لە جەرگی تاریکییەوە

لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
 1 خولەک  1001 بینین
سەربەستی ئەتپەرستم
تۆی تاقە خۆشەویستم
تۆی ویردی سەر زوبانم
تۆی ئامانجی ژیانم
تۆی ئایینم، تۆی بڕوام
تۆی ئاواتم، تۆی هیوام
تۆی بیر و هۆش و هەستم
تۆی ئارەزوو و مەبەستم
تۆی قیبلەگای نیازم
بۆ تۆ ئاواتە خوازم
بۆ تۆ بژیم، بۆت بڕۆم
ئۆباڵێکە و لە ئەستۆم
منێکی دیل و یەخسیر
هاودەمی کۆت و زنجیر
کۆتی دەست و دەم و پێم
زڕەی نابڕێ لە گوێم
بە جۆرێکی گووشیبم
تا ئێسکی دابڕیبم
لە زیندانێکی تەنگدا
تاریکی شەوەزەنگدا
بن میچەکەی نەوی بێ
ژێر ڕاخەرم زەوی بێ
خەو زاتی ئەوە ئەکا
خۆی توشی ئەو شوێنەکا
ئەی چۆن ئەبێ زمانم؟
نەڵێ: داخی گرانم
تاقە یەکێکە گیانم
هەر جارێکە ژیانم
تالەم ژیانە زیاتر
لەو تاقە گیانە زیاتر
شاباشی ڕێگەتی کەم
بەفەرشی جێگەتی کەم