لەسەر شێوەی کۆن

لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
 1 خولەک  2259 بینین
لە وەسفی خۆشەویستیتا زمانی لاڵە هەڵبەستم
ئیتر تۆ پێ بزانی، یا نەزانی، من چ دەربەستم؟
ئەپرسی: بۆ چی جامی دڵ بە نەشئەی بادە مەست نابێ
ئەڵێ: لێوڕێژی بادەی عەشقی تۆم و هەر بە تۆ مەستم
ئەگەر باوەڕ بە من ناکەی وەرە سەیری دەروونم کە
لە دنیای خۆشەویستیتا چ دەریایەکی پڕهەستم
لەبەر سۆزی دڵم دوور و نزیکی بۆ نییە چاوم
خوڕەی دێ ئاوی سەرچاوەی ئەگەر شادم ئەگەر پەستم
جگە لەو یادە شیرینەت، سەرانسەر تاڵە ژینی من
کەچی ئەتوێتەوە خەم، چون لەگەڵ ئەو یادە پەیوەستم
بە تاجی عەشقی تۆوە شام لەناو بەرگی گەداییدا
کە بەندەی تۆم و ئازادەی چەرخ، دیلێکی سەربەستم
بە هیوای ئاوڕێکی تۆیە خۆ هەڵبەستەکانی من
لە ڕێی تەیری نیگایەکتا ئەبێ هێلانە هەڵبەستم