تێکۆشانێک لە ڕابوردوودا
لە کتێبی:
زمانی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
12 خولەک
168 بینین
ئەز بەش بە حاڵی خۆم؛ هەر لە کۆنەوە هەستم بەوە کردووە کە خزمەتی ڕاستەقینەی زمان لە ڕێێ کۆڕێکی زمانەوانییەوە دەکرێ. جا لێرەدا زۆرم پێ ناخۆشە کە وا ناچارم چیرۆکێک بگێڕمەوە کە باسی خۆمی تێدایە. بەڵام چی بکەم! ئەو باسە بەشێکە لە مێژووی زمانەوانیی کورد. لەبەر ئەوە لێرەدا هەر ئەوەندە دەڵێم: بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، بیست و دوو ساڵ لەمەوبەر، واتا لە ساڵێ ١٩٥٢-١٩٥٣دا لەگەڵ چەند هاوڕێیەک کە ئەو دەمە هەموومان خوێندکار بووین لە زانستگەی بەغدا، قسەم کرد و لە ئەنجامدا کۆمەڵێکمان بۆ ئەم ئیشە پێکەوە نا. ئامانجی من لەم کارە بە زۆری ئەوە بوو کە زاراوە زانستییەکانی فیزیک و کیمیا و ماتماتیک و گیانەورناسی و ڕێزمان و... هتد بکرێنە کوردی؛ بە نیازی نووسینەوەی ئەو زانستانە بە زمانی کوردی.
لە هاوینی ساڵی ١٩٥٣دا جاروبار بە ئێواران لەگەڵ هێندێک لەو هاوڕێیانە لە باخی بەرتەکێی سلەیمانی کۆ دەبووینەوە و ئەم باسانانەمان پێکەوە دەکرد. سەرتان نەیەشینم! خەڵکی هەستیان بەمە کرد. ژمارەیەک مرۆڤی دووربین و چاوکراوە پشتگیرییان کردین. لەوانە نێوی دوو کەسم لە بیرە کە زۆر بە جەرگەوە لەسەر ئەم کارەیان دەکردەوە. یەکێک لەوانە ئاسنگەری بەنێوبانگ وەستا ئەوڕەحمانی خامە سنەیی بوو و ئەوی دیشیان میرزا عارفی باوکی مامۆستا فایەق عارف بوو. ئەمانە ئێمەیان خۆش دەویست و دەیانگوت ئێوە تێگەیشتوون؛ دەتانەوێ خزمەتی گەلەکەتان بکەن. بەڵام ئەوەی شایانی باسە ئەوەیە ئەم هەنگاوە وەک هەموو هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەی پێشڕەوانە؛ هەموو کەسێک تێی نەدەگەیشت. لەبەر ئەوە زۆر کەس کەوتنە تەقە لێمان. هێندێک لە ساویلکەیەتیی خۆیانەوە دەیانگوت: «ئەمانە شێت بوون و تێک چوون» و بەزەیییان دەهاتەوە پێماندا. هێندێکی دیش دەیانگوت: «نەخێر ئیستیعمار ڕای سپاردوون ئەمە بکەن». وەکوو ئیستعمار هیچ ئیشوکاری نەبێ لە خزمەتکردنی کورد بەو لاوە. هێندێ ووردە بۆرجوازیی خۆبەڕۆشنبیرزانی لەخۆباییبوویش بە پێکەنینێکەوە دەیانگوت: «نە بابە ئەمانە چەند مناڵێکی شۆڤێنی و بێ ئەقڵن و دووای کڵاوی بابردوو کەوتوون. ئەگەنا کوردی کەی زمانێکە کە کیمیا و فیزیک و جەبری پێ بنووسرێتەوە. وا گریمان نووسرایشەوە، کێ دەیکڕێ و کێ دەیخوێنێتەوە». دیارە ئەم قسەیە ئەگەر بە تەرازووی لێکدانەوەی ئەوانە بیکێشیت کە بە چاوێکی بازرگانانەوە دەڕواننە مەسەلەکە، هیچ درۆی تێدا نەبوو. چونکە زمانی کوردی ئەو ڕۆژە زمانی نان پەیداکردن نەبوو. خۆ خەریککردنیش بە شتێکەوە کە نانی تێدا نەبێ، دیارە بەپێی بۆچوونی ئەو جۆرە کەسانە، «کەرێتی»یە. ئێمەیش ئەو دەمە، چەند لاوێکی نەناسراو بووین کە تازە لە زانستگەی بەغدا دەمانخوێند. هیچمان تەمەنی لە بیست ساڵ تێپەڕی نەدەکرد. لەبەر ئەوە بووبووینە ماڵی بێ دان و لە هەموو لایەکەوە درابووینە بەر کلکان و هێرش دەبرایە سەرمان. بەڵام دیارە ئێمە بەم قسانە پەست نەدەبووین و هەموو جارێ کە گاڵتەمان پێ دەکرا، ئەو ئایەتەمان دەهاتەوە بیر کە دەڵێ: «إِن تَسْخَرُوا مِنَّا فَإِنَّا نَسْخَرُ مِنكُمْ كَمَا تَسْخَرُونَعەرەبی».
