شوانی بێ فەڕ

لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
 1 خولەک  1030 بینین
هاوار ئەکەم بە ڕۆژ و شەو
ئاخ لە دەس شوانی چاو لە خەو
مەڕ بە گورگان خواردو ئەدا
لەو کەژ و چۆڵ و دەشتەدا
بۆ تۆزێ خەو، تۆزێ پشوو
ئاگر بەر ئەداتە پوشوو
گورگ بەر ئەداتە گیانی مەڕ
شوانی وا پاتاڵ و بێ فەڕ
ئەو مێگەلە بزن و مەڕە
قوربانی سایەی سێبەرە
قوربانی توزقاڵێ خەوە
هۆی بە قڕدانی ئەم، ئەوە
داد لەدەس شوانی خۆپەرست
تێر نەخۆر و سک خۆشەویست
تا ڕاوەستابێ ئەو ورگە
کەی ئاگا و هۆشی لای گورگە
هەر شیری تازە نۆش ئەکا
شتی تر فەرامۆش ئەکا
هەر شنەی شەماڵی ئەوێ
هەر سۆزی شمشاڵی شەوێ
هەر بەستە و گۆرانی ئەوێ
هەر گەشت و سەیرانی ئەوێ
هەر ئاوی سەرچاوەی ئەوێ
هەر دەشتی ڕازاوەی ئەوێ
هەر سایەی سێبەری ئەوێ
هەوای دەشت و دەری ئەوێ
شوانێ ڕەوشتی ئاوابێ
دەربەستی مێگەلی نابێ
بەڵام خاوەنی بزن و مەڕ
مل کەچی نابێ تاکوو سەر
خۆی بێ ترس و پەروا ئەکا
شوانی وا هەر ڕسوا ئەکا
مێگەل ئەداتە دەس شوانێ
کەقەدری شوانی بزانێ
ئەیداتە دەست پاسەوانی
خۆی لەسەر مێگەلی دانێ