لەسەر چاوت، هەموو کار و گەلم بوارد

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  103 بینین
لەسەر چاوت، هەموو کار و گەلم بوارد
ئەوی هەمبوو، هەمووم بەخشی و غەمم خوارد
ئەمە دونیایە، سەد چەرخی ئەگۆڕێ
دە بینۆشە ئەگەر گەرمە و ئەگەر سارد!
کە مارت پێوەدا و، دوبشکە دەرچێ
بزانە مووی دڵی برد و سەری نارد
لە ڕوودا، تەمتومان و خۆڵە پۆتە
بەسەر خۆماکە، بێژاومە وەکوو ئارد
لە دەرکەت نابزووم، ئەی شۆخی عالەم
کە لەت لەت کەن دڵ و جەرگم بە سیکارد
لەسەر ئەم تەختە لووسە و کیسە تەسکە
بە دارم یارییە، وەک تۆپی «بلیارد»
سەر و ماڵ و دڵ و جەرگ و گیانم
ئەوی هەمبوو، لە تۆم دەرخست و نەمشارد
ئەگەر دادم ئەپرسی، دڵ شیفا دە
کە بیستوومە «سەلاحەددین» و «ڕیکارد»
ئەوەندەم عیشقی تۆ خستۆتە دونیا
خەیاڵم بۆتە ڕادیۆ، چەشنی «مۆلارد»
مشووری کار و بازاڕم دەراویشت
هەموو ئیشم بە چاوی ئێوە ئەسپارد
بەڵێ ژیکۆناسناوی ئەدەبی، لە ڕۆژانی ژیانم
سەرەم ڕاگرت و هیچم نوختە نەبوارد!