لە کورتی بیبڕمەوە: کۆمەڵەکە لەبەر گەلێک هۆ زۆر نەژیا. بەڵام ئەز هەر وازم نەهێنا و ئەوە بوو کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥٥دا کرام بە مامۆستای فیزیک و ماتماتیک لە قوتابخانە نێوەندییەکانی کەرکووک؛ دەستم کرد بە نووسینەوەی زنجیرەیەک کتێبی جەبر و فیزیک بە کوردی و ژمارەیەکی یەکجار زۆر زاراوەی زانستیم بە کوردی داهێنا و گەلێک لەو زاراوەیانەی دروستم کردبوون، لەوانەدا بە کارم هێنان. لە ساڵی ١٩٥٦دا دوو بەرگم بە نێوی «سەرەتای جەبر»ەوە بە ڕۆنیۆ لە کەرکووک لە چاپ دا.
جا هەرچەندە ئەم کارانەم بە تەنیا دەکرد، بەڵام هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بووم کە کارێکی وا هەر بە کۆڕێکی زمانەوانیی ئەوتۆ دەکرێ کە زانا کوردەکانی هەموو لایەکی تێدا کۆ بووبێتەوە. لەبەر ئەوە کە لە هاوینی ساڵێ ١٩٥٦دا بۆ هێندێ کاروباری سیاسی چووم بۆ شام و لوبنان؛ لەوێ هەلم بۆ هەڵکەوت و چاوم بە هێندێک لە کوردەکانی ئەوێ، وەک «عوسمان سەبری» و «ڕەوشەن بەدەرخان» و «قەدری جان» کەوت و بەڕێکەوت ئەو دەمە هاوڕێی منداڵیم دوکتۆر «عیزەددین مستەفا ڕەسووڵ» و «ئەوڕەحمانی زەبیحی»ش لەوێ بوون. ئەم باسەم لەگەڵ هەموویان کردەوە. جا ئەگەرچی زۆربەی زۆری باسەکە ئاڕاستەی ئەوە کرابوو کە جارێ با بەر لە هەموو شتێک نووسینێکی لاتینیی یەکگرتوو بۆ زمانی کوردی دابنرێ، ئەوجا خەریکی کێشەکانی دی ببین، بەڵام مەسەلەکە بەسترابوو بە دامەزراندنی ئەکادیمیەکی زمانەوانییەوە.
کە پشووی هاوینی ئەو ساڵە بڕایەوە، گەڕامەوە کەرکووک و دەستم کردەوە بە کار و لە هاوینی ساڵی ١٩٥٧دا نامیلکەیەکم لە چاپ دا بۆ بڵاوکردنەوەی نووسینی کوردی بە لاتینی. لەوێدا بیروڕای عوسمان سەبری و خۆمم لە بارەی «کۆڕی زانستیی کورد»ەوە بە کورتی نووسی. هەر لە ساڵی ١٩٥٧دا نامیلکەی «خوێندەواری بە زمانی کوردی»م لە چاپ دا و باسی «کۆڕی زانستی زمانەوانیی کورد»م بە شێوەیەکی باشتر و دوور و درێژتر خستە بەرچاو.
ئەم چالاکی و کارکردنە سەرومڕە، کاربەدەستانی کۆنەپەرستی ئەو حەلەی کەرکووکی ووریا کردەوە و کەوتنە بەربەرەکانێ و بوونە دوژمن لێم. چەند جارێک بە هەڕەشەوە ئاگادار کرام کە نابێ لە ژووری قوتابخانەدا بە هیچ جۆرێ بە کوردی قسە بکرێ و بە کوردی دەرز بووترێتەوە؛ چونکە زمانی کوردی زمانی ڕەسمی نییە. جا لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵیم نەکرد؛ لە ئۆکتۆبەری ١٩٥٧دا بە فەرمانی وەزارەتی زانیاری (ژمارە ٤٣٣٤٠، ١٩٥٧/١٠/٩) دوور خرامەوە بۆ قوتابخانەی نێوەندیی زوبێر لە بەسڕە، بۆ ئەوەی پێوەندیم بە کوردستانەوە ببڕن. ڕاستییەکەی هەرچەندە پێوەندیم بڕا، بەڵام من ئەم هەلی دوورکەوتنەوەیەم لە وڵات بۆ ئەوە بە کار هێنا کە لە ناوچەی کشوماتی ئەو دەمەی زوبێر و لەنێو خەڵکی ڕووخۆش و بەرچاوتێر و مێوانپەرستی بەسڕەدا، ئەو باسانەی گەڵاڵەم کردبوون، ڕێکوپێکیان بکەم و بۆ بڵاوکردنەوە ئامادەیان بکەم.
