چەرخت لە منی غەمزەدە کردۆتە نەهاتی
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
227 بینین
چەرخت لە منی غەمزەدە کردۆتە نەهاتی
جارێکی بەسەردانی دڵی خەستە نەهاتی
وا تۆ دەسەڵاتت هەیە، بۆ شاهـ و گەدایان
بۆچی لە هەواخوازیی من بێ دەسەڵاتی؟
جارێکی نەبوو پێکەوە بین، مچ مچ و، دەم دەم
وا دیارە ئەمن دەشتیی و تۆ بوویە قەڵاتی
دەستم کە نەگا دامەنی یاریت بتەکێنم
پێشکێشت ئەکەم بیر و خەیاڵم، بە قەپاتی
هەڵدێن دڕو دەعبا، لە کەلوی گوڵ، کە تۆ هەڵدێی
وەک نانی هەڵاتەم ئەمنیش، تۆ کە هەڵاتی
چەند ساڵە لە ئەم دەرگە دەحەوکێتەوە دیدەم
نەمدی نە وەنەوزێکی، نە سەبری، نە سوباتی
یارم کچە کوردێکە، لە ماڵم کە دەکا ڕاو
ڕاونان و جنێوانم ئەداتێ بە خەڵاتی
جارێ نەبوو، تێری بمژم لێو و دەم و مەم
جاری نەبوو، باوەش کەمە مەیدان و مەزاتی
چەند خشت و خڕ و ناسک و ئاودار و بەسۆزە
چەند خۆشە قسە و خەندە و دیدار و جەماتی
خەڵکی، کە بە پارە دەگرن باخچە بە ساڵان
من ماچی زەمانگیرە گیانم بە سەعاتی
ئەڕوا بە هەوای، هەڵئەوەرێ گوڵ، بە هەموو ڕوو
پاسی سەفەرم بەست و، غەمم خوارد و خەباتی
ئەو دێت و بە من پێ دەکەنێ، دوڕ ئەڕژێنێ
من لەعل و گوڵی ئەشک ئەڕێژم لەجیاتی
پشکۆناسناوی ئەدەبی کە ئەڵێی سووزی دڵی، کوورەیی عیشقە
چی داوە لە تۆفان و لە نووح و لە نەجاتی؟!