وتار

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  198 بینین
سوپاس و ستایش، شایانی کردەوەی ئەوە بۆ بەرزکردن و ڕێکخستنی بەشەر.
 
من کە هەتیوێکم لە هەتیوە پێگەیشتووەکانی کوردستانی شیرین، بە هیوایێکی زۆر بەرز لەگەڵ گەورەکانی هەتیوپەروەر و نیشتمانپەرستەکانی خۆشەویست دەڵێم:
 
١- هەمووتان لە مێژووی پێشوودا زانیوتانە کە لە دوای لێشاو و لێزماتە گەورەکەی نووحکەس پێغەمبەردا ئاوەدانی لە خاکی پاک و شیرین و ڕەنگینی کوردستان دامەزراوە بە دەس کۆمەڵێکی دڵپاک و خاوێن و ڕاست، ئەوانەی یەزدان هەڵیبژاردن بۆ ژیان. واتا لە نەتەوەی ئەوانە، پێویستە هۆزی بەشەر بە تەرزێکی ڕێک بژیا. بە میانەی وەستانەوەی کەشتیەکەیان لەم خاکەدا، بورهان دەکرێ کە زمانی کوردی زۆر پێشکەوتوو بووە، چونکە هۆزە بە پێشچوونەکە خاکە نازدارەکەی خۆی بەر نەداوە.
 
٢- ئەو هۆزە بە هەموو جۆرێک تێکۆشەر بووە بۆ دامەزراندنی هەموو پێویستییەکی کۆمەڵ.
 
٣- زۆر پیاوی بەرز و باڵامان دەرکەوتووە کە بەڕێکخستن و پەرداختەی وەتەن خەریک ماون بە دەستوورێکی ژیان.
 
٤- هەتا زەمانی پێغەمبەر حکومەت و پیاوی گەورەیان هەر هەبووە کە کۆمەڵیان ژیاندووە.
 
لەگەڵ هەموو تاڵییەکدا ئەم منداڵە بچووکانەی نیشتمانی ئێمە هەتیو ماون، هەتیوی بە هەر جا، بەڵام دایکە خۆشەویستەکەی شیرین شیریشمان کەوتە باوەشی زڕ باوکێکی، بەڵکە زۆر زڕ باوکی ناپاک، کە بۆ کوشتنیان تێ ئەکۆشن داخەکەم. ئینجا سەروەران، لەبەرتان دەپاڕێمەوە:
 
١- لەسەر تیرەی باوکەکانی پێشووتان بڕۆن.
 
٢- بە تەواوی بزانن هەر ڕێکییەکی هەتانە، ئەگەر لەژێر دەستوورێکی کۆمەکییدا نەبێ سەرناکەون.
 
٣- ڕێکی گەورە «حکومەت»، ڕێکی بچووک «عەشیرەت» پێویستە. کەوابێ ناشیا بە هیچ بابەتێک کە گەورە لە بچووکان نەبوورن و بە هێزی ژیری و هۆش پەروەردەیان نەکەن.
 
تکا لە گەوران دەکەم کە پێگەیشتوون، نەک لە بچووکان کە ناتێگەیشتوون، تکایان لێ دەکەم بۆ پێ گەیاندنیان زۆری دەوێ وە دەتوانن بیانکەنە هەموو جۆرە نیشانە و سەنگەرێک. وا دیارە ژیانی کۆمەڵی گەورە لە هی بچووکەوە پەیدا دەبێ «تا یەک نەبێ، دوو نابێ». هیوامە لە پێش هەرشتێکدا «کۆیە» بژیا لەگەڵ وڵات، لەلایەکی دوایی کوردستانی شیرین لەژێر دەستوورێکی ڕەنگین.