تەقینەوە کوتوپڕەکەی شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ، هەلێکی یەکجار باشی بۆ کوردی عێراق بە تایبەتی و کوردی هەموو جیهان بە تێکڕایی هێنایە پێشەوە. بەڵام نەبوونی داوودەزگایەکی نەتەوەیی شۆڕشگێڕانەی پێشکەوتنخواز لە کوردستاندا، ڕێی بۆ ئەوە کردەوە کە دەرەبەگ و کۆنەپەرست و ووردە بۆرجوازی و فەریکە مارکسی و زرکە سۆسیالیست و داگیرکەرپەرست، بکەونە فشە کوردایەتی کردن و ڕێ لە کوردایەتی ڕاستەقینە بگرن و نەیەڵن گەلی کورد سوودێکی وای دەست کەوێ؛ پێی بڵێ ئۆخەی. ئەوی ڕاستی بێ، هەر لە یەکەمین ڕۆژی شۆڕشەوە هەستم بە بەرپرسیاریی خۆم کرد و دەستوبرد پێوەندیم بە هێندێ لەو هاوڕێ مامۆستایانەی جارانمەوە بەستەوە و پاش چەند ڕۆژێکی کەم، پێکەوە بیرخەرەوەیەکمان دا بە وەزیری زانیاریی ئەو سەردەمە کە دوکتۆر «جابر عومەر» بوو و داوای دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتییەکمان کرد بە نێوی «بەڕێوەبەرێتیی زانیاریی کوردستان»ەوە. هەروەها داوای ئەوەمان کرد کە خوێندن لە هەموو پلەیەکی قوتابخانەکاندا بکرێ بە زمانی کوردی و لە زانستگەی بەغدادیشدا بەشێک بۆ کوردەوانی دابنرێ و کۆڕێکی زمانەوانی ڕێک بخرێ و بەڕێوەبەرێتیی زانیاریی کوردستان بهێنرێتە کەرکووک و... هتد.
بیرخەرەوەکەم لەگەڵ خۆم برد بۆ بەغدا و هەر ئەو ڕۆژەی گەیشتمە ئەوێ؛ بۆ ئێوارە لە بەشی کوردیی وێستگەی ڕادوێی بەغدادا بە یارمەتیی هاوڕێم دوکتۆر «عێزەددین مستەفا ڕەسووڵ»، کە لەوێ کاری دەکرد؛ تۆمار کرد و بۆ سبەینێ خوێنرایەوە و هەروەها توانیم لە ڕۆژنامەی «البِلاد»یشدا بڵاوی بکەمەوە، ئەم هەواڵە لە کوردستاندا دەنگی دایەوە و جەماوەرانی کوردستان بە زوویەکی زوو دڵیان بۆ ئەم بیرە تازەیە کردەوە و لە هەموو لایەکەوە بە بروسکە پشتگیری کرا و بوو بە داخوازییەکی گشتی. بەڵام هێندێک لەوانەی کە خۆیان بە سەرکردەی کورد دەزانی، لە جێی پشتگیری و یارمەتیدان کەوتنە جنێو و هێرش و بەربەرەکانێ. بە تایبەتی چونکە پێیان ناخۆش بوو، ئەم کارە خۆیان نەیکەن و چەند کەسێکی دی کە ئەو دەمە لە هیچ داوودەزگا و حیزبێکدا نەبوون، بەبێ پرسی ئەو ئاغایانە یەک بگرن و بیکەن و گەلیش پشتیوانییان بکا. هێرشی ئەمانە گەیشتە ئەو پەڕی توندوتیژی؛ کاتێک کە «عەبدولسەلام عارف»ی وەزیری نێوخۆی ئەو کاتە ڕۆژنامەی «البِلاد»ی لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو بیرخەرەوەیە داخست. یەکێک لەوانەی کە زۆر هێرشی ناشیرینی دەبردە سەرمان، بەداخەوە کاک «برایم ئەحمەد»ی پارێزەر بوو. کاک برایم بە سەرزاری وای دەردەبڕی کە گوایە «ڕۆژ ڕۆژی ئەوە نییە پیاو ئەو داخوازییانە بە ڕۆژنامە بڵاو بکاتەوە. چونکە دوکتۆر جابر عومەر و عەبدولسەلام عارف پێی تووڕە دەبن و دەڵێن ئەمە گێرەشێوینییە و جارێ کاتی ئەوە نییە. جا ئەگەر پیاو دڵی ئەوانە بیەشێنێ ئەوا ئیشەکە هەر سەر ناگرێ». ڕاستییەکەی؛ کاک برایم هەرچەندە بە زۆری لەوە پەست بووبوو کە ئیشەکە خۆی دەستی تێیدا نەبوو، بەڵام هەر لەو کاتەشدا مەسەلەکەی بەستبوو بە هاتوچۆ و دڵ ڕاگرتنی ئەم وەزیر و ئەو وەزیرەوە، نەک بەوەوە کە بیرەکە بخرێتە نێو گەلەوە و کۆمەڵانی خەڵک ڕێک بخرێن بۆ داواکردن و لەسەر هەڵدان و شوێن کەوتنی.
