زمانەوان و کۆڕی زمانەوانی

لە کتێبی:
زمانی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
 12 خولەک  158 بینین
زمانەوان ئەو کەسەیە کە زمانی کوردی لەسەر بنچینەی «زانستی زمانەوانیی بەراوردکاری» (علم اللغات المقارنعەرەبی، Comparative Philology) و «زانستی زمانەوانیی هیندۆجەرمەنیی گشتی» (علم اللغات الهيندوجرمنية العامعەرەبی) خوێندبێ. جا بۆ ئەوەی لە جۆری پێکهاتن و گۆڕانی زمانی کوردی، لە باری مۆرفۆلۆژی و فۆنۆلۆژی و لێکسیکۆلۆژی و ئۆرتۆگرافییەوە بگەین، پێویستە شارەزای زمانە ئێرانییەکانی کۆن و نێوەڕاست و تازە ببین: وەک زمانی ئاڤێستا، فارسیی کۆن، پارتی، پەهلەوی، فارسیی تازە، بەلووچی و پەشتۆ. هەروەها بنەماڵەی زمانە هیندییەکان: وەک هیندیی کۆن (سانسکریت)، هیندیی نوێ، ئۆردوو کە بنەچە و ڕەچەڵەکیان لەگەڵ زمانە ئێرانییەکاندا یەکە. شارەزاییەکی زمانی لاتینی و وێنانی کۆنیش بۆ ئەم کارە پێویستە. لەوەش بترازێ، زمانەوانی کورد، دەبێ شارەزایی لە مێژوو و ئێتنۆلۆژیا و میتۆلۆژیا (ئەفسانەناسی) گەلەکەدا ببێ، تا بتوانێ بنجوبناوانی ووشەکان بە شێوەیەکی زانستانە، نەک نێوخەڵکانە (شعبيعەرەبی) لێک بداتەوە. لەپاڵ ئەمەشدا شارەزایییەکی کەموزۆر لەو زمانانەدا کە کاریان کردووەتە سەر زمانی کوردی لە ڕابردوو و ئەمڕۆدا، وەک عەرەبی و تورکی و سریانی و ئەرمەنی، زۆر پێویستە. کاتێک کە ئەم پسپۆڕانەمان پێ گەیاند، ئەوجا دەتوانین ڕکێفی زمانی کوردی؛ وەک زمانەوانێکی شۆڕەسوار بگرین و خزمەتێکی ڕاستەقینەی بکەین.
 
نووسەری ئەم نامیلکەیە، وەک کوردێک کە دووانزە ساڵ زیاتر لە زانستگەکانی ئەورووپادا خەریکی خوێندن و لێکۆڵینەوە و دەرزووتنەوەی بابەتی زمانەوانی و گەلێک زانستی دییە، لەو باوەڕەدایە کە لە «کۆڕی زانیاریی کورد»دا لە مامۆستا تۆفیق وەهبیکەس بەو لاوە، کەسێکی دی تێدا نییە کە بە زمانەوان بدرێتە قەڵەم. بەڵێ ئەدیب و کوردینووس و مێژوونووس و ئاینناسی تێدایە و هی واشی تێدایە کە بە کوردیی تەواو نازانێ بنووسێ.
 
جا کە لێرەدا ئەمە وا ڕەپوڕاست دەدرکێنم، تەنیا لەبەر ئەوەیە کە جگەرم بۆ حاڵی زمان و گەلەکەمان ژان دەکا. ئەگەنا هیچ ڕک و کینەیەکم لە کەس نییە و بە تەمای هیچ خەڵات و بەرات و خێروبێرێکی، نە «کۆڕی زانیاری» و نە هیچ لایەکی دیم. لەبەر ئەوە ئامانجم لەگەڵ ئامانجی ئەوانەدا یەک ناگرێتەوە کە سەری زمان و بنی زمانیان قسەی سووک و توانج گرتنە «کۆڕی زانیاری» بوو، کەچی پاش ئەوەی کارێکی بچووکیان پێ سپێررا، ئیتر قوڕوقەپیان لێ کرد. بە کورتی: نە بەتەمای «ڕوتبە و نیشان»ی کۆڕم و نە مەبەستیشم خراپەکاری و ڕووخاندنی «کۆڕ»ە، چونکە ئەوەتە ئاواتی بیست و یەک ساڵ لەمەوبەری خۆمە. بەڵام، ئەوەی وەک کوردێک، سوورم لەسەری؛ تەنیا ئەوەیە، ئەوانەی بەڕاستی زمانەوانن، پێویستە دەستێکیان ببێ لە بڕیاردانەکانی «کۆڕ»دا، بە تایبەتی لەو شتانەدا کە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە چارەنووس و پاشەڕۆژی زمانەکەوە هەیە. واتا «نان بدرێ بە نانەوا و گۆشتیش بدرێ بە قەساب» و ئەوەش دەبێ تەنیا لەسەر بنچینەی لێوەشاوەیی بێ، نەک خزم خزمێنە و حیزب حیزبێنە و دزە خونجێنە و دیزە بە دەرخۆنە. تەنیا چاوخشاندنێکی سەرپێیی بەو ڕێنووسەدا کە «کۆڕ» بۆ نووسینی کوردی دای ناوە و ژمارەیەکی زۆر لەو وتارانەی لە ژمارەی یەکەمی گۆڤارەکەیاندا و بە تایبەتی زاراوە داهێنراوەکان، دەری دەخەن کە کەموکووڕییەکانی «کۆڕ» لە ئەندازەیەکدان پێویستییان بە بیرازکردنێکی بنچینەیی هەیە.
 
