ڕوویی بلوورینی تۆ، ڕێکە بە تایی عوزار

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  178 بینین
ڕوویی بلوورینی تۆ، ڕێکە بە تایی عوزار
لامەدە دەگری کە یەک ڕێگە لە سەد چاوەزار
تۆزی ڕەهـ و دامەنم، هەڵئەوەرم دەم بەدەم
وەختی خەرامیدەنت، دەم دەمیش ئەگرم هەوار
سەیری دەماغم مەکەن، وا دەمی غەم چۆتە ڕووی
خوردە کە خۆی ناگرێ، قەت لە دەمی گورگی هار
ڕەسمی حیجابت بەڵێ، مایەیی تاریکییە
بۆ منی سەودازەدە، یا دڵی زار و هەژار
وەعدە لە هەق تێپەڕی، وەختی تەحەممول نەما
کەعبەیی من بۆتە ڕووت، دوژمنی من بووە قەرار
گەردنی مینایی تۆ، لالەیی شەوقی جینان
خەندەیی ئەنواری تۆ، مەعریفەتی کردگار
سوورەتی تۆ بێ میسال، سیرەتی تۆ کافری
حەیفە کە ئەو نیعمەتە، ئەم دڵە کا ڕەنجەبار
خێوەتی زوڵفت مەقام، شەربەتی لێوت دەوام
تا ئەمە خوا ڕایگرێ، بۆچمە کۆشک و تەلار؟
ڕشتەیی ئەشعاری من، مەغزی دوڕ و گەوهەرە
واجیبە ڕاجیناسناوی ئەدەبی لە پێی دڵبەرەکەت کەی نیسار!