بە کورتی: گەلێک هۆ کە لێرەدا جێی باسکردنیان نابێتەوە، پاڵیان بە قاسمەوەنا کە داخوازییەکانی کورد، بە تایبەتی دامەزراندنی «کۆڕی زانستی» و «بەڕێوەبەرێتیی گشتیی زانیاریی کوردستان» بخاتە پشت گوێ و لەجیاتی ئەمانە بەڕێوەبەرێتییەک بە نێوی «دیراساتی کوردی»یەوە لە بەغداد دابنێ؛ کە ئەویش هیچ دەورێکی نەبوو لە پێشخستن و تەووژم پێدانی ڕۆشنبیریی کورددا.
جا هەرچەندە ئەو دەمە لە قوتابخانە نێوەندییەکاندا، زمانی کوردی بۆ خوێندن بە کار نەدەهێنرا؛ بەڵام هەر هیوام نەبڕی و لە ساڵی ١٩٦٠دا بەرگێک فیزیکم بە نێوی «سەرەتای میکانیک و خۆماڵەکانی ماددە»وە لە چاپ دا کە لە کاتی خۆیدا (واتا لە ساڵی ١٩٥٦دا) لە کەرکووک نووسیبوومەوە. ئەو کتێبە یەکەمین کتێبێکی زانستە کە بە زمانی کوردی نووسرابێتەوە. ئەو فەرهەنگۆکە کوردی-عەرەبی-ئینگلیزییەی کە کراوەتە پێشکۆی کتێبەکە، یەکەمین فەرهەنگۆکی زاراوەی کوردییە. ئەوەی شایانی باسە لێرەدا ئەوەیە کە هەر لەو ساڵەدا نامیلکەیەکم بە نێوی «هێندێ زاراوەی زانستی»یەوە لە سلەیمانی بە چاپ گەیاند و کە لە ساڵی ١٩٦٠-١٩٦١یشدا لە قوتابخانەی نێوەندیی جەعفەرییەی بەغداوە گوێزرامەوە بۆ قوتابخانەی نێوەندیی هەولێر، بە یارمەتیی هاوڕێم مامۆستا مەلا حەمید ئیسماعیل؛ لیژنەیەکم بۆ پێشخستنی زمان و ئەدەبیاتی کوردی دامەزراند و دەرزە کوردییەکانی قوتابخانەی مامۆستایانی سەرەتایی هەولێریشم گرتە دەست و بێجگە لەو دەرزانەی کە لەوێ دەمووتنەوە و بە ڕۆنیۆ بۆ قوتابییەکانم چاپ دەکرد، هەر لە ساڵی ١٩٦١دا «فەرهەنگۆکی زانستی»م بۆ لە چاپ دان. ئەو فەرهەنگۆکە ژمارەیەکی زۆری ئەو زاراوە زانستییانەی تێدایە کە ئێستە لە کتێبەکانی قوتابخانەکان و بەرهەمی نووسەرەکانماندا بە کار دەهێنرێن.
ئێستەش کەوا پتر لە بیست و دوو ساڵ بەسەر یەکەمین هەوڵداندا بە کردەوە بۆ دامەزراندنی کۆڕی زانستیی زمانەوانی تێپەڕ دەبێ، هەر لەسەر ئەو باوەڕە ماوم کە کۆڕی زمانەوانیی زانستانە، پێویستە لە زمانەوانەکانی هەموو لایەکی کوردستان پێک هاتبێ. کە دەڵێم «زمانەوان»، هەڵبەتە مەبەستم لەوانە نییە کە بە کوردییەکی بێ گرێ و گۆڵ دەنووسن؛ بەڵکو مەبەستم لەو کوردی زانانەیە کە زانستی زمانەوانییان خوێندووە یا فێری بوون. زمانەوانی زانستێکە بۆ خۆی و هەر کەسێک جوان و ڕەوان بە شێوەیەک لە شێوەکانی زمانی کوردی نووسی، «زمانەوان» نییە، بەڵکو «زمانزانە».