بەم دەردی دڵە، قامەتی داوم لە هەتیتە

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  241 بینین
بەم دەردی دڵە، قامەتی داوم لە هەتیتە
زوڵفی لە برین برژەیی، دەرمان و پڵیتە
وەختی ئەدەب و زەوق، شەرابی لە دوو چاوە
وەختی شەڕ و داوا، دەس و بازوویی جلیتە
وەک شیعەیی عاشوورە، تەنم هێندە کوتاوە
هێندێکی برین، ئیکە ڕەش و، ڕەنگی چویتە
نەبزووتووە دڵ، لەو دەمەوە لاملی گرتووی
ماڵ ماڵی مناڵانەیە، بەردی بنە پیتە
تا بانگم ئەکا مەرگ و، ژمارەی گەلە ئەکرێ
چاوم لە دوای ڕوومەتەکەی سوور و سپیتە
ئەم کوردە وەکوو من، کە شەپرزەی مەی و بەزمە
هۆزێکە، لە ژێر مەرحەمەتی بەرز و نەویتە
گوارەت وەکوو مێلاقە، ترنجت مەمە، لێو مەی
ئەم تک تکەیی ئارەقی سەر سینە، جەویتە
بڕوانە قەدی، هەڵچووە وەک عەرعەر و شمشاد
ئەو جووتە مەمەی سەیر کە، قنج و خڕ و قیتە
ڕاجیناسناوی ئەدەبی! بە خودا چەندی ئەڕێژم لە دڵم خوێن
تەن کەوتەیی باری خەمە، چاوم پڕە لیتە!