ئەو خونچە دەمەی، مەم کەلەمەی، کوڵمە بەهارە

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  193 بینین
ئەو خونچە دەمەی، مەم کەلەمەی، کوڵمە بەهارە
ئەو سیم تەنەی، دەست بە خەنەی، لالە عوزارە
ئەو موشک مووەی گوڵ ڕووە، ئەو بێچووە غەزالە
کوشتوومی لە هەر لاوە، بەسەد بەند و قەنارە
ئەو باخە یەخەی، هالە ڕوخەی، تازە نیهالە
خستوومییە سەر ئاگری ئەم سەبر و قەرارە
بەم غەمزەیی چاوانە، وەکوو سومبولی گێسووی
بەستوویە دڵی غەمزەدە، بەو قەددە چنارە
بای وەعدە هەناسەم، کە بپشکوێ لەبی خەندەی
بۆ باخی ئەوە، گریەمە ئەو حەوز و کوفارە
ئەمشەو چ دەکا هەوری غەم و ڕێژەنی گریەم؟!
وەک بورجی دەلو و ماسییە، ئەم بڵق و بوخارە
جانا! بەخوا سوێندت ئەدەم، بۆچی هەموو دەم
ڕاجیناسناوی ئەدەبی لە دەری وەسڵی تۆ، پەڕپووت و هەژارە؟