لەم قاپییە تا کەی بە هەوا ببمە تەمانێژ؟
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
251 بینین
لەم قاپییە تا کەی بە هەوا ببمە تەمانێژ؟
لەم کووپە خمەی خوێنمە، تاکەی بە دوا چێژ؟
هەر نایەتە هاوارم و ناگا بە وەرامم
لەم سینەیی پڕ شۆرە، نە دڵ ماوە، نە ڕاوێژ
هیچم نییە تا بیخەمە ژێر پێی و بڵێم بێ
وازی لە گەلئاوێژییە، دوو چاوی گەلاوێژ
بەخشیمەوە سەر مەشقی خەتی مەرگی جوانیم
خاڵێکی نیشان دام و دڵی کردمە سەراوێژ
دڵ کوت کوت و تەن پەل پەلە، بەو جینگڵی زوڵفە
ساڕێش و کولن، دەرد و برینم نەبوو ساڕێژ
نەخشین و بەڵەک چاوە، خەواڵوو بە هەموو دەم
سەرخۆشە و ژاکاوە، لە یاریمە دەراوێژ
من بوومە نیشانەی خەفەت و ئاگری ڕووی تۆ
تۆش بوویە مەکۆی تیر و گوللە و قونبولە هاوێژ
دەستم نەگەیی بیخەمە باخەڵت و لەگەڵتا
یاری کەم و بتمژم و سەرەوژوور و سەرەولێژ
ڕاجیناسناوی ئەدەبی، کە لە پەردەی ئەدەبا مەرگی بە تۆدا
ماسی وڕی گێژاوە، دڵی کاسە، سەری گێژ!