چاوی پڕ سورمەی بە خوێنی ئێمە هێشتا ڕەش دەکا
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
307 بینین
چاوی پڕ سورمەی بە خوێنی ئێمە هێشتا ڕەش دەکا
یەک برۆی لێک دا، بەسەر دوو زوڵفی گیانم بەش دەکا
هەر کە کۆی کردن خەت و خاڵ و، لەب و دانەی هەنار
بۆ فڕێ، داییم لە کونجی بێکەسی بادەش دەکا
دایشکاند ئەم قامەتە شیرینە، جەبریشی نەکرد
ئێک و شەش، خشتەی بەرانبەر ئێمە ئێک و دەش دەکا
گەر حیسابی بادە کا، چاوی لە نادی نازەوە
ئیددیعایی تورک و فورس و عارەب و ئێمەش دەکا
گەر بە ئاوی گریە ڕۆژ و شەو جەماڵی ئاو بدەم
ئەودەمە چاوی دوو نێرگز، کوڵمی دوو گوڵ گەش دەکا
غەمزە پڕ پێچ و پەنایە و عیشوە پڕ ناز و فریو
وەک تەرازووی زوڵفی لەو خاڵ و خەتانەی غەش دەکا
من، بە هیوای نیوە ماچێکی سەرم خستۆتە ڕێی
ئەو، ئەوا باوێشک ئەدا، یادی دەس و باوەش دەکا
چۆن لە خۆشیدا نەسووتێم و لە ناخۆشی نەژیم
خاڵی ڕووی ڕەش داگەڕاوە و خزمەتی کوورەش دەکا
چونکە دڵبەر ڕووی لە ڕاجیناسناوی ئەدەبی بێکەسە، ئیمڕۆ ڕەقیب
دەم ئەقووچێنێ و ئەقۆخێ، چاوی پشتی بەش دەکا!