ئەی برا! بگری لە دامەن باغی کوردستانەوە
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
175 بینین
ئەی برا! بگری لە دامەن باغی کوردستانەوە
ناژیەی بیخۆی بە کەیف و شەوکەت و سەیرانەوە
سەربەخۆیی مۆرەکەت، شۆرا بە بارانی نیفاق
خۆشیی و زەوق و مورادت، وا بە دەم تۆفانەوە
هەر کەسێ هات و بە نانێ، حاجەتی دێنایە بەر
ئاقیبەت خۆی کردە سوڵتان، هاتە ناو کوردانەوە
بیری خۆی سەرفی ژیان و غیرەتی هۆزی ئەکا
نووکی پەڕگاری ئەسووڕێنێ بەسەر دەورانەوە
هێندە ناشادم لە چەرخی فیتنەگێڕی ئاسمان
هەر ئەبینم ناکەسە، ڕووی دێتە ناو دیوانەوە
نیشتمان پڕ مەعدەن و، میللەت لەبەر بێ جەوهەری
خاکی بێ قیمەت ئەخاتە باخەڵ و گیرفانەوە
ئەم عێراقەی ئێمە چەشنی بەرخی ساوایە لە چۆڵ
گورگی هار بۆی دێتەدەر، هەردەم لە بن پنچکانەوە
پێ بزانە سا عەزیزم، کار و بازاڕت چییە؟
هەم دڵت پیشا بە ئاگر، هەم سەرت تاوانەوە
کورت و کەم بڕوانە خەڵکی، چی ئەکەن، چۆن ئەچنە پێش؟
گیانفیدا بە، ڕووکە سەنعەت، چی ئەکا پاڕانەوە؟
کوێر نەبووی بڕوانە خەڵکی، چۆن ئەنێرێ سەوقیات؟
گاهـ لە لەندەن، گاهـ لە تاران، گاهـ لە هیندستانەوە
کورد و عارەب، هەڵگرن، هەستن بەناوی ئیتتیفاق
سەددی میللەت کەن لە گورزی دوژمنی ئیمانەوە
تو خودا کەی چا وو ڕووت هەڵدێ، لە خاکی پاکی خۆت؟
تۆ کە ئەم گەنجەت بە خۆڕا، خستە ژێر پێیانەوە
ئەی عێراق چاوی سپیم، چەند بێ کەسی، چەند بێ دەری
شار بەدەر بووی، بێ قەباحەت، چوویە ناو زیندانەوە
فیرقە فیرقەی کورد و عارەب، بوونە جەردەی ڕووحی تۆ
جەرگی من سووتا لە تاوت، بەم دڵەی گریانەوە
چاوەنۆڕم هەر وەکوو ڕاجیناسناوی ئەدەبی، لە بیری میللەتم
بێتە ڕوو ڕۆژی سەنایع، لەم کوڕەی میوانەوە