چین چین لە چەمەن، وا لە ئەو ئاڵاوە خەت و خاڵ
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
204 بینین
چین چین لە چەمەن، وا لە ئەو ئاڵاوە خەت و خاڵ
سەیری کە چ تەرزێ، گەش و تێراوە خەت و خاڵ
تێکەڵا بووە بەم ڕوومەتە، خەمڵاوە خەت و خاڵ
هەر لا کە ئەچی غالییە سووتاوە خەت و خاڵ
ئەو دڵبەرە ئاهو ڕەووشە، هەمسەری کێیە؟
ئەو نازکە گوڵ غونچەدەمە، هۆنەری کێیە؟
ئەو شیرینە ڕوح سووکە، خودا، ڕەهبەری کێیە؟
لەم باخە، کە ئارایشی وا داوە خەت و خاڵ
جارێ بە تەمای کوشتنی من، خەنجەری ئەسوێ
جارێ لە خودا ترسیی و دڵنەرمییە، ئەدوێ
لام واشە بە خوێنی منە، ئەم پەرچەمە ئەڕوێ!
نابینی لە ڕووی شەوقەوە هەستاوە خەت و خاڵ؟!
تینوو، بە نمی ئارەقی سەر پەلکی گوڵانم
برسی، بە دوو یاقووتی لەبی تازە بوتانم
پڕ دەرد و غەم و حەسرەت و هاوار و فوغانم
بەم دوو شتەوە، لەم دڵە تۆراوە خەت و خاڵ
ناگەم بە کەمەر گرتنی ئەو شۆخە لەبیبە
ئەو دڵبەرە، ئەو دینبەرە، ئەو کوردە نەجیبە
هەرچەندە لە من وازی نەهێناوە حەبیبە
بۆ دوژمنییە، ئاگری بەرداوە خەت و خاڵ
قەدری تۆ من ئەیزانم و ئەتهێنمە سەرچاو
ڕۆحم ئەکەمە دۆشەکی نازت، بەدڵ و داو
وا چاکە ڕەقیب لادەی و بگری قەدەحی ناو
نەک وەختێ بڵێی حەیفە پەشۆکاوە خەت و خاڵ
چاندوومە گوڵ و نێرگس و نەسرین و وەنەوشە
هەر ئێکە لە لایێکەوە، پڕ تاف و درەوشە
ڕاجیناسناوی ئەدەبی وەرە ئەم باغە، چ ڕەنگینە بە ورشە
وەک بولبول و قومری، دەمی کێشاوە خەت و خاڵ