ڕازی بلبلێک

لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
 2 خولەک  1068 بینین
با خاوەنم پارەدار بێ
یەکەم دەولەمەندی شار بێ
جێگەی بەرز و پایەدار بێ
بە دەستەڵات و زۆردار بێ
مادام قەفەز جێگەی منە
ئەو خاوەنەم لا دوژمنە
با سەرمایەی بەکلوور بێ
دەسکەوتی بەبێ سنوور بێ
پشتی بە پارە ئەستوور بێ
لە دەرد و بەڵا بە دوور بێ
مادام قەفەز جێگەی منە
دەریای مەینەتیم بێ بنە
باخەوانم واهەبوو بێ
جێی نووستنم تووکی قوو بێ
خۆراک بەپێی ئارەزوو بێ
دڵ چی ئەوێ زوو بەزوو بێ
مادام قەفەز جێگەی منە
ئەم ژیانەم لا مردنە
باشووڵی قەفەزم زێر بێ
پڕ نیعمەت و خیر و بێر بێ
چەن چاوی بەدی پێ کوێربێ
چەن ملی بوو هەڵە و دێربێ
مادام قەفەز جێگەی منە
تەوقی دیلیم لە گەردنە
بادەنگم تابڵێی خۆش بێ
پڕ لە نەشئە و بە خرۆش بێ
ئاوازی بەرز و بە جۆش بێ
گەشەبەخشی دڵ و هۆش بێ
مادام قەفەز جێگەی منە
ئەو دەنگ و ئاوازەش ونە
باڵدارێکی دەر و دەشتم
فێری ئاهەنگ، فێری گەشتم
چۆلەکەی باخی بەهەشتم
بە سەربەستی و فڕین چەشتم
کەچی قەفەز جێگەی منە
کەی ئەوە کاری کردنە؟!
دیلێکم بەربوونم ئەوێ
لە قەفەز دەرچوونم ئەوێ
زاخاوی دەروونم ئەوێ
گەشتی شەبەیخوونم ئەوێ
گەرچی قەفەز جێگەی منە
دڵ بەو هیوایە ڕۆشنە
ئەی مانگ ئەگەر چی هەوری تاڵ و ڕەش
بۆتە چارشێوی تریفەی تۆی گەش
بەڵام ڕووناکی یادی دێرینت
ناخی دەروونی گرتۆتە باوەش