فەلسەفەی ژیان
لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
4 خولەک
2909 بینین
هەرچەن تەماشای شانۆی ژین ئەکەم
چاوی تێبینی بە دووربین ئەکەم
تەمێ ماتەمی دڵم دائەگرێ
جار جارەش تاسەی پێکەنین ئەکەم
***
سەرنجم ئەڕوا ورد ورد بەرەو ژوور
قۆناخ بە قۆناخ، بۆ نزیک و دوور
بەرەو سەرچاوەی مەڵبەندی ژیان
دەریای بێ بن و بێ پەی و سنوور
***
لێوی تەڕ نابێ سەرنجی تینووم
تاسەی ناشکێ تاسە و ئارەزووم
ناگاتە لووتکەی نەهێنی ژیان
مەلی تیژ ڕەوی خەیاڵی بەربووم
***
بەڵام ئەو شتەی لە لای من ڕوونە
لەم کەین و بەینی بوون و نەبوونە
ڕێی ناچارییە ژیان و مردن
لەپاش دەرکەوتن ئەنجام ون بوونە
***
ناچار دێمەوە لەو دوورە گەشتەم
بۆ ناو کۆمەڵی ئەم سەر زەمینە
بۆ سەیری شانۆی سەیری ئەم ژینە
وێڵە بۆ مانای ژین ئەم هەڵبەستەم!
***
هەندێک پێم ئەڵێن، لەو سەر شانۆیە!
ژیان فرمێسک و شین و ڕۆیە
هەناسەی سارد و نائومێدییە
هەموو دڵێکی تیا ڕەنجەڕۆیە
***
هەندێکیش ئەڵێن ژیان: خەباتە
ڕێی پێشکەوتنی گەل و وڵاتە
پەروانە پەروای سوتانی نییە
بەرەو ڕووناکی گیانی خەڵاتە
***
هەندێکیش ئەڵێن ژین: نەسرەوتنە
ڕەنج و تەقەلا و ئارەق ڕشتنە
«دەست ماندوو نەبێ سکیش تێر نابێ»
بە پارووی حەڵاڵ ژین دەسکەوتنە
***
هەندێکیش ئەڵێن ژیان: زانینە
خەو لێ زڕان و مێشک گووشینە
وەک مۆم چۆن بە شەو کز کز ئەسووتێ
مەبەستی بەرزی تیشک بەخشینە
***
هەندێکیش ئەڵێن ژین: شەڕ کردنە
بۆ تۆڵە سەندن هێرش بردنە
بەشەر هەر بە شەڕ ئەتوانێ بژی
ژیان بە ئاشتی مانای مردنە
***
هەندێکیش ئەڵێن ژین: دڵدارییە
لە ڕێگەی دڵا فیداکارییە
پەپوولە شادە بگاتە گوڵی
نەیگاتێ ئەوا دەردی کارییە
***
هەندێکیش ئەڵێن گوایە ئەم ژینە
بە دڵ مەست بوون و لەخۆ گۆڕینە
بڕۆ سەرخۆش بە و بژی بە خەیاڵ
بایەخی ژیان خۆنەناسینە
***
هەندێکیش ئەڵێن ژین بایی بوونە
پیاوی بێ هەوا، زار و زەبوونە
هەر کەسێ مەستی بادەی وا نەبێ
هەزار ساڵ بژی لەجێی نەبوونە
***
هەندێکیش ئەڵێن: ژین پێکەنینە
سەیر و سەیران و بەزمی بەجۆشە
هەڵپەڕکێ و چەپڵەی گەرم و بەتینە
بەستە و گۆرانی و ئاوازی خۆشە
***
هەندێکیش ئەڵێن: ژین سەرمایەیە
ڕێگەی ناوبانگ و بەرزیی پایەیە
دراو بە بڕوای پارەپەرستان
گوڵی سەرسنگی ئەم دنیایە
***
هەندێکیش ئەڵێن: ژین خوێن مژینە
ڕەنجی ئەم و ئەو بۆ خۆ دزینە
هەر زەبر و زەنگ و فیداکارییە
تەنها زەرووە شایستەی ژینە
***
هەندێکیش ئەڵێن: ژین سەردارییە
کەچ کردنی مل هۆی ناچارییە
ملی ڕێ بگرە و بڕۆ بۆ بەرزی
یا سەردارییە، یا سەر دارییە
***
هەندێکیش ئەڵێن: ژیان خۆ و بەختە
بە ناوچەوانە، بە ڕۆژ و وەختە
باز کە هەڵدرا ئەنیشێتەوە
بۆ هاتوو ڕێگەی سەختی لاتەختە
***
هەندێکیش ئەڵێن: ژین بێ هونەرە
هەرچی کە هەیە قەزا و قەدەرە
لە ڕۆژی خۆیا نووسراوە گشتی
لێ پرسینەوەش ڕۆژی مەحشەر
***
هەندێکیش ئەڵێن: ژیان حەیایە
ڕەوشتی بەرز و شەرەفی تیایە
عیززەتی نەفس و کەرامەت نەبێ
بۆ دەردی ژیان مردن دەوایە
***
هەندێکیش ئەڵێن: ژیان وەفایە
سپڵەی پێ نەزان پووشی دەم بایە
نان فڕێ بدە و بە سپڵەی مەدە
هەر وەفادارە ئەمەکی لایە
***
هەندێکیش ئەڵێن: ژین بێ باریە
هەر ڕۆژەی لەسەر پەتێک یاری یە
بن بار و سەربار بابێ باری بێ
پیشەی یەک ڕەنگی تاوان باریە
***
هەندێکیش ئەڵێن: ژیان ڕیایە
ڕستنی تەشی بۆ نان ڕەوایە
مەرایی بکە و چاو بنووقێنە
ژیان لە خەو و لە خواردنایە
***
بەم چەشنە ژیان کە وەک دەریایە
سەدان شەپۆلی وای لەناوایە
سەرنجی لێ دەی ئەبینی کە چەند
بەردی بەنرخ و بێ نرخی تیایە