«ناز»

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  199 بینین
لە سایەی خواوە، خوا نانی بڕیوم
لە ئیشوکاری کۆمەڵ، تێ تڕیوم
بە غەم، وا کۆڵەوار و دڵ نەخۆشم
بە وێنەی کاڵەکی بڵ، داتەپیوم
لە دایکم بووم، سەرم هەر دەردەدارە
لە منداڵیوە پیر بووم، داچەمیوم
نە«خونسا»م و نە«مێ»م، نێر بووم لەلای خۆم
کەچی وەک یەختەیی تازەخەسیوم
لەبەر بێ باب و داکی و، دەرکەناری
تەمەن چل ساڵەم و هێشتا هەتیوم
ئەوەی چارەم ببینێ، وەرئەسووڕێ
ئەڵێی دڕکم، لە چاوانی چەقیوم
جەهەندەم پڕ ئەکەم، ڕۆژی قیامەت
لە عالەمدا، کە من داوی بەزیوم
نموونەی سەنگەساری و نالەباری
دیارە، وا لە دوو شانی خزیوم
بە ئەسپێ و کێچ و مێشوولە و هەزارپێ
لە بن باری فەلاکەت، داهەزیوم
ئەوەش عومرە، خوا داوتە بە من تۆ؟
حیسابیشم ئەکەی، ڕۆژی نەدیوم!
جەزای ناخۆشی ئێرەم گەر بدەی، خۆش
پەشێمانی، بڵێ تازەت کڕیوم
کە کاری خۆتە، هەر عەقڵ و نەفامی
هەژاری و دەوڵەتی پێکداسەپیوم
کەسێ گەر هاتە دەرگەت، کەوتە هاوار
دەرت کرد، هەروەکوو گیانی لەقیوم
ڕجا، ئاوی ڕەشی پێدا ڕژاندووم
حەیا، ئێخەی حەیاتی دادڕیوم
ڕیا هات و بە ڕیشی خۆی ڕیاندم
تەما، بەندی تەمامی هەڵکەنیوم
چ سەیرە؟ ڕۆژ و شەو من هەر گریوم
معازەڵڵا، بە بێزی پێکەنیوم
لە خۆشیدا، لەگەڵ خەڵکی چ بۆشم!
لە ناخۆشی، کە هەر خۆم، نۆ وو نیوم
لەسەر گەنجان ئەنوون خەڵکی، هەموو کات
ئەمن هەر وردە بیرە، زێڕ و زیوم
«عوزێرکەس» پێغەمبەرم بیستووە لە قورئان
کە زیندوو کاتەوە ئێسکی ڕزیوم
«خەلیلکەس»یش هەروەکوو من بوو، لە دەس هۆش
هەڵات و کردی ئاوا، شاخ و شیوم
غەڵەت بووم، ئەو کەسێکی دەستدرێژ بوو
ئەمن هەر دەسبڕاو و خۆ نەژیوم
ئیتر ڕاجیناسناوی ئەدەبی، هەتا ماوی بنۆشە
غەم و تاڵاو و ژار و ژان و شیوم