ڕەونەقی بەختم، لە چاوی نێرگسی شەهلا ئەچێ
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
201 بینین
ڕەونەقی بەختم، لە چاوی نێرگسی شەهلا ئەچێ
عاجزیی ڕۆژ و شەوم، بەو دڵبەرەی زیبا ئەچێ
نرخی عومرم، نایەتە باس و تەرازووی حیکمەتی
مەرگی سەد ساڵەم بە خەندەی لێوەکەی زوبدا ئەچێ
تام و بۆنی زوڵف و کوڵمە و، غەبغەبە و سینگ و مەمی
کەی بە حۆری و شیر و هەنگوین، کەوسەر و تووبا ئەچێ؟
تا لە ملماڵاوە ڕستەی زوڵف و کاکۆڵی گەشی
شانەیی دڵ شی دەکا، وا زەردوشی باڵا ئەچێ
هەرچی وەک من دڵ بریندار و کولافەی نازتە
چاو بەگریان، بۆ خەڵاتێکی دەمت خێرا ئەچێ
ئەی دەخیلت بم وەرە، چەند دڵکەشە دوو لێوی تۆ
هەر ددانێکت، بە شوعلەی گەوهەری لالا ئەچێ
ئافەرین بۆ ڕەسمی پاکی تۆ، لە دونیا وو لە دین
ڕەونەقی ئیمان و دینم، کەی بە کەس قەت لا ئەچێ؟
دیمەنی پڕ ئارەزووت، تاکوو بە ئاسان دێمەوە
خستمە گیرفانی دڵ، وا گوڵ بە کەشتی با ئەچێ
جوانی و نازت، کە شەڕ ئەفرۆشنە چەرخی نیشات
زامی گۆشەی چاوەکانت، وا بە گژ عیسا ئەچێ
ئەی نموونەی قودرەت و، نووری خوداییت تێکەڵاو
هەر کە تۆ هاتی، خەمی کۆن و نویێم تێکڕا ئەچێ
ئەو کچە نەوبووکمە، ئەم جەژنەیە پیرۆزە لێم
جەژنی بیر و باوەڕم، بەو شۆخی بێ هەمتا ئەچێ
سوێر و تاڵی هیجری ئیمشۆکەت، شەوی پێ کردمەوە
ئەم سبەینەی بەینی هەردوو لام، بە لوتفی خوا ئەچێ
سی دەس و مل، ماچ و بۆن، مێشکی وجوودی پڕ دەکرد
بۆیە نەقدی زەوقەکەم، واپڕ بە دوو دونیا ئەچێ
جێگە گەستەی زوڵفی، کوڵمی عاجزی سوورکردمەوە
نەخشی دەستی قودرەتە، بۆیە بە گژ سیما ئەچێ
بۆ بەراوردی غەم و خۆشی، کە ژیکۆناسناوی ئەدەبی کوشتەیە
چاوە ڕاوێکیش بکا، وەک ئیشی بێ بڕوا ئەچێ