنێوانە ئێستە بە کار نایەن. بۆ وێنە: تیپی پێوەندی «پێ pê» لە بنەڕەتدا لە «بە» و «وی/وێ»وە هاتووە و بووە بە «بە وێ» و ئەمجا بە «پێ». سەرنجی «دەست بە کار کردن» و «دەست پێ کردن» بدە؛ دەبینیت ئەو «پێ»یە جێنێوێکە لەجیاتی «بە کار» دانراوە. لەجیاتی «کار» جێنێوی «وێ» بە کار هێنراوە و بووە بە «دەست بە وێ کردن» و ئەمجا «دەست پێ کردن». هەروەها ئەگەر سەرنجی «دەست لە بەفر خستن» و «دەست لێ خستن» بدەین، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو «لێ»یە لە «لە وێ»وە هاتووە. واتا «دەست لە وێ خستن» بووە بە «دەست لێ خستن». پێشگری «تێ tê» لە «تێکردن»دا لە «di wê»وە هاتووە کە لە کرمانجیی ژووروودا هەیە —ئەمانە هەموو بەڵگەن بۆ ئەوەی کە ئەو جێنێوانەی شێوەی کرمانجیی ژووروو، کە لە شێوەی ئەدەبیماندا بە کار ناهێنرێن؛ بە جۆرێکی گشتی، ڕۆژێ لە ڕۆژان لە کرمانجیی نێوەڕاستدا هەبوون، بەڵام هێدی هێدی خراونەتە پشت گوێ؛ بۆیە وا ئێستە تەنیا تاکە تاکە لە نێو هێندێ لە زاراواکاندا بەرچاو دەکەون.
 
ئێستە پێویستە شتێک لە بارەی جێنێوە خاوەنییەکانی کرمانجیی نێوەڕاست بڵێین: لە کرمانجیی نێوەڕاستدا؛ جێنێوە خاوەنییەکان دەبنە پاشگری ئەو نێوانەی کە دەکەونە پاڵیان. بۆ وێنە:
  • سەری من دەبێتە ← سەرم
  • سەری تۆ دەبێتە ← سەرت
  • سەری ئەو دەبێتە ← سەری
  • سەری ئێمە دەبێتە ← سەرمان
  • سەری ئێوە دەبێتە ← سەرتان
  • سەری ئەوان دەبێتە ← سەریان
بەڵام شێوەی کرمانجیی ژووروو ئەم پاشکۆیانە ناناسێ و لەجیاتی ئەوانە جێنێوەکە بە تەواوەتی دووپات دەکاتەوە. بۆ وێنە دەڵێ:
  • سەرێ من
  • سەرێ تە
  • سەرێ وی/وێ
  • سەرێ مە
  • سەرێ وە
  • سەرێ وان
شتێکی ئاشکرایە کە کورتکردنەوەی وتە، لە هەر زمانێکدا بێ، ئەو زمانە هاسانتر دەکا. لەبەر ئەوە مانەوەی ئەم پاشکۆیانە لە زمانی ئەدەبیماندا، لەجیاتی جێنێوەکان، شتێکی باشە و بێجگە لەوەش هیچ زیانێک ناگەیەنێ بە یەکێتیی زمانەکە لەم ڕووەوە، سەبارەت بەوەی کە پیاو دەتوانێ ئەگەر نەیویست بەکاریان نەهێنێ. چونکە دووپاتکردنەوەی جێنێوەکە لەجیاتی ئەم پاشکۆیە، لەلای خەڵکی هەردوو شێوەکە، شتێکی ناباو (غير شائع) نییە.

ب- جێنێوی بەکارەوەنووساو (الضمير المتصل بالفعل)

لە شێوەی کرمانجیی نێوەڕاستدا؛ کارە تێپەڕەکان جێنێویان پێوە دەنووسێنرێ. بۆ وێنە، دەڵێیت: من کردم، تۆ کردت، ئەو کردی، ئێمە کردمان، ئێوە کردتان، ئەوان کردیان. بەڵام لە شێوەی کرمانجیی ژووروودا، ئەم جێنێوە پێوەنووساوانە بە کار ناهێنرێن. بۆ وێنە: من کر، تە کر، وی/وێ کر، مە کر، وە کر، وان کر. واتا کارەکە (لێرەدا «کر») هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە کاتی گەردانکردندا ناگۆڕێ.
 
ئاشکرایە بوونی ئەو جێنێوانە لەپاش کاری تێپەڕەوە؛ کارێکی وا دەکا کە پێویست بە نێوبردنی جێنێوی کەسی (الضمير الشخص)ی پێش کارەکە نەکا. بۆ وێنە: «کردم، کردت، کردی، کردمان، کردتان، کردیان. نەک: من کردم، تۆ کردت، ئەو کردی، ئێمە کردمان، ئێوە کردتان، ئەوان کردیان». ئەمەش دیارە هاسانییەکە بۆ زمان. لە کاتێکدا کە لە شێوەی کرمانجیی ژووروودا گوتنەوەی ئەو جێنێوە پێویستە؛ چونکە کاری تێپەڕی «کر» بە تەنیا، پێشانی نادا کە کارەکە بۆ چ جێنێوێک دەگەڕێتەوە. لەبەر ئەوە شێوەی کار کە بەو چەشنەی لە کرمانجیی نێوەڕاستدا هەیە چێترە.

ج- جێنێوی «خۆ» (Reflexive pronoun)

جێنێوی «خۆ» لە شێوەی کرمانجیی نێوەڕاستدا گەردان دەکرێ و دەبێتە: خۆم، خۆت، خۆی، خۆمان، خۆتان، خۆیان. بۆ وێنە دەگوترێ: «من خۆم کوشت، تۆ خۆت کوشت، ئەو خۆی کوشت، ئێمە خۆمان کوشت، ئێوە خۆتان کوشت، ئەوان خۆیان کوشت. لە کاتێکدا ئەم جێنێوە لە شێوەی کرمانجیی ژووروودا گەردان ناکرێ و هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە. بۆ وێنە: «من خوە کوشت، تە خوە کوشت، وی خوە کوشت و... هتد».
 
بیروڕام بەرامبەر بەم جێنێوە هەر وەک بیروڕامە بەرامبەر جێنێوی بەکارەوەنووساو (تەماشای بەندی پێشوو بکە). واتا جێنێوی «خۆ» بە وێنەی گەردانکراوی بمێنێتەوە بە لامەوە باشترە.