جا ڕەنگە ئێستە یەکێک لێرەدا ڕابێ (هەستی) و بڵێ: «دە فەرموو تۆیەک کە وا دەڵێیت دە هەستە بچۆ چاکی بکە». بەڵام دیارە تەنیا پیاوی نەفام ئەم قسەیە کاری تێ دەکا. بێگومان ئەوانەی کاریان بە دەستە زۆربەی زۆری ئەندامانی «کۆڕ» پێک دێنن، بە قسەی یەکێک یا دوو کەسی لە دەرەوە وێستاو کە دەستیان نەبێ لە گۆڕینی بڕیارەکاندا، واز لە کردەوەی خۆیان ناهێنن و ئەو دەمە پیاو —وەک کوردەکە دەڵێ— هەر دەبێ «سیر بخوا و زوڕنا لێ بدا». ئەم قسانەم بایی هەوایی نییە، بەڵکو لە تاقیکردنەوەوە دێ. چونکە ئەوەتا ئەندامەکانی «کۆڕ» کە باسی شتێکیان لەگەڵ دەکەیت؛ لە دەمەتەقە دەسڵەمێنەوە و ڕادەکەن و یا کە بە گیرت هێنان، پاکانەت بۆ دەکەن و دەڵێن: «بە خوا خۆ ئێمە ئاگامان لێی نییە». ئەمجا ئێستە منێک لەم بنی دنیایەوە، لە کوێ ملی ئەو «جنۆکە بەد فەساڵە»ی ئەوێ بگرم کە ئەم ئیشە قۆڕانەی بێ پرسی «کۆڕ»ی بەسزمان کردووە؟! کە واتە: ئەگەر بمانەوێ زمانێکی یەکگرتووی ئەدەبیمان ببێ، دەبێ جارێ کۆڕێکی زانستانەی زمانەوانیمان ببێ. واتا دەبێ هەوڵ بدرێ ئەم «کۆڕی زانیاریی کورد»ەی ئێستە هەیە، ڕێی ڕاستی خۆی بگرێ، بەو شێوەیەی لەسەرەوە باسمان کرد. «کۆڕ» دەبێ بەر لە هەموو شتێک، ساڵی چەند خوێندکارێکی لێوەشاوە لە دەرچووانی بەشی کوردی زانستگەی بەغدا یا سلەیمانی، بنێرێ بۆ ئەورووپا بۆ خوێندنی «زانستی زمانەوانیی گشتی» و خوێندنی «فیلۆلۆژیای ئێرانەوانی» تا دەبنە پسپۆڕی زمانەوانیی کوردی. ئێستەش لێرەدا دەمەوێ چەند سەرنجێکی خۆم لەبارەی هێندێ شتەوە کە لە ژمارەی یەکەمی «گۆڤاری کۆڕی زانیاریی کورد»دا بڵاو کرابووەوە بخەمە بەرچاو. ئەوەش وەک دڵۆپێک لە زەریایەک:
 
بۆ وێنە: ئەگەر وتارێک لەسەر تیپی «ی»ی خستنەپاڵ (إضافَةعەرەبی) لە ڕێزمانی کوردیدا نووسرا و کرۆک (جَوهَرعەرەبی)ی قسەکان هەموو بەشی یەک دوو لاپەڕەی کرد، نابێ حەفتا و پێنج لاپەڕەی لەسەر ڕەش بکرێتەوە؛ بە جۆرێ کە زۆربەی زۆری قسەکان پێوەندییان بە بابەتەکەوە نەبێ. زانست ئەوەیە بابەتانە بێ. لادان لە بابەت نەپێکانی ئامانجی کورەکی (مَركَزيعەرەبی) بابەتە. خۆ ئەگەر هاتوو لەسەر «پێشگری: ڤە» و «پاشگری: وە» وتارێک نووسرا؛ ئەوا نابێ کارێکی وا بکرێ، ئەگەر شارەزایەک خوێندییەوە؛ بڵێ ئەمە هەمووی دووپاتکردنەوەیە و بە چەند دێڕێک دەووترا. هەروەها نابێ هەڵەی وا گەورە بکرێ لە چەشنی ئەوەی «حرفي صحيح»ی عەرەبی بە «تیپی دەنگدار»ی کوردی (بڕوانە ل ٦٩ ل ٢٤٠ ل ٢٤٣) بدرێتە قەڵەم. چونکە «حرفي صحيح» و «حرفي صامت» هەردووکیان هەر یەکن و بێ دەنگن، لە کاتێکدا «حرفي علة» دەنگدارە. واتا «تیپە بزوێن» و «تیپی دەنگدار» هەردووکیان یەک مانایان هەیە و یەکن. ئەوەی ببزوێ دەنگدارە و ئەوەی نەبزوێ بێ دەنگە. یا هەڵەی لەمە زۆر زلتر: وەک ئەوەی بووترێ «ن»ی چاوگی (نون المصدرعەرەبی) لە کوردیدا، ئەم تیپانەیان پێش دەکەوێ: «ا» (وەک: سوتان)، «ی» (وەک: بڕێن)، «و» (وەک: چوون)، «د» (وەک: کردن)، «ت» (وەک: ڕشتن) —بڕوانە ل٢٥٣. ئاشکرایە «ن»ی چاوگی، هیچ کاتێک تیپێکی بێدەنگی {حرف صامتعەرەبی، consonant} وەک «د» و «ت»ی ناکەوێتە پێشەوە. ئەو تیپەی کە پێش «ن»ی چاوگی کەوتووە لە ووشەی «کردن» و «ڕشتن»دا؛ ئەو تیپە دەنگدارەیە کە بە عەرەبی «الكسرة المختلسةعەرەبی» و بە ئەڵمانی Murmelvokal و بە کوردیش «بزرۆکە»یان بۆ داناوە (لەبەر ئەوەی بە ئەلفوبێی عەرەبی نانووسرێ و لە نووسیندا بزر دەبێ). بەڵام کە ئەم دوو ووشەیە بە ئەلفوبێی لاتینی بنووسرێن؛ بەم جۆرە kirdin و riştin ئەوسا بە تەواوی بۆمان دەردەکەوێ کە تیپی پێش «ن»ەکە «i»یە واتا پیتێکی دەنگدار (بزوێن)ە، نەک تیپی بێ دەنگی (صامتعەرەبی)ی «د» یا «ت».
 
ئەمجا ئەگەر هاتوو یەکێک وتارێک یا نامەیەکی نووسی، سا بە هەر بۆنەیەکەوە دەبێ با ببێ، نابێ لە پڕێکدا بچێ و چەند ڕستەیەک بە زاراوەیەکی ناوچەیی (محليعەرەبی) تێکەڵ بە نووسینەکەی بکات. ئەمجا ئەگەر کار دابەش کرا لەنێو هاوکارانی کۆڕدا و یەکێکیان کتێبی «ئاڤێستا»ی بەرکەوت بۆ «لێکۆڵینەوە»، پێویستە ئەوە دیاری بکرێ کە ئەم لێکۆڵینەوەیە لە چ ڕوویەکەوە و بە چ ئامانجێکە. چونکە لێکۆڵینەوە لە ئاڤێستا ئەوەندە زۆرە لە ژمارە نایە. خۆ ئەگەر ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆ ئەوەیە پێوەندیی زمانی کوردی و ئاڤێستایی پێشان بدرێ، ئەوا لێرەدا بە ئاشکرا دەیڵێم ئەو وتارەی لە «گۆڤاری کۆڕ»دا بڵاو کرابووەوە بۆ ئەوەی پێوەندیی ڕێزمانی کوردی و ئاڤێستایی بخاتە ڕوو؛ نە لێکۆڵینەوەیە لە ئاڤێستا و نە ئەو مەبەسەشی پێکاوە کە بۆی دانراوە. چونکە یەکەم نووسینەکە خۆی کورتەیەکی هێندێ باسن؛ کە بە زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاڤێستا بڵاو کراونەتەوە، لەبەر ئەوە ئەو کورتەیەی بە کوردی نووسراوە «وەرگێڕانە» و «لێکۆڵینەوە» نییە و بێجگە لەوەش، هیچ پێوەندییەکی تازە دۆزراوەی بەینی ڕێزمانی کوردی و ڕێزمانی ئاڤێستایی پێشان نادا؛ تا نێوی بنرێ «لێکۆڵینەوە».
 
دووایی لە هەموو شتێک ناشیرینتر ئەوەیە، پیاو و بە ڕاست و درۆ لە خۆی بایی ببێ و بکەوێتە مەتحی زمانی کوردی و بە زمانێکی یەکجار دەوڵەمەند بیداتە قەڵەم و سواری هەسپی خەیاڵ ببێ و بەڵگەشی تەنیا ئەوە بێ کە بۆ هەر مانایەک چەندین ووشە هەن (بڕوانە ل٤٤٢). ڕاستییەکەی دەوڵەمەندیی زمان بەوە نیە بۆ تاقە مانایەک چەند ووشەیەکت ببێ (بۆ وێنە: چیا، کێو، شاخ، کێف)، کەچی بۆ هەزاران ووشەی فیزیک و فەلسەفە و زانستی کۆمەڵایەتی و تەکتیک و... هتد تاقە ووشەیەکت لێ بچێتە قاتی. بوونی چەند ووشەیەکی هاومانا، بەرامبەر یەک مانا، شتێکی خۆڕسکییە و پێویست بە خۆهەڵکێشان ناکات. کە گەلێک ئاخری شەڕ بوو و بوو بە چەند هۆز و تیرەیەکی پچڕپچڕەوە و هەر بەشەی بە شێوەیەکی تایبەتی قسەی کرد و زمانێکی ئەدەبیی یەکگرتووشی نەبوو؛ دیارە بۆ هێندێ مانا، لەجیاتی ووشەیەک، چەند ووشەیەک دروست دەبن. ئەمەش بەڵگەی پچڕپچڕی و یەکنەگرتوویی زمانە، ناکە دەوڵەمەندیی زمان. بە کورتی: «گۆڤاری کۆڕی زانیاریی کورد»؛ پێویستە لە هەموو شتێک پتر پێڕەویی دەستووری «نەخت و پوخت» بکا و شوێنی کڵاوی بابردووی «زۆر و بۆر» و خۆ بە زل گرتن نەکەوێ. بەلای منەوە؛ سەختگیری (تَعَصُبعەرەبی) تاقە هەوێنی پێشکەوتنە. هیچ کارێک بە خاووخلیچکی و خوازەڵۆکی ناچێتە سەر. بەڵام ئێمە دەبێ «سەختگیریی کوێرانە» (التَعَِصُب الأعمىعەرەبی) لە «سەختگیریی بینایانە» (التعصب الواعيعەرەبی) جیا بکەینەوە. یەکەمیان فڕێ بدەین و باوەش بۆ دووەمیان بکەینەوە، ئەوجا پێش دەکەوین.
 
جا لەبەر ئەوەی هێشتا هەر هیوام بەوە ماوە کە «کۆڕی زانیاریی کورد» ڕۆژێ لە ڕۆژان هەست بەو بەرپرسیارییە گەورەیە دەکا کە پێی سپێرراوە؛ وا جارێ بەم چەند سەرنجە کورتە دابین دەبم. بە تەمای ئەوەی «کۆڕ» کارێکی وا بکا کە هەموو لایەک متمانەی پێ بکەن و ڕێزی بڕیارەکانی بگرن و هاوکاریی لەگەڵدا بکەن. چونکە ئەگەر «کۆڕ» خۆشەویستیی خۆی و زەبری زانستانەی خۆی لەسەر بنچینەی باوەڕپێکردن بەسەر گەلدا نەسەپێنێ؛ ئەوسا کارەکانی هیچ نرخێکیان نابێ و ئەو وشانەی دروستیشیان دەکا، وەک ئەوانەی جارانی «مجمعي علمي عراق»یان لێ دێ کە کاتی خۆی زانا عەرەبەکان بە گاڵتە پێکردنێکەوە دەیانگوت «ميکانيک» بە عەرەبی بووەتە «علم حيل أبي موسىعەرەبی» و «سندويجعەرەبی» کراوە بە «شاطر و مشطور بينهما كامخعەرەبی» و «ئیلیپس» (لە ماتماتیکدا) بووە بە «شلغمىعەرەبی» و «کولتوور»یشیان لێ کردووین بە «قُلطُورعەرەبی».