دڵم پشکۆ، دەروون تەندوورە قوربان

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  202 بینین
دڵم پشکۆ، دەروون تەندوورە قوربان
هەناسەم سەرد و، تەن مەغموورە قوربان
تەماشا ڕێژەنی خوێناوی چاوم
دەڵێی لێشاوەکەی ناعوورە قوربان
لە دووری تۆ، سبەینان و ئێواران
لەبەر مەددی نەزەر دەیجوورە قوربان
کەرەم فەرموو لە تۆزی ڕێگەت، ئەی دۆست
کە چاوم دوور لە تۆ، بێ نوورە قوربان
دەماغم ڕۆژ و شەو پڕ شۆڕ و جەنگە
دەڵێی هێلانەیی زەنبوورە قوربان
سەر و ڕووت بۆ هەموو کەس بێ حیجابە
چ ڕەحمێکە؟ لەمن مەستوورە قوربان
کە ڕۆژی ڕوویی تۆی پۆشیوە هیندو
گوناهێکە، بە ئەو مەغفوورە قوربان
قوڕی کوێ کەم بەسەر خۆما لە تاوت
دڵم تۆراوە، دایم دوورە قوربان
هەمیشە چاوەنۆڕی دەستی ساقیم
جگەر خشتور و، تەن خاپوورە قوربان
بە ڕاجیناسناوی ئەدەبی ڕوو نما کە و، میهرەبان بە
لە خەندێکی لەبت مەسروورە